دەقی پیرۆزباییەکەی #کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی#:
بەڕێزان: بەڕێوەبەرو کارمەندانی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان
(43)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان لە بەڕێوەبەرو کارمەندان و سەرجەم ستافە ماندوونەناسەکەی ئەم ڕادیۆیە پیرۆز دەکەم، سڵاوی تایبەتم دەنێرم بۆ هەموو ئەو ڕاگەیاندکارو کارمەندانەی لە شاخەوە بۆ شار لەم ڕادیۆیە مێژووییە کاریان کرد.
رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان لە ڕابردوودا و بەتایبەتی لە سەردەمی خەباتی شاخ ڕادیۆی گەلی کوردستان بوو، دەنگی هەقبێژو ڕەوای ئەم میللەتە بوو، دەنگی شۆڕش و مقاوەمەت و جۆشدانی ئەم گەلە بوو.
لە ڕاپەڕیندا ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان دەنگی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان بوو.
بۆ ئەمڕۆو داهاتووش، ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان دەبێ دەنگی خەڵک و گەیاندنی پەیامی هەقبێژی بێت، وەک چۆن ئەوێ ڕۆژێ ئێزگەکە دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ خەڵکی کوردستان و ببووە مینبەری هەموو کوردستان، بۆ داهاتووش بەخۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان درێژە بدات بەو خەباتەی لە سەرەتاوە لەپێناوی دامەزراوە، ئومێد دەکەم ئەم یادە بکەنە وێستگەیەکی تازە بۆ پێشخستن و ڕێکخستنەوەی ڕاگەیاندنی یەکێتی و گونجاندنی لەگەڵ پێشکەوتنە تازەو خێراکانی بوارەکە.
دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان و هەمیشە لە لووتکەی سەرکەوتن بتانبینم،
کۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!