ڕای من لەسەر شەڕەکان و توندوتیژییەکان تەنیا ئاشتی و ناتوندوتیژییەو جگە لەو دووانە لە هیچ کات و شوێن و دۆخێکدا، بڕوام بە خیارێکی تر نەماوە.
وەلێ ئەگەر قسە لە شەڕبێت، ئەوەی لە منبەج کرا، لە ڕەهەندی تەکتیک و خۆپارێزییەوە، هەنگاوە دروستەکەیەو زۆر باشترە لە شەڕی خۆتڕێن و کاولکاریی.
بەڵام بە ڕای من نا بە مەنتقی چەک و شۆڕشگێڕی و جوداخوازیی، ڕۆژئاوا بکەوێتە دەست تورکیا باشترە!
لەلایەک چونکە گەڕانەوە بۆ سوریا گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفرو سەت ساڵ لەمەوپێش و بۆ ئەو دۆخەی کە ئەم ناوچەیە شکڵی لەسەر گرتووەو کورد بە دڵی نیە. لەلایەکیش بۆ ئەوەی تێبگەین، شەڕ لەگەڵ کێ بکەین و کێ دوژمنەو کێ شۆڕشگێرە!
ئەمری واقع بە دەوڵەتی بە هێزی وەکو ئیسرائیل دروستئەکرێ کە جۆلانی داگیرکردوە، بە دەوڵەتی بەهێزی وەکو تورکیا دروستئەکرێ کە قوبروسی داگیرکردەوە.. واقعی چوارپارچەیی ئێمەش بە ئێمەی نادەوڵەتی دەرەوەی سیستەمی جیهانی دەسکاریی ناکرێ، بە دەوڵەتە بەهێزەکان و خودی سیستەمی جیهانیی دەسکاریی ئەکرێ.
جا نەک هەر ڕۆژئاوا، باشورو ڕۆژهەڵاتیش هەر هەمووی یەکجار بکەوێتە دەسی تورکیا یان ئێران، بۆ ئێمەی کورد قازانجە، بۆ ئەوەی لەم هەژدیها چوار سەرە نەجاتمان ببێ!!
ئەوکات شەڕ لەگەڵ یەک دەوڵەت ئەکەین، بە دابەشکردنە تەقلیدییەکەش ئەبین بە دوو بەشی باش و جاش، بەشێکی شۆڕشگێڕ کە دژی دەوڵەتەو بەشێکی جاش کە لەگەڵ دەوڵەتایە.. ئەگەرچی لەگەڵ شەڕا نیم، بەڵام شەڕکردن لەگەڵ یەک دەوڵەت بڕێک ماقوڵترەو بەرچاو ڕوونترە.
وەلێ شەڕکردن لەگەڵ چوار دەوڵەت، لەگەڵ ئەمیان بە پشتی ئەو، لەگەڵ ئەویان بە پشتی ئەم (کە هەرچواریشیان دوژمن بن)، ، ئیتر شتەکە ڕێک بەرهەمهێنانی تەسلیمبونە بە خودی بەرگریی! ڕێک بەرهەمهێنانی جاشە بە خودی شۆڕش!
مەبەستیشم ئەو جاشە نیە کە دژی شۆڕشگێڕەکان ئەداتە پاڵ ڕژێم، مەبەستم خودی شۆڕشگێڕەکەیە کە بە خۆشی خۆی بێت یان بە ناچاریی پشتی بە دوژمنێک بەستووە!
یەعنی لە دۆخی چوارپارچەییدا، قەدەری شۆڕش بۆ ئێمە هەر جاشێتییە بۆیە نابێ بیکەین!
لە شەڕی چواردەوڵەتدا پیاو هەر سەری لێتێکئەچی و نازانێ کێ دوژمنەو کێ شۆڕگێڕەو کێ جاشە، چونکە شۆڕشگێرەکە دوو ڕەهەندەو تەنیا لە یەکێکیانەوە شۆشگێرە، لە بوعدەکەی ترەوە سەیریکەیت جاشە!!
