تۆمارێکی دەنگیی نایابی ساڵی 1962 ی بەیتخوانێکی تەمەن 70 ساڵەی ناوچەی #موکریان# لە #مەهاباد# (#حاجی حەمەدەڕەش#).
یەککێک بووە لە باشترین حەیرانبێژ و بەیتخوانە هەرە نایابەکانی ناوچەی موکریان ئەنجام دراوە بە ناوی حاجی حەمەدەڕەش. ئەم پیاوە لەو ساتەدا تەمەنی حەفتا ساڵان بووە بەڵام بە ڕوونی توانای دەنگیی دەردەکەوێت. جاران فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی گۆرانی گووتن و داستان گێڕانەوە لە کوردستاندا هەبووە. خەڵکانێک وەک پیشەی ژیان بەیتخوان بوون و بۆ بژێوی ژیانیان متمانەیان کردۆتە سەر. بۆ هێشتنەوەی ئەم هونەرە، هەر کەسێکی کارامە لە گۆرانی گووتندا، چەند لاوێکی بەهرەداری لە گەڵ خۆیدا فێردەکرد. بەو جۆرە ئەو فەرهەنگە کوردیە ڕەسەنە بە زیندووییی دەمایەوە.
حاجی حەمەدەڕەش لە منداڵیەوە لەبەردەم چەند کەسێکی وەستا لە بواری گۆرانی کوردیدا فێرکراوە بۆ ئەوەی کە ئەو هونەرە لە خەڵکانی شارەزاوە فێرببێت. دیوەخانەکان پێویستی تایبەتیان بەم هونەرمەندانە هەبووە بەڵام بە هاتنی ئامێرە دەنگیەکان ووردە ووردە ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە لە ناوچووە. هەروەها لەبەر نەبوونی دەوڵەتێک کە خەمخۆری پاراستنی ئەو فەرهەنگە بێت، نەتوانراوە زۆر لەو بەیت و لاوک و حەیرانانە تۆمار بکرێن و بەوجۆرە زۆریان لەناوچوون.
بەهۆی تایبەتمەندیی ئەو کەسانە لە بوارەکەدا، لە ڕابردوودا مۆسیقا و گۆرانی گووتن دابونەریتی تایبەتی بەخۆی دروستکردووە و چەندین جۆری جیاوازی گۆرانی گووتنی پێکهێناوە. بۆ نموونە گۆرانی هەبووە کە تەنها بۆ ئافرەت بووە کە بیڵێت. گۆرانی تایبەت هەبووە کە لە کاتی مانگا دۆشیندا گووتراوە بۆ ئارامکردنەوەی ئاژەڵ. ڕێوڕەسم و گۆرانی هەبووە تەنها بۆ لەدەستدانی کەسی لاو گووتراوە و کراوە، تەنانەت جۆری جیاوازی ڕیدم و مەقامی شینکردن هەبووە. هەڵپەڕکێش وەک ئەمڕۆ یەکسەر بە ڕیدمی خێرا دەستپێنەکراوە، قۆناغەکانی هەڵپەڕکێش بە ڕیدمی جیاواز دەستی پێکردووە وگۆرانی بێژەکان ئاگاداری ئەوەبوون. سەرەتا بە ڕیدمێکی خاو و ووردە ووردە خێراتر کراوە. خۆشبەختانە لە هەندێک ناوچەدا هێشتا پەیڕەوی ئەم گۆڕانکاریە ڕیدمییەی هەڵپەڕکێ دەکرێت.
لەم تۆمارە دەنگیەدا حەمەدەڕەش بەیتێک دەچڕێت کە باسی خانی پاڵەوان دەکات کە چۆن سواری ئەسپەکەی دەبێت و ڕوو دەکاتە کۆیە، حەریر، سەڵماس، شنۆ... و باسی ئازایەتی ئەو کەسایەتیە دەکات. بە دوای بەیتەکەدا پاشبەندێک دەچڕێت کە ئەویش لە ئاستێکی هونەریی بەرزدایە. ئەم هونەرمەندە مەزنە چەند تۆمارێکی تری حەیران و لاوکی لەو سەردەمەدا بۆ کراوە کە هەموویان کارامەیی و توانای هونەریی دەردەخەن. بۆیە بۆ ساڵی 1962، حاجی حەمەدەڕەش یەکێک بووە لە باشترین بەیتخوان و حەیران بێژ.
ئێمە دەبوو لە جیهان فێربووینایە، بۆ نموونە چاومان لە شێوەی پاراستنی هونەری فلامینکۆی ئیسپانی دێرین بکردایە کە سەرەڕای قبوڵکردنی شتی نوێ تێیدا بەڵام فلامینکۆ هەر فلامینکۆیە و کەس لە جیهاندا لێی تێک ناچێت. بۆ هێشتنەوەی ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە دێرینەی مۆسیقای کوردی، دەبوو ئەمڕۆ چەندین گۆرانی بێژی لاو هەبوونایە کە تەواوکەری ئەو قوتابخانە مۆسیقاییانە بوونایە. من بە نیاز نیم بڵێم شتی تازەم قبوڵ نیە بەڵام دەبوو نەوەی نوێ چڵی نوێی پیرە درەختی مۆسیقای کوردی و بەیت و حەیرانەکانی هونەرمەندانی وەک حاجی حەمەدەڕش بوونایە. بەڵام بە داخەوە زۆر گۆرانی کوردی ئەمڕۆ دەبێت باش گوێی پێوە بنێیت بۆ ئەوەی کە دڵنیابیت کوردیە لەبەر ئەوەی لەگەڵ عەرەبی و فارسی یان تورکی لێت تێک دەچێت. نەک هەر ئەوەش بەڵکو زۆربەی دەزگا ئەکادیمیە مۆسیقاییەکان کارێکی زانستی وایان نەکردووە بۆ پاراستن و لێکۆڵینەوە لەم فەرهەنگە دەوڵەمەندە کوردیە کە شایانی باسکردن بێت. بۆ زۆرینەیان قسەکردن لەسەر بتهۆڤن و مۆزارت ڕۆشنبیرانەتر دەردەکەوێت وەک قسەکردن لەسەر حاجی حەمەدەڕەش!
تەنها 4:39 بدە بە گوێگرتن لەم هونەرەبەرزە و بڕۆرەوە بۆ سەردەم و جیهانێکی تر.
سەرچاوە: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: هەتاوەکو دەقەی 2:51 بەیتت گوێ لێ دەبێت دوایی حاجی حەمەدەڕش بە پاشبەندێک تۆمارەکە تەواو دەکات.[1]