برسی تر
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
مەحموو شێت، کێشەی شوێنی ژیانی چارەسەر کردووەو لە مێژە لە سەرتەنوورێکی کۆن کە ئیتر لە لایەن خاوەنەکەیەوە بەکارناهێنرێ و لە گۆشەی حەوشەیەکەی گەورەی بێسەرەوبەرەدایە، دەژی. حەوشەکە پڕی تەنەکە، ئاسنی ژەنگاوی، دار و تەختەی شکاو و شتی سەیروسەمەرەی تری لەم بابەتەیە کە ئەو بە تەواوی لە خانووە گەورەکەی ئەو سەری حەوشەکە جیادەکاتەوە. مەحموو هەموو ئێوارەیەک درەنگان خۆ بەم سەر تەنوورەدا دەکا و دەخزێتە ژێر لێفە کۆن و چڵکنەکەیەوە و هەتا بەیانی دەخەوێ. زستانانیش تەنوورەکە نێڵ دەدا و دیسان وەک مار خۆی لە ژێر لێفەکەدا قەف و لوول دەدا و خەوی قووڵ دەیباتەوە.
مەحموو هەمیشە بۆنی چڵک، دووکەڵ و خۆڵ دەدا. بەو قژە فڕ و ئاڵۆزانەیەوە وا لە لاجانگەکانییەوە تێکەڵ بە ڕیشە ماش و برینجییەکانی بووە.
خاوەنی تەنوورەکە دەڵێ هەتا مەحموو لەوێ بژی سەرتەنوورەکە تێک نادا. ژنەکەی بۆڵەبۆڵ دەکا و زۆر ناجوامێرانە لە دڵی خۆیدا دۆعا دەکا خوا هەرچی زووتر مەحموو بۆ خۆی بباتەوە! لەمە زیاتر تەنانەت گومان لە کاری خواکەی خۆیشی دەکا و پێی سەیرە پەروەردگار مرۆڤی شێتیش دەخوڵقێنێ.
مەحموو کێشەی جگەرەکەیشی چارەسەرکردووە. لە دوو دووکانی جگەرەفرۆشیی شار کە تووتن دادەگرنەوە و قامیشە جگەرەیشی لە گەڵ دەفرۆشن، بەشی هەیە. ئەو هەفتەیەک لەبەر ئەم دووکانەیان و هەفتەکەی تر لەبەر ئەو دووکانەی تریاندا ڕادەوەستێ هەتا بەشەکەی بۆ جیادەکەنەوە و، دەیدەنێ. دەیخەنە ناو توورەکە چڵکنەکەی بەر پشتێنەکەیەوە. ئەوسا بە دەنگی بەرز پێی دەڵێن چیتر ڕانەوەستێ و بڕوا. ئەویش دەڕوا. کەس نازانێ داخۆ مەحموو پێدەزانێ و مەمنوونە، یاخود تەنیا لەو دوو دووکانە وەک بەش دەروانێ. هەڵبەت گرینگیش نیە. دونیا لە سەر پێزانین ڕانەوەستاوە.
مەحموو شێت هەروەها کێشەی نانەکەیشی چارەسەر کردووە. لەگەڵ ئەوەی جاروبارە خێرخواز لێرەو لەوێ شتێکی بۆ دەکڕن و دەیچەپێننە ناو دەستی یاخود گیرفانە چلکن و دڕاوەکانییەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ناتوانێ تەنیا بەم جۆرە خێرانە بژی، هەر ڕۆژەی دەچێ و لەبەر نانەواخانەیەکدا ڕادەوەستێ تا بەشی بدەن. لەم سەر تا ئەو سەری شار هەر هەموویان بەسەردەکاتەوە. هەر هەمووشیان بەشی دەدەن. نانەواخانە تازەکانیش بە خۆشییەوە زۆر زوو لە ڕاوەستانەکانی تێدەگەن و بەڕێی دەکەن.
مەحموو هەمیشە بۆنی نانی تازە و برژاو دەدا.
