مۆرفۆلۆجیی یان پێکهاتەناسی وشە (بە ئینگلیزی: Morphology) بەشێکە لە ڕێزمان کە لە پێکهاتنی وشە دەکۆڵێتەوە. بە واتایەکی تر، مۆرفۆلۆجیی دەپەرژێتە سەر ناسینی مۆرفیمەکان و چۆنیەتی پێکەوە نیشتنیان لە ناو ڕستەدا.
کاری سەرەکی زمانەوان بۆ لێکۆڵینەوە لە مۆرفۆلۆجیی زمانێک بریتییە لە: شیکردنەوەی ڕستە، دۆزینەوەی مۆرفیمەکان و وشەکان و دەستە-دەستە کردنیان بە پێی پۆلێنەکانی ڕێزمانی ئەو زمانە.
مۆرفۆلۆجیی بریتییە لە زانستی لێکۆڵینەوە لە وشەکانی زمان. ئەم بەشەی زمانەوانی لە چۆنیەتی پێکهاتنی وشەکان، بنەوشەکان، لکێنەرەکان یان دابڕەکان، پێشگر و پاشگرەکان و هتد دەکۆڵێتەوە. لە مۆرفۆلۆجیشدا، وەکوو هەموو بوارێکی زانستی، هەندێک چەمکی گرنگ و تایبەتی هەن. مۆرفۆلۆجیی لەم چەشنە پرسیارانە دەکۆڵێتەوە: وشە چییە؟ مۆرف، مۆرفیم و ئەلەمۆرف چین؟ وشەی (تێک هەڵچوونەوە)، بۆ نموونە، لە چەند وشەی بچووکتر، یان لە چەند مۆرف و مۆرفیم پێکهاتووە؟
ئەم گوتارە چەند وشەی تێدایە، چۆن دەزانین و پێوانەمان چییە؟ بە چەند شێوە ئێمە دەتوانین وشەی نوێ لە زمانی کوردیدا داتاشین و دروست بکەین؟ مۆرفۆلۆجیی لە وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیاری لەم چەشنە دەگەڕێت. مۆرفۆلۆجیی لە دوای ئەوە دەگەڕێت کە یاسای ڕێک کەوتن، پێکەوەلکان، تێکەڵ بوون و تێکبەزینی وشەکان دیاری بکات. لەم ڕووەوە، مۆرفۆلۆجیی وەکوو بەشێکی گرنگی ڕێزمان (گرامێر) چاوی لێ دەکرێت.
زمانی چاکچی وشەگەلێکی هەیە کە لە ژمارەیەکی زۆر مۆرفیم پێکهاتووە: وشەی (təmeyŋəlevtpəγtərkən) لە هەشت مۆرفیمی t-ə-meyŋ-ə-levt-pəγt-ə-rkən پێکهاتووە کە دەکرێت ئاوا لێک بدرێتەوە:
SG.SUBJ-great-head-hurt-PRES (زیان، سەر، گەورە) واتە (ژانە سەرێکی سەیرم هەیە). مۆرفۆلۆجیی ئەم جۆرە زمانانە بە هەر دەنگدار و بێدەنگ ڕێ دەدا کە وەک مۆرفیم دەور بگێڕێت.
مێژووی مۆرفۆلۆجیی بۆ زمانەوانی هیندی کەونارا، پانینی دەگەڕێتەوە کە 3٬959 قانوونی مۆرفیمی زمانی سانسکریتی لە پەڕتووکی Aṣṭādhyāyīدا کۆ کردووەتەوە. مۆرفۆلۆجیی زمانی عەرەبیش، لە لایەن (مرح الاروە، احمد بو علی مسعود)، بۆ 1٬700 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. [1]