سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کورستان بە ژمارە 1961 کە لە 2020/10/15، مینحەی زیندانیانی سیاسی، ئەوانەی 10 ساڵیان تەواو کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی بژێوی ژیان و گوزەرانی زیندانییانی سیاسی، پێدانی مینحەکانیان بە مەرج بەردەوامی دەبێت.
خەرجکردنی بەردەوامبوونی مینحەی زیندانیانی سیاسی دوای 10 ساڵیش بەردەوام دەبێت بۆ ئەوانەی هیچ مووچەیەکی دیکەیان نییە. بە مەرجێک دواتر لەلایەن وەزارەتی کاروباروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان وردبینی لە لیستەکانیان بکرێت، زیاتر لە 800 کەسیان لەو فەرمانە سوودمەند دەبن.
پرۆسەکە بەپێی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسیی ژمارە 11ی ساڵی 2011 لە هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەوانەی دوو مینحە لە حکومەت وەردەگرن سەرپشک دەکرێن لەوەی یەکێکیان هەڵبژێرن و ئەوەی دیکەیان دەبڕدرێت.
ئێستا پێنج هەزار و 157 کەس کە بۆ ماوەی 10 ساڵ مینحەیان پێدەدرا، بەپێی یاسای تایبەت بە زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مینحەکانیان وەستاوە. دوای پرۆسەی بایۆمەتری و پاککردنەوەی لیستەکان ئەوانەی دوو مووچە وەردەگرن، پرۆسەی دابەشکردنی مینحەکانیان دەست پێدەکاتەوە.
لەو پێنج هەزار و 157 زیندانی سیاسییە ڕێژەیەک لەوانە سوودمەند دەبن. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت فۆرمێک لە وەزارەتی شەهیدان پڕبکەنەوە.
هەروەها هەزار و 534 زیندانی سیاسی کە لە ساڵی 2011وە مووچەیان وەرگرتووە تاوەکو مانگی سێی ساڵی 2021 مینحەکانیان بەردەوام دەبێت. ئەوانە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا پێداچوونەوە بە لیستی ناوەکانیاندا دەکرێت.