بەڵام ماوەیەکە هەست بە بێتاقەتی دەکا. جاران کە دەگەڕایەوە سەرتەنوورەکە، زۆر زوو خەوی لێدەکەوت. کەچی ئیستا دووای بە باکردنی چەند جگەرەیش خەوی لێناکەوێ و خەیاڵات دەیباتەوە. کامە خەیاڵات؟ خۆیشی نازانێ. ئەو هەر ئەوەندە دەزانێ مێشکی بە هەندێ شتی سەیروسەمەرەو نادیارەوە سەرقاڵ دەبێ و لەگەڵ خۆی وەک باڵندەیەکەی دەم با دەیبەن.
مەحموو شێت بۆ ئەوەی خۆی لەم دۆخە نالەبارە ڕزگار بکا و وەک جاری جاران خەوی خۆش و بەلەزەت بیباتەوە، دەست دەبا و ڕادیۆ کۆنەکەی دەهێنێتەوە بەردەست. بەخۆشییەوە هێشتا باترییە زلەکانی کە چوارن کاردەکەن. کە ڕۆشنی دەکا دەکەوێتە جیق و فیق. دوگمە زەلامەکە دەگێڕێ. لەسەر ئیزگایەک ڕادەوەستێ. هەواڵە. ئیزگەی هەوالەکان. ڕادیۆکە دەخاتە سەر ئەرز و چاو لە تاریکایی دەبڕێ و گوێ هەڵدەخا. هەواڵی ناوخۆ و هەواڵی دەرەوە. باس باسی سیاسەتە. ڕادیۆکە باس لە شەڕ دەکا، باس لە فەرتەنە و لە گێرە و کێشە لە هەموو ناوچەکە، باس لە گیڤ بوونەوەکان، باسی مانۆڕ و کوژران و بریندار و هەڕەشەکان، ... مەحموو خەو دەیباتەوە.
ئیتر شەوەکانی دوواتر، ئەو شەوانەی وا دێن، سەرتەنوورەکە بە دەنگی هەواڵەکان دەتەنرێ. ڕادیۆکە دەبێ بە بەشێکی جیانەکراوە لە شەوەکان. مەحموو لە هەموو وشەکان تێناگا، بەڵام لە کۆی هەواڵەکان دەگا. لەوێ لە دەرەوەی ئەم سەرتەنوورە شتێ هەڵەیە. مرۆڤەکان بەربوونەتە گیانی یەکتر. مەحموو سەرهەڵدەبڕێ و لە ڕۆچنەکەوە لە ئاسمانی پڕ ئەستێرە دەڕوانێ. ئەو سەرە، چەندە لای بێدەنگە.
مەحموو شێت ئیستا لە جیاتی یەک نانەواخانە، ڕۆژی لەبەر دوو دانەدا ڕادەوەستێ. نازانێ بۆ، بەڵام لە چاو جاران زیاتری برسی دەبێ، ... حەزدەکا زیاتر بخوا. جگە لەمە ڕیزی ئەو نانانەی وا لە گۆشەی نیوە تاریکی سەرتەنوورەکە سەریەکی خستوون، زیاتر هەڵکشاوە. بەرز و بەرزتر. نانە ڕەق و وشک و کەڕوولێدراوەکان.
مەحموو هەموو شەوێ بە دڵەڕاوکێوە دەخەوێ. لای ئەو، مەودای نێوان هەواڵەکان و ئەوەی لای ئەو بەڵێنە ڕووبدات تەنیا بە قەد دیواری سەرتەنوورەکەیەتی.
مەحموو شێت خۆی دەگوشێ و وەک ماری قەف خواردوو خۆی پێچ و لوول دەدا و خەو دەیباتەوە. لە دەرەوە تەنیا ئاسمانێک بە قەدەر ڕۆچنەکە ئارام و بێدەنگە، تەنیا ئاسمانێک بە قەدەر ڕۆچنەکە. [1]