د. #ڕێواز فایەق، # سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم هێرشە ناڕەوایە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە گەورەیە مەحکوم و شەرمەزار دەکەین. زۆر بە داخەوە کە گەلەکەمان ساڵانە بە درێژایی هاتنی مانگەکانی ئازار و نیسان، مۆتەکەی یاد و بیرەوەری لەدەستدانی ئازیزانیان لێیان جیانابێتەوە، ئەمەش مایەی ئازارێکی قووڵە بۆ کوردستانیان کە بیرەوەری تاڵی مەرگەساتەکان تێکەڵ بە شادییەکانیان دەبێت.
بۆردوومانی شاری شیرینی #قەڵادزێ# لە 24-04-1974 جگە لەوەی بەشێکە لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی میللەتەکەمان، هاوکات هەوڵێکیش بوو بۆ لەناوبردنی توانا مرۆیی و زانستییەکانی گەلەکەمان بەوەی زانکۆ و مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکە یەکێک بوو لە ئامانجەکانی بۆردوومانەکە. هەر بۆیەش بە ئیرادە و ورەبەرزی خەڵکی دەڤەری پشدەر و بیتوێن، لە ساڵڕۆژی بۆردوومانی شارەکەدا جارێکی دیکە لە ساڵی 1982 لە خۆپیشاندانێکی جەماوەریدا گوزارشتیان لەو ورەبەرزییە کرد و تێیدا دەیان تێکۆشەری گەلەکەمان شەهید و بریندار بوون.
لێرەدا ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەر کردنە، کاریگەریی و لێکەوتە کاولکارییەکانی ئەم پەلامارە هێشتا بەسەر دەڤەرەکەدا زاڵە و ئازار و ناسۆری ڕووداوە تراژیدییەکانی بۆردوومانی ئەم شارە لە نەست و بیرەوەری خەڵکی ناوچەکەدا بوونی هەیە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەکمان ئەرکی ڕاستکردنەوەی ئەم زەبرە قورسە لەگەڵ هاووڵاتیانی دەڤەرەکە لە ئەستۆ بگرین، و چی لە تواناماندایە درێغی نەکەین لە کۆمەکی کردن، و پاڵپشتی بونیادنانەوەی ژێرخانی سێکتەرە جیاوازەکانی ئەم پانتاییە جوگرافیە، کە بەداخەوە بە بەراورد بە قوربانیدانی دانیشتووانەکەی گەشەیەکی ئەوتۆی نەکردووە. لەیادی تۆپبارانی قەڵادزێ نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی بۆردومانی قەڵادزێ و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.