دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، زیاتر لە 73٪ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆوە ڕوبەڕووی کێشەی ئابووریی بوونەتەوە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕاپرسییەکی لەبارەی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکردووەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە، زۆرینەی بەشداربووان دانیشتووی #هەولێر#ن، هەروەها 30.3٪ی بەشداربووان ژنن و 69.7٪ پیاون.
بەپێی ئەو ئانجامەی خراوەتەڕوو، بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، 41.8٪ی هاوڵاتیان ڕوبەڕووی بێکاریی بوونەتەوەو و 73.4٪ ی هاوڵاتیان کێشەی ئابوورییان بۆ دروست بووە.
هەروەها، 28.6٪ ی هاوڵاتیان ڕوبەڕووی کێشەی تەندروستی بوونەتەوە، 25.7٪ یش کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانییان بۆ دروستبووە، 24.4٪یش کێشەی پەروەردەییان بۆ دروستبووە.
دەرئەنجامەکانی ڕاپرسییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لەبارەی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەباشووری کوردستان 2020
|
|
|
|
هەر بە پێی ڕاِپرسیەکە 91%ی هاوڵاتیان پێیان باشە بۆ خۆ پارێزیی لە کۆرۆنا، قەدەغەی هاتوچۆ درێژبکرێتەوە و 67.8٪ی بەشداربووانیش نازانن تووشی ئەو ڤایرۆسە دەبن یاخود نا.
ڕاپرسییەکە ئاشکرای کردووە، 33.4٪ی بەشداربوون دووچاری دڵەڕاوکێ و ترس بوون، 67.4٪ی هاوڵاتیانیش پابەندی ڕینماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بوون، 62.4٪ی هاوڵاتیانیش لە ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕازین کە گرتویەتیەبەر بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لە ڕۆژی 14ی ئەم مانگەوە حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک ڕێکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێکردو دواتریش قەدەغەی هاتووچۆی گشتیی بەدواوە هات.
بەپێی دوایین ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی توشبووان گەیشتووەتە 91 حاڵەت و دوو گیانلەدەستدان.[1]
#24-03-2020#