باشم لە بیرە هەواخۆشیی پار
نەرم و سووکیی با، بارگرانیی دار
خێر و خۆشیی زۆر، دەغڵ و دانی باش
دانەوێڵەی چاک، نیسک و نۆک و ماش
دەشت و دەر هەمووی بە میوە ڕەنگاو
بژیوی و ئێروو هەنگاو بە هەنگاو
دنیا هەر وەکوو کۆریای پێرار
ژین و خۆشی بوو لە لادێ و لە شار
ئیستیعمارەکەی سەرما و سەخڵەتی
لە ویژدان بێبەش لە شەڕەف پەتی
وێنەی ئامریکا پەلاماری برد
لەگوێن کۆریا ژێر و ژووری کرد
میکڕۆبی شەختەی لە مەزرایە چاند
بۆمبای کولوانی بەسەردا ڕژاند
دوو عەبدی سەرمان گرانەتا و سیل
وەک بۆ خودای شەڕ شۆمان و چەرچیل
مناڵیان ئەکوشت بەند و بەستەڵەک
ڕیشەیان کرۆشت کەروێشک و دەڵەک
بولبول چۆڵی کرد بۆ کوندەبوومان
قەلەڕەش دەقڕی ببوە تروومان
داوای مردن و بێنانیی دەکرد
ئارەزووی چۆڵی و وێرانیی دەکرد
بۆ چاوەی ئاگر بڕیا دار لە دەشت
جەهەندەم نریا لە جێگەی بەهەشت
سەرما بە زوڵم و دزی و کوشتار هات
تا چەمی (یاڵۆ) دەمەوبەهار هات
بای شەماڵەکەی ئاواتی ڕەنجبەر
بەزەیی بزووت خۆی کردە لەمپەر
وەک هێزی سوپای چینی ئازا و زۆر
سەرمای ڕەپێنا کردی ماک ئارتۆر
سەنگەری ڕنووی ڕماند بەسەردا
ژەهری کردە دەم سەرمای نامەردا
کوژرا کانوون و شووبات و ئازەر
بوو بە ئۆف نەنە و مامێر و مازەر
چەکی سەرما و سۆڵ گێژ و کڕێوە
خۆی نەگرت لەبەر بای خاکەلێوە
ئەمڕۆش لە جێژنی یەکی ئەیارا
شەڕ گەرمە لەناو سەرما و بەهارا
وشکەسەرمای کۆن ڕزیوی بن شڕ
بەهاری تازە و بەهێز و لە گوڕ
دیارە تا کەنگێ سەرما دەمێنێ
دیارە چۆن بەهار گوڵ دەڕوێنێ
دنیا دەبێتە خۆشی و هەرزانی
ئیستیعمار کە چوو دێت کامەرانی
یەکەمی ئەیار جێژنی کرێکار
ڕۆژی لەرزینی دەزگای ئیستیعمار
کۆنەپەرستان کە پێت کافرن
بۆ پارێزگاریت لاوان حازرن
دڵت نەمێنێ بڵێی بێپەنام
ئاوڕێک بدەوە لە چین، لە ڤێتنام
لە کۆریای ئازا و بۆرما و مەلایۆ
وا خوێن بەخشینە بۆ ژیانی تۆ
قەڵای کرێکار بەرز و پتەوە
پەنای ئاشتی و خۆشیان مەسکەوە
یەکەمی ئەیار هومێدم وایە
تا ئەیاری تر بمرێ سەرمایە
تروومان بچێ بە دەردی هیتلەر
دەرچن لە قامووس ماگی و ڕۆکیفلەر
ڕیشەکەن بکرێ داری ئیستیعمار
شەڕەف و نامووس نەدرێ بە دۆلار
دنیایەک دابێ پڕ خۆشی و شادی
دەستەڵاتدار بێ هێزی ئازادی
گەلان ئاسنیان بکەن بە گاسن
برا بن هەموو یەکتر بناسن
#هەژار موکریانی#[1]