ڕۆبۆت
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
لە ڕێگای نێتەوە، لە وڵاتی چین ڕۆبۆتێکی کڕیوە. ڕۆبۆتەکە بە پاپۆڕ لە دەریای باشووری چین، ئۆقیانووسی هیند، دەریای عەرەب، دەریای عوممان و دووڕگەی فارس پەڕیوەتەوە و ئەوسا لە بەندەرێکی باشووری ئێرانەوە بە ترێلی یاخود شەمەندەفەر لەگەڵ کەل و پەلی تر گەیشتووەتە تاران و، لەوێوە لە ڕێگای پۆستی هەوایی و زەمینییەوە ناردوویانە بۆ ئەو ئادرەسەی ئەم دابووی: ئێران، پارێزگای کوردستان، بانە، شەقامی داهۆڵەکان، پلاکی 1991، تەنیشت درگا سوورەکە، مەنزڵی عەوڵای پەری.
دەرگا سوورەکەی خستبووە ناو ئادرەسەکەوە چونکە گەر کاکی نامەبەر ئادرەسەکەیشی پەیدا نەکردایە، ئەوا لە ڕێگای درگاکەوە دەیدۆزییەوە. درگا سوورە بەناوبانگەکە. ناویشی عەوڵا بوو چونکە بە پێچەوانەی خەڵکی بانە کە دەڵێن عەبە یان عەبدوڵڵا، ڕەگێکی پشتاوپشت دەچووەوە سەر ناوچەی موکریان. بە ناوی دایکیشییەوە بانگیان دەکرد چونکە لە منداڵییەوە بە بێ باوک و تەنیا لە ژێر سایەی سەری ئەودا گەورە ببوو.
عەوڵڵا ئەگەرچی تەمەنی لە پەنجا لایدابوو، بەڵام هێشتا بە بەرییەوە مابوو و خۆی گوتەنی قۆرتێکی مابوو بۆ پیری. لای ئەو پیری زۆر گرینگ نەبوو. دەیگوت پیری شتێکە وەک جەوانی، بەس بەو جیاوازییەوە کە مەودایەکی یەکجار زۆرتری دەوێ بۆ ئەوەی ڕابی، جا لە هەموو شتێکدا! عەوڵڵا لەو ڕۆژەوەی دایکی مردبوو، هەموو شتێکی بە گاڵتە دەگرت، وەها کە جاری وابوو بۆخۆیشی لێی تێکدەچوو داخۆ ژیان بریتییە لە گاڵتە، یان گاڵتە بریتییە لە ژیان.
ئەو ڕۆژەی لە دەرگایان دا و ڕۆبۆتە بچوکەکەیان بۆ هێنایە بەردەرگا، سەرەتا باوەڕی نەدەکرد. پێی وابوو هەموو شتێ هەر لەسەرەتاوە گاڵتە بووە. ئەو شەوەی لە بیر دێ کە لە ماڵی ئامۆزاکەی هەموو جەماعەت کۆببوونەوە و باسی ڕۆبۆتیان کردبوو، ئەوەی کە گوایا شتێک هەیە وەک مرۆڤ کە دەتوانێ هەموو کارێ بکا، بۆ وێنە چایت بۆ بێنێ، ماڵت بۆ خاوێن بکاتەوە، کە بێتاقەت بوویت لەگەڵت بدوێ و... هتد. عەوڵڵا بە عەلاقەوە پرسیبووی کە داخۆ دەکرێ شتێکی لەم چەشنە بکڕێ، بەڵام تەنها بۆ ئەوەی بیرەوەری بگێڕێتەوە. ئەوانیش لە وەڵامدا وتبوویان ئەی بۆ ناکرێ، تەنیا دەبێ کاتێ دەیکڕی بڵێی لە چ چەشنێکیت دەوێ، بۆ وێنە دەبێ بڵێی بۆ بیرەوەریم دەوێ، وەک چۆن هەندێ کەسی تر دەڵێن بۆ ماڵ خاوێنکردنەوە. عەوڵلا دوو ڕۆژ دوواتر لە ڕێگای ئامۆزاکەیەوە هەموو شتێکی جۆرکردبوو و پاش شەش مانگ نامەبەرێکی کورتەباڵای سەرو ڕیش سپی هێنابوویە بەر دەرگاکەی.
عەوڵڵا جەعبە سیحراوییەکەی بە ڕێز و حورمەتێکی زۆرەوە وەرگرت و، چووە ژوورەوە. کارتۆنەکەی بە ئارامی لە ناوەڕاستی ژوورەکە دانا، کردییەوە و ئەوسا مرۆڤچەیەکەی دەرهێنا چووکەتر لە بووکەشووشەیەک. مرۆڤچەیەکی ڕەش و سپی. ورد لێی ڕووانی و پاشان لەولاوە داینا. بە خۆشییەوە بەهۆی ئەوەوە قاچەکانی پان و زل بوون بە ئاسانی ڕادەوەستا. عەوڵڵا ئەمەی بە نیشانەیەکی باش لێکدایەوە. پاشان دەستی برد و برۆشیرەکەی دەرهێنا. بە زمانی جۆراوجۆر و یەک لەوان بە زمانی فارسی هەموو زانیارییەکی لەسەر نووسرابوو. بە وردی خوێندییەوە. عەوڵڵای پەری کۆنتڕۆڵەکەی هەڵگرت و دووای ئەوەی هەڵیکرد، دەستی نا بەو دوگمەیەدا وا لەسەری نووسرابوو 'بیرەوەری'.
راستییەکەی ئەوە بوو عەوڵڵا لەدووای مردنی کتوپڕی دایکی و بە هۆی ئەوەی تاقە منداڵی ماڵ بوو و هیچ خوشک و برایەکی نەبوو، هەستی بە تەنیاییەکی سەیر و سەمەرە کردبوو و بە یەکجاری وەها بیرەوەرییەکانی ژیانی ڕابردوو دەوریان لێ تەنیبوو کە کاری تەنیا ببووە ئەوەی بە ڕۆژ و بە شەو دابنیشێ و بیریان لێبکاتەوە. کەمکەم بە تێپەڕینی زەمەن لەمە ماندوو ببوو و هاتبووە سەر ئەو ڕایەی کە دەبێ گۆڕانێک لەمەدا دروست بکا، بەڵام نەیدەزانی چۆن. تا ئەو شەوە بەڕێکەوت لەماڵی ئامۆزاکەی باسی ڕۆبۆتیان کردبوو. لێرەدا چەخماخەی بیرێک ئاسمانی مێشکی ئەوی دڕدابوو و بەدەم ڕێگاوە، بەرەو ماڵەوە، هاتبووە سەر ئەو ڕایە کە ئەگەر ڕۆبۆتێک بکڕێ کە بتوانێ لە جیاتی خۆی بیرەوەرییەکانی بۆ بگێڕێتەوە ئەوا تازەگەرییەک لە ژیانیدا دەبێ و، جگە لەمە وەک جەماعەت باسیان لێکردبوو ڕۆبۆت بە هۆی ئەوەوە کە لە کاتی قسەکردندا هیچ چەشنە هەستێک نیشان نادا و تەنیا دەنگە لێیەوە دێتە دەرەوە، کەواتە باری گرانی بیرەوەرییەکان لەسەر شانی سووکتر دەبێ و بەم شێوەیە ئەو دەتوانێ لە دۆخێکی بەدوور لە هەست و سۆز و تەنیا لە چوارچێوەی وشە و ڕستەدا