شەڕی دەوڵەت بۆ کاراکتەری نادەوڵەت قورس و شبهە موستەحیلە، ئەمە زەڕبی چواری بکەیت ئیتر ناکرێ، ئێمە کەرین کە کردومانە! ئاخر شۆڕش بۆ ئێمە شتێکە (کە لە زاتی خۆیدا نەک لە کاردانەوەدا) جاش دروست ئەکا، ئەمە کوێ ی شۆڕشە؟
مۆدێلی چەک و شۆڕشی چەکداریی، مۆدێلی (پارتی و یەکێتی و #پەکەکە#و کۆمەڵەو دیموکرات..) ئەمانە تا زوو بیانخەینە زبڵدانەوە درەنگە، وانەکەین ئەوان بە خۆیانەوە ئەمانخەنە زبڵدانەوە!
چونکە ئەم مۆدێلە خۆشی باش بێت دنیاکە خراپی ئەکات، خۆی خراپبێ ئەبێ بە دەسکەلای ئەمو ئەو، باشیشبێ دنیاکە ئەیکا بە تۆپی بەر قاچی ئەمو ئەو!
بۆ تۆش هیچ فەرقی نیەو بە دەستەوەبن یان بە قاچ، هەردوکی هەر مەکینەی بە کوشتدان و کاولکاری و ماڵوێرانییە.
گرنگە کورد لە هەر چوار دەوڵەتەکەدا بەلای لەتە نانێک و لەتە زمانێکەوە دانیشێ، تا ئەم دنیایە خۆی شتێ لە خۆی ئەکات، تا ئەم دەوڵەتانە خۆیان شتێک لە خۆیان ئەکەن! ئاخر کورد ناتوانێ هیچ لەوان بکات بەڵام ئەتوانێ غەزەب و بەڵای زیاتری ئەوان بۆ سەر خۆی بهێنێ، دەی نەیهێنێ و کەمیکاتەوە باشترە!
ئەو چەکەی کە کورد هەڵیئەگرێت، هەرئەونە بۆ خۆیەتی کە ئەوانیتر ئیشیان پێی نیە، هەرکات ئیشیان پێی بێت ئەبێ بە چەکی ئەوان، بۆیە نابێ هەڵیگرین.
گرنگە کورد لەوە تێبگات، بەبێ چەک ئەتوانێ جاش نەبێت، بەڵام بە چەکەوە هۆکاری خودییش نەبێ، جەبرێکی جیهانی هەر ئەیکا بە جاش!
جاشێتیش هەر فۆڕمە قێزەونەکەی 31ی ئاب و 16ی ئۆکتۆبەرنیە، (ئەوەشی کە لەوپەڕی دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەرییدا، بە چەکەوە هەر مەحکومیت بە تەسلیمبوون بە ئیرادەی ئەوانیتر) ئەوەش هەر قووڵکردنەوەی جاشێتییە ئەگەرچی نیەتیش پاکە!!
(بەرگری بە مانای خۆپاراستن و مانەوە، لە چەکداناندایە نەک لە چەکهەڵگرتن) کورد لەمە تێنەگات زنجیرەی جینۆسایدو ماڵوێرانییەکەی سەدەی پێشووی، سەدەیەکی تریش بەردەوام ئەبێت.
لەو کاتەدا کە پاڵەوان خۆی باوەڕی بە پاڵەوانێتی لەقبووەو ئەمەی ئەمڕۆی منبەج لەوەی دوێنێ ی #عەفرین# بە باشتر ئەزانێ، ، گرنگە ئەمە ببێتە هۆشیاریی گشتیی و هەموومان زەمەنی پاڵەوان تێپەڕێنین و چیتر شیعرو شانامەیان تیا خەسارنەکەین! چونکە پاڵەوان لە ڕاستترین پێناسەداو بۆ ئێمە، هەر ئەوەیە کە ماڵوێرانمان ئەکاو هیچی تر[1].