بابەت: وتار
نووسین؛ هێژا عەباس
پێنا باسۆچ کۆریۆگرافەرێکی ئاڵمانی بوو، لەنێو کەسانی داهێنەر و جوانبیندا گەلێک خۆشەویست و لە دڵدا شیرین بوو، ئافرەتێک، بەرد و ئاو و ئاسمان و زەوی و شەقام و شانۆی لە سەمادا ئاوێتە ئەکرد. ڤیم ڤێندەز، دەرهێنەری ئاڵمانی، دەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە پێی سەرسام بوون، سەرەتا ….. ویستی فیلمێک لەسەر ژیانی پێنا باسۆچ درووست بکا، بەڵام لەو دەمەدا وا دەرکەوت کە پێنا نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە، هەرچەندە لەنێو ململانێیەکی سەختدا بوو، بەڵام دواجار، ماوەیەکی کەم پێش وێنەگرتن، پێنا ڕادەستی مەرگ بوو، وە لێرەدا تەنها ئەوکەسانە ئەتوانن لە ئازاری ڤێم ڤێندەز تێبگەن، کە ئەندێشەیان تەنها لە وێنەی جوڵاودا بەرجەستە ئەکرێ، قەراردرا دیکۆمێنتارییەک درووست بکرێ لەسەر ژیانی پێنا باسۆچ، بەڵام دیسان ئەمەش گەلێک زەحمەت بوو، چوونکە تەنها کۆمەڵە گرتەیەکی کەم و کورت هەیە، کە پێنا تێدا دەرکەوتووە و بۆ چاوی کامێرایەک ئەدوێ، ئیدی هەموو ئەو دەرکەوتنەکانیتری لەسەر تەختەی شانۆ بوو، لێرەدا، ئەندێشە داهێنەرانەکەی ڤێم ڤێندەز وایکرد کارەکانی دوا بخات تا ساڵی 2011، تا تەکنیکی 3D(سێ ڕەهەندی) پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینی، وە ڤێندەز زۆر داهێنەرانە ئەو تەکنیکەی بەکارهێنا، زۆریش لەسەری دوا، وەکو هەریەک لە سکۆرسیزی و هێرزۆگ، سپیڵبێرگیش کە بەکاریانهێناوە، تەکنیکی 3D بەشێوەیەکی بینراو بۆ دراماتیزەکردنی مەودای نێوان ئەکتەرەکان بەکاردەهێنێ، بێگومان ئەمەش لە ڕێگەی کرێنەوە، هەر بۆیە گۆشەنیگای ئێمە وەکو بینەر هەمان گۆشە نیگایی ئەو کەسانە نییە کە لەنێو ئامادەبووانن، بەڵکو گۆشەنیگای ئێمە وەکو گۆشەنیگای دەرهێنەری کۆرێۆگرافیەکەی لەکاتی پڕۆڤەدا، واتا ئێمە خۆمان لەسەر تەختەی شانۆکەداین، وە ئەمە گەر بە چاویلکەی 3D زیاتر هەستی پێ ئەکرێ، وە دووبارە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە: دیمەنی سەما لەسەر تەختەی شانۆ، هەمیشە لە گۆشەیەکەوە گیراوە، بەو واتایە سوبژە لە چوارچێوەی فرەیم ئەبینرێ لە گۆشەنیگایەکەوە، کە گۆشەنیگایی ئامادەبووانە، بەڵام بەکارهێنانی تەکنیکی 3D ئەو گۆشەنیگایەی گۆڕی، دووبارە ئەگەڕێینەوە سەر ئەو پنتە، پێنا باسۆچ کۆچی دوای کردووە، وە دەرکەوتنێکی کەمی هەیە کە یارمەتیدەربێ بۆ درووستکردنی دیکۆمێنتارییەکە، بەڵام خۆشبەختانە، هەموو ئەو کەسانەی هاوەڵی پێنا بوون، بە هەمان وزە و گوڕ و تین لەژیاندا ماون، ڤێندەز هەوڵەدا لە ڕێگەی سەماکردنەوە پەیوەندی ئەوان بەیەکەوە گرێ بدا، ئێمە ئەوان نابینین قسەبکەن، سەما ئەکەن، بۆیە ڤێندەز مامەڵەیەکی زۆر باش لەگەڵ ئەمەدا دەئەکات، بۆ دانانی دەنگی سوبژەکان بەبێ ئامادەبوونی جەستەیی، واتا لێرەدا گوێمان لە دەنگی سوبژەیە، بەڵام خوودی سوبژە پاسیڤە، یان ڕوونتر لەجیاتی ئەوەی بەرەوڕووی کامێرادا قسەبکەن، بەجۆرێک قسە ئەکەن تاڕادەیەک voice over ئەچێ، وە نموونەی دیاری ئەم تەکنیکە، لە (ئامێری پرتەقاڵی 1972)ی ستانلی کوبریک زۆر ئەبینرێ، بەڵام ئەمە voice over نییە، بەڵکو بە جۆرێک، وەکو ئەوەی کەسێک لەکاتی بیرکردنەوەدا، کە بێدەنگە، گوێت لە دەنگی بیرکردنەوەی بێ، گوێت لە وشەکانی ناخی بێ، ئەمەش لەکاتێکدا کە لە فرەیمی کامێرادا سوبژە پاسڤە، ئەوەی من لەنێو دیکۆمێنتاریەکە بینیم، چوار پارچە