ئەگەر بەتەمای سێبەری خڕنووک بیت، هەتاو دەتسوتێنێت
خڕنووک: گیایەکی دڕکاوی دەشتایی و کێویلەی بچووکه، بەرێکی درێژکۆڵەی تفتی هەیە، شاعیران لە دەقە شیعرەکانیاندا بە شتێکی کەم سەیریانکردووە وەکو شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەهەجووی شاری کەرکووکدا فەرمویەتی:
کەبابی گۆشتی بزن، فاکهەی بەری خڕنووک، لەمن بپرسن جە فای شارە حیزەکەی کەرکووک
له و ئیدیۆمەش بچووکی ڕووەکەکە هاوشێوەی پنچە(نۆک) و(نیسک)ە، خۆی چی و سێبەری چی، هاوشێوەی ئه و ئیدیۆمە وتراوە: ئەگەر زبڵت بە خۆت داکرد بڕۆ سەر زبڵدانی گەورە، هەڵبەت ئەمە مەبەستی دەراوی گەورە ماڵانە کە دەبنەپەنا و پەسێو، نەوەک خەڵکی گزگڵ و بودەڵە، کە بۆ(هانا) بۆبردن دەست نادەن، بچووکی ڕووەکی خڕنووک و سێبەرەکەی بووە بە ئیدیۆم و بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێنوێنی و ڕێنمایی و ئامۆژگاری ژیان بۆ ئەوانەی کە پەنا بۆ شتی بچووک دەبەن دەوترێت: ئەگەر بە تەمای سێبەری خڕنووک بیت، هەتاو دەتسوتێنێت. [1]