قوماش 83
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
ئێکەک لە پاسەوانەکان هات و گۆتی: دەی خواحافیزی لێک بکەن، چونکە کاتتان تەواو بوو، ئەمن و بابم هەستاینەوە، داکم هەرچەند کردی نەیتانی هەستیتەوە، قۆرم گرت و قیتم کردەوە، تووند خۆی بەمن وەنووساندبوو، نەیدەویست بەرمبدا، فرمێسکیش وەکی بارانی بەهارێ لە چاومان دەباری، هەر داکم وەنەبوو، هەموو ئەو ژنانەی هاتبوونە دیتنی گیرایەکان وابوون، سۆز و بەزەیی و ڕوحمی ژنی ئۆقیانووسەکی لە بن نەهاتیە، بابم باوەشی پێکردم و تێرتێر بۆنی کردم، هەستم بە هەژانی هەموو لەشی بابم دەکرد، وەختی ماچی دەکردم و دەگریا، ئەتوو بینە بەرچاوت ئەوە دواجار بی جەرگی خۆت ببینی و هەتا قیامەتێ نەیبینیوە، بابم لەبەر داکم بەریدام، داکم تووند تووند ئەمنی گرتبوو، بەرینەدەدام و نەدەدام، ئاخیری کۆمەرە پاسەوانەکان هاتن و بەزۆری ژنەکانیان لە پیاوەکان کردەوە، ئیدی بووە شین و گریان و هەموو مێوانەکانیان بە پێشەخۆ داو لە هۆۆرەکەی بردنیانە دەرێ، ئەوان لەو دیووی دەرکەی دەگریان و ئەمەش لەو دیووی، ئیدی ئەو ڕۆژە هەتا هێوارێ هیچ ئێکەک لەمە تاقەتی قسە کردن و نان خواردنیشمان نەبوو، هەند بێتاقەت بووین نەبیتەوە، بووە پاش عیشایەکی درەنگ، ئێک لەوانەی خۆمان گۆتی: کوڕینە با نانەکەی بخۆین، کورە هەر دەمرین، ئەوجە با بەزگی تێر و پڕ بمرین، دنیا ئەوەی ناینی خەمی لۆ بخۆین، با هەستم ئەو نانەی بینم، هەستاوە نانەکەی هینا و گۆتی: یاڵلا ناوی خوای لێبینین و دەست پێبکەین، بەخۆی پارووەکی کرد و هاویشتیە دەوی، ئیدی ئەمەش هێدی هێدی دەستمان بە نان خواردنێ کرد!
ئەو شەوەی هەتا نوێژی سبەینێ کەس نەنووست، هەرکەسە و یاداشت و یادگاری خۆی دەگێڕاوە و فرمێسکی دەباراند، هەموومان دری ئێکدیمان دەداوە و دوعای خێرمان لۆ یەک دەکرد، وەختەکی مەلای بەیانی بانگیدا، نوێژی بەیانیمان کرد، ئەوجە لێی نووستین!
ئەمە هێشتا نووستبووین، کە دەرکەیان کردەوە، نانی بەیانیان دانا، ئەو بەیانیەی لەگەر پەنیری قەیماغ و هەنگینیشیان دانابوو، جەماعەت گۆتیان: تەواو، دەیانەوێ لە خواردنێ بێ دریمان نەکەن، کیهان خواردن خۆشە ئەومان لۆ دەینن! پاش نان خواردن و چایە خواردنەوەی، زابتەک هات ناوی خیندینەوە و بە عارەبی گۆتی: ئێستا یەک یەک بانگتان دەکەین و سەر و ڕدێنتان دەتراشین، پاش ڕدێن تراشینێ دەبی ئامادەبن، هەروەختی ناومان خیندنەوە، دەتانبەینە لای مەلایەکی شهادەی بینن و بەرەبەیانیان ئەمری لە سێدارە دانتان جێبەجێ دەکەین، هەر شەوەی ناوی دوو کەسی دەخینینەوە و لە سێدارەی دەدەین، لە ماوەی حەفتەکی ئەمرەکە هەمووی تەواو دەبی، لە کتابی لە سێدارەدانتان نووسرایە مەیتەکانتان نەدرێتەوە کەس و کارتان، لۆیێ هەر لەپشت سجنی قەبرستانەک هەیە هەمووتان لەوێ دەشارینە، هەر قەبرەک ژمارەکی لۆ دادەنێین، ئەو ژمارە تایبەتە بە هەریەک لەنگۆ، ئەو ژمارەی دەدەینە کەس و کارتان، ئەوان دەتانن پاشی سێ مانگیدی سەردانی قەبرەکانتان بکەن، بەران ناتانن مەیتتان ببەنەوە شاری خۆتان!
بەو خەبەرەی زۆر بێتاقەت بووین، چونکە هیوای ئەوەمان هەبوو، مەیتمان بچتەوە کوردستان و لەوێ کەس و کار سەردانمان بکەن دەستمان لەوەش بەربوو، ئیدی هەندەی نەبرد زابتەکە یەک یەک دەیبردین لۆ ڕدێن تراشینێ، نۆرەی من هات، ئەمنیان بردە دەرێ و لەسەر کورسیەکیان دانام، ڕدێنیان پاک تاشیم و پرچیشیان تەواو خەفیف کردم، ئەوجە هەستام و چوومەوە هۆرەکەی خۆمان! وەکی تەواو بووین زابتەکە گۆتی: ئامادەبن، ئەوشۆ پاشی سعات دووی دێین، هەر شەوەی دووان دەبەین و حوکمی گەلی لەسەر جێبەجێ دەکەین!