کۆریۆگرافی تەواو نەکراوە، کە هیچیان لە سەرەتاوە تا کۆتایی نییە، بەڵکو ئاوێتەکراون بەیەکەوە، لەنێو ئەوانەدا، تایبەترینیان بەلای منەوە، کە تا کاتی ئەو دیمەنە هەستم نەکرد ئەمە دیکۆمێنتاری بێ، کۆریۆگرافی “کافێ موولەر”ە کا پێنا ڕۆڵی سەرەکی تێدا ئەبینێ، “کافێ موولەر” قاوەخانەیەکە دوو ئافرەت بە جلی سپییەوە، لەگەڵ پیاوێکدا، تێیدا سەما ئەکەن، بەڵام نابینان، کەسێک بە قاتێکی ڕەشەوە، لەکاتی سەماکردنی ئەواندا، بەو پەڕی پەرتەوازەییەوە کورسی و مێزەکان لا ئەبا، نەکا ئەوان بەر شتێک بکەون و ئازاری خۆیان بدەن، لەوکاتەدا ئەو وتەیەی نیچەم بیرکەوتەوە کە ئێژێ (من تەنها بڕوام بە خودایەکە کە سەما بزانێ)، لێرەدا خوداکان سەما ئەکەن، کە خودایش سەمای کرد، ژیان ڕێک ئەبێتەوە، یان سەمایەک لە ناڕێکیدا، ژیان ڕێک و پێک ئەکاتەوە، “کافێ موولەر” تێکەڵەیەک لە شانۆی ئەبستراکت و کۆریۆگرافی، یەکێک لە ئافرەتەکان لە باوەشی پیاوێکدا خۆی ئەبینێتەوە ئەبن بە دوانەیەک، لەوکاتەدا کەسێک لە جلێکی تاریکدا دێت و بە هێواشی، میکانیکی ئانیشک و قۆڵیان ڕێکدەخات بۆ ئەوەی ماچی یەک بکەن، جەستەکانیان وەکو پەیکەرێک، ناجووڵێت، لێوەکانیان لەبەرامبەر یەکتردا بۆ ساتێک پشووئەدەن، وە بەدانانی ژنەکە لە باوەشی پیاوی یەکەم(سەماکار)، بازنەکە تەواو دەبێت، پیاوە تاریکەکە ئەڕوا، بەڵام ژنەکە دەکەوێت و بە بازدانێکی خێرا و سوڕانەوە بۆلای پیاوی یەکەم، دەوەستێت و قۆڵەکانی بەدەوری ملی هاوبەشەکەیدا گرێدەدات، دووبارە پیاوە تاریکەکە دەردەکەوێت و هەمان بازنە دووبارە ئەبێتەوە، دەکەوێت و دووبارە باوەش بە هاوبەشەکەیدا دەکاتەوە، وە ئەم زنجیرەیە بریتییە لە هێز و هیوا و متمانە و خۆشەویستی، هەردووانەکە دوو لاشەی کۆنتڕۆڵکراو و وەکو موگناتیس ئەگەڕینەوە لای یەک، تا ئەگاتە ئەوەی پیاوە تاریکەکە بازنەکە بەجێدەهێلێ، بەڵام دووانەکە لە زنجیرەکە بەردەوامن، بەڵام ئەمجارە بەبێ هیوا، وە من ئەم بازنەیە وەکو جادوویەک لە نێو هونەردا وەسف ئەکەم.
کۆریۆگرافییەکە لە سێ کەسی سەرەکی پێک هاتووە (دوو ژن و پیاوێک)، کە لەلایەن سێ کەسیترەوە هەستەکانیان ئەشێوێنرێ (دوو پیاو و ژنێک)، ئەمەش ئەگەڕ
ێتەوە سەر ئەوەی کە ئەو قاوەخانەیە لە ژێر باروودۆخێکی سایکۆلۆجی ناهەموار دایە، کۆریۆگرافیەکە بەردەوام ئەم جیهانە نامۆیە درووست دەکاتەوە، بە بابەتی دووبارە بوونەوە و نائومێد بوون و هەڵهاتنی جەستە و ڕۆح، دواتر ….. دووان لە کارەکتەرەکان یەکترئەگرن و بە توندی یەکتر ئەکێشن بە دیواری کافێکەدا، وەکو جۆرێک لە توندووتیژی بێهوودە، ئەو بنەمایەی کۆریۆگرافی ”کافێ موولەر”ی لەسەر بەندە، بەشێوەیەک ڕەگی لە شتەکاندا کوتاوە، جۆرێکە لە (بەسەرچوو) هەیە بەسەر شتەکاندا، هەندێک کورسی، مێز و چاکەت، پێڵاوی پاژنە بەرز، وە سوڕی دەوران وەکو خۆیەتی، بەڵام پەیوەندییەکان لەگەڵیەکتردا ئاڵۆزن، لە نێو ئاگایی و نائاگییدا جیاوازییەکانی خۆیان لەدەست دەدەن، ئەم خۆلەدەستدانە (بەسەرچوو)ییە.
[1]
کوردیپیدیا مسئولیتی در قبال محتویات این مطلب ندارد و صاحب آن مسئول است. کوردیپیدیا آن را برای اهداف آرشیوی ضبط کرده است.
این مقاله بە زبان (کوردیی ناوەڕاست) نوشته شده است، برای باز کردن آیتم به زبان اصلی! بر روی آیکون
کلیک کنید.
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
این مقاله 2,625 بار مشاهده شده است
نظر خود را در مورد این مقاله بنویسید!