پیشەی ڕۆژنامەنووسی و بواری میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم لەم هەلومەرجەدا دەتوانێت ڕۆڵی گرنگتر و کاریگەرتر ببینێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و بنیادنانی حکومڕانییەکی باشتر، کە لە ئاست پێویستی و داخوازی کۆمەڵانی خەڵک بێت.
لە هەمووکات زیاتر پێویستمان بەمیدیای بەرپرسیار و ئازادە کە لەپاڵ ئەرکە پیشەییەکەیان، چاودێرێکی ورد و بەویژدانی هەموو کایەکانی ژیان بن و هاوکارو پشتیوان بن بۆ بنیادنانی کوردستانێکی نوێ و ئاوەدانتر.
ئیتر کاتی ئەوەیە بەفعلی هاوکاری ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران بین و زەمینەی لەبارتر بۆ پیشەکەیان بڕەخسێنین و کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم ئازادی ڕادەربڕین نەهێڵین، بۆئەوەی ئیتر میدیای کوردی ڕێگای ڕۆشنتر و فراوانتربێت بۆ گەیاندنی پەیامێک کە ڕاستگۆیی و بابەتی بوون و پیشەیی بوون زیاتر بەجەستەبکات و ڕۆژنامەنووسانیش بوێرانە لەخزمەت پیشەکەیاندا پەیامی خۆیان بگەیەنن.
لەیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، هەمووان دەبێت ئەو ڕاستییە تەئکیدبکەینەوە، کە نابێت میدیای سەربەخۆ بقۆزرێتەوە بۆ لێدان لە هەر لایەنێک بە مەبەستێکی سیاسی و بەبێ بەدواداچوون و بنکۆڵکارییەک.
ناکرێت ڕۆژنامەنووسێک بەناوی ڕۆژنامەوانی سەربەخۆوە هێرش بکاتە سەر لایەنێک بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی هەبێت.
میدیای ئازاد ئەبێت بەرپرسیاربێت بەرامبەر پەیامە میدیایی و پیشەییەکەی چونکە دواجار ڕایگشتی دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرهەمی ڕۆژنامەنووسانەوە.
بەو هیوایەی یادی ڕۆژنامەگەری کوردی یادێک بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی سیاسەتی میدیای کوردی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ڕۆژنامەنووسان، چونکە تا بەتەواوی هاوکارو پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان و میدیای ئازاد نەبین ناتوانین کاروانی چاکسازی و پێشخستنی ئەزموونەکەمان و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە حکومڕانیدا بکەین، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش پشتیوان و داکۆکیکارێکی سەرسەختتان دەبم.
یادی ڕۆژنامەگەریتان پیرۆز و هەرشادو تەندروست بن
#بافڵ تاڵەبانی#
هاوسەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
#22-04-2020#