نازانم ئەو ڕۆژەمان کوو بە ڕێکرد، بەران زۆر تەئکیدبووم، شەوەکەی کەس خەوی لێنەکەت، چرکە بەچرکە کاتمان دەژمارد، کەنگی دەبیتە سعات دوو و دێن ناوی دووان دەخیننەوە و دەیبەن لۆ لە سێدارەدانی، چونکە سعاتمان پێنەبوو، نەماندەزانی سعات چەندە، بەران بە مەزەندەی خۆمان لێکمان دەداوە و دەمانگۆ سعات بووە ئەوەندە، وەختەکی بە حسابی خۆمان سعات بووە دوو، هەموو تێکڕا لە بن بەتانی هاتینە دەرێ و دانیشتین، هەر ڕنگەک، تەقەک بهاتبا، درمان لەسەر هەزاری لێی دەدا و دەمانگۆ: ئەوە هاتن، کاتمان دەژمارد و ئەوان نەدەهاتن، چاوەڕوانی کردنی مردن لە مردنی ناخۆشترە، بتگرن و یەکسەر بتکوژن، زۆر ئاسانترە لەوەی برێن: چاوەڕێبکە تۆزەکی دێین دەتکوژین، ئەمە هەموومان تەماشا ئێکدیمان دەکرد و لە نیوچەوانی ئێکدی دەمانخیندەوە و دەمانگۆتە ئێکدی ڕەنگە ئەوشۆ نۆرەی تووبی، ناوەڵلا نۆرەی ئەوێهێیە، وەلحاسر بووە بەرە بەیان و هەر نەهاتن، هیوایەکمان لۆ دروست بوو کەوا ئەوشۆ نایێن، گۆتمان: دیارە نایێن، کێ دەرێ چشتەک نەبووە، یان سەدام نەڕوخایە، یان لێبوردنی گشتی دەرنەکردیە، دری خۆمان دەداوە و دەمانگۆ: ئیشاڵلا خوا بە هانامان هاتیە و لەو مردنەی قورتار دەبین، هەستمان کرد وەختی ئەوەیە ڕۆژ هەربێ، لۆیێ ئەوانەی نوێژمان دەکرد، هەستاین نوێژی بەیانیمان کرد و گۆتمان: کاکە ئەوشۆ تەواو، لە سێدارەمان نادەن، یاڵلا با بنووین، هەموومان نووستین، بەران ترسەکمان هەبوو، لە هیکڕا بێن، دوو کەسان ببەن و لە سێدارەیان بدەن!
وەختەکی لە خەوێیان قیت کردینەوە، هەموو ڕەنگمان تێکچووبوو، گۆتمان: تەواو ناو خیندنەوەیە، پاسەوانەکە بە عارەبی گۆتی: لۆ وەها مشەوەش بووینە، هەستن هەستن، نانی بەیانیم لۆ هیناینە، پشیەکمان هاتەوە بەرێ و نانەکەمان وەرگرت و لەسەر نان خواردنێ باسی ئەوەمان دەکرد دەبی ئەوشۆ لۆ نەهاتبن، هەرچەند هینامان و بردمان نەگەیشتینە هیچ، لۆیێ بڕیارمان دا چیدی فکری لێ نەکەینەوە و چارەنووسی خۆمان بدەینە دەست خوای گەورە!
شەوەکەی پاش کارەبا کوژاندنەوەی، لێ نووستین، بەو هیوایەی دیسان گازمان نەکەن و ڕۆژەکیدی لە تەمەنمان زیادبی، ناوی خوام لێهینا و لێ نووستم، لە خەوێ هەورین هاتە خەوم، جلکەکی سپی لەبەربوو، ملپێچەکی سۆری ناسکی لە ملی ئاراندبوو، بەرەو ڕووی من دەهات، زەردەخەنەکی کرد و کوزیە پرتەقارەکی لە دەستی بوو، نێزیکی کردەوە لە دەوم، دەوم کردەوە و هاویشتیە دەوم، بڕەکم جووی و قووتم دا، دەستی هاویشتە سەر درم و گۆتی: قوربانی ئەو درەت بم پرتەقار، دەبینی لەسەر من چت بەسەرهات! گۆتم: گێمەدێ، زۆر جار خۆشەویستی پێویست بەوەی دەکا قوربانی لۆ بدەی! لەپڕ گێم لە دەنگی تەقەکی بوو، تەماشام کرد لە سینگی هەورینی خین دێتە دەرێ، هەورین بەلادا هات و کەتە باوەشی من، تەماشام کرد سەرۆک جاشە نامەردەکە بوو، لە پشتەوە یەک فیشەکی لە هەورینی داو لە سینگی هاتە دەرێ! لەگەر هاواری ئازاری هەورینی لەو خەوەی ڕاپەڕیم، هەر ڕاپەڕیم و دەرکەی هۆرەکەی مە کراوە، تەماشام کرد، زابتەک و چار چەکدار بوون، گلۆپیان پێکرد و هەموو قیت بووینەوە، زابتەکە بە عارەبی گۆتی: ئێستا دوو ناوان دەخینمەوە، ئەو دوو کەسەی ناوم خیندنەوە با هەستنەوە، دەیبەین لەبۆ جێبەجێکردنی حوکمی میللەتی بەسەری، پێش ئەوە دەیبەینە کن مەلای وەبی شهادەی پێبینی! زابتەکە دەستی لە گیرفانی ڕاکرد و قاقەزەکی دەرهینا!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!