- جەماوەری دڵسۆز و وڵاتپارێزی کوردستان.
- کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی #هەڵەبجە# و کوردستان.
سی و سێ ساڵ بەر لەئەمڕۆ؛ لەرۆژی 16/3/1988، ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پرۆسەی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان بە بەرچاوی هەموو دونیا زۆر دڕندانە شاری هەڵەبجەی کیمیابارانکردو لە ئەنجامدا زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی سڤیلی شاری هەڵەبجە شەهید بوون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریش ئاوارەی سەرسنوورەکان بوون.
کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە؛ تاوانێکی گەورەی جەرگبڕ بوو، هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ بەکارهێنانی گازی کیمیایی لە دژی خەڵکی سڤیلی شاری هەڵەبجە جگە لەوەی کە هەڵەبجەییەکان کوردبوون، ڕژێمی بەعسی ئەوسای عێراق ئەو کۆمەڵکوژییەی بە بەرچاوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامداو، شارێکی بەتەواوی نوقمی کیمیایی کرد، لەم کاتەشدا هیچ دەوڵەت و ڕێکخراوێک بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیە دەنگیان هەڵنەبڕی و هەڵوێستیان وەرنەگرت، بۆیە پێویستە هەموو ئەم دەوڵەت و کۆمپانیایانەی کە لەوکاتەدا هاوکاری ڕژێمی بەعسیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەم گازە ژەهراوییە قەدەغەکراوانە لە دادگای نێودەوڵەتی دادگایی بکرێن و قەرەبووش بە زیانلێکەوتووانی هەڵەبجە بدەن.
تائێستاش بەرکەوتووانی گازی کیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە بەدەست نەخۆشی و شوێنەواری ئه و گازەوە دەناڵێنن و ژیان و باری تەندروستییان لەمەترسیدایە، بۆیە پێویستە حکومەتی کوردستان و عێراق لەرێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگی زیاتر بە شارەکە بدەن، بەتایبەت چارەسەرکردن و پاککردنەوەی شوێنەواری گازی کیمیایی لەسەر ژینگەی هەڵەبجە و دەوروبەری، هەروەها ئەو بریندارانەی کە تا ئێستا لە دەست ئازاری نەخۆشییەکانیان دەناڵێنن، بنێردرێنە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی چارەسەرکردنی یەکجارەکیان، لەهەمان کاتدا کێشە ئیداری و خزمەتگوزارییەکانی ئەم شارە چارەسەر بکەن و لەسەر حکومەتی عێراقیش پێویستە کە تەواوی زیانلێکەوتووانی گازی کیمیایی قەرەبوو بکاتەوە.
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK ؛ لە ساڵیادی کیمابارانکردنی هەڵەبجەدا بۆ شادکردنی گیانی شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی کوردستان، داوا لە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین کەوا ناکۆکی و ململانێ حزبییەکانیان بخەنە لاوەو ڕەچاوی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی بکەن و کاربکەن بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی، لەبەرئەوەی یەکڕیزی و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکە بۆ خۆپارێزی و لەناوبردنی پیلانە گڵاوەکانی دوژمنان و ناحەزانی کوردستان.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی ڕێی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.
مەکتەبی سیاسيی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
25ی ڕەشەمێی 2720ی کوردی
16ی ئاداری 2021ی زایینی