دەزگیرانم
دەزگیرانی بەجێماوی ژوانی چۆڵم
بەنەشتەری
بیری نائازادم کێوی
بێستونت بۆ هەڵ دەکۆڵم
دەزگیرانی وەک خۆم بەدبەخت و کڵۆڵم
لە دەفتەری
دیوانی دێوانەی شەمی ئەم سەردەمە
هەر چیت بۆ بنوسرێ کەمە
بۆیە تێشووی هەموو تەمەن
بۆ مەلی خۆشخوانی چەمەن
لەبەر تۆ ئەبەستمە کۆڵم
دەزگیرانی پەری خەونی شەوان ڕازاوەی سەر قۆڵم
دڵ ژان ئەکا
چوون ئارەزووی جارێکی تری ژوان ئەکا،
چاو ئەبینێ، گوێ ئەبیستێ و لووت بۆن ئەکا
هەست و هۆشم
دیسان داوای گێڕانەوەی شریتی عومری کۆن ئەکا
ئەوەی لە ناخما ئەبزوێ
نانوسرێ بە دەستی کۆڵم
ئەمەوێ بە ووشەی ڕەنگین
ووشەی وورشەداری سەنگین
ڕازاوە و پڕ واتای بەتین
یەک دوو دێڕ شیعرت بۆ دانێم
خەم و ترسی،
ژووری سێدارە وەلا نێم
ڕووی خەیاڵم بکەمە تۆ
بێمە گفتوگۆ خۆ بە خۆ
بڵێم دە سوێندم بۆ بخۆ
کە هێلانەی دڵی کەیلت
بە تەنیا هەر منی تێدام
بۆ نازانی ؟!
چەند لە دوای ئەو سوێندە گەڕام
بەڵام شەرمی چاوی نەرمت
نەیهێشت تێ بگەم لە هەستی
دەروونی بە کوڵ و گەرمت
نەدرکا ئەو ڕازە لەلام
نەیهێشت بەو ڕازە زاخاوێ بەو
دڵی کۆیلەم بدەمەوە
هێندەی لە تۆ پاڕامەوە...
نەت ووت بو هەر
گرێ ی شەرمم بکەمەوە
نەت ووت تا سەر
بەسەر نەبا شەوگارانی بە خەمەوە
من دێوانەم
تۆ ئەو شەمەی
کە کۆیلەی پەیوەندی باوی ئەم سەردەمەی
من دیلی تۆ
تۆ گیرۆدەی دەستی منی
من سەربەستم
تۆ ژێر دەستەی و شەرمنی
ئەوەندی ئازار ئەچێژی
ئەوەندەی ئەسرین ئەڕێژی
ئەوەندەی ئازارت نۆشی
منت بێ بەش کرد لە خۆشی
تۆ لەبەر ئازاری شەرم
من لەبەر ئەوینی گەرم
تۆ لەبەر داب و نەریتی کوردەواری
من لەبەر زیندانی تەنگ و چوار دیواری
خوێن دەچۆڕێ لە جگەرم
من ماڵئاوا لە تۆ و لەخەم
بەڵام بڕوات هەبێ بڕوا !!!
ئەوینت بەر نادەم تاهەم
منیش بۆیە لاوانەوەم لەگەڵ تۆیە
ڕاز و نیازم خۆ بە خۆیە
پەیمانیش ناشکێنم تا هەم
تا ئەوینم
ڕۆمانێک دێنێتە بەرهەم
موسڵ
بەشی سێدارە
#15-07-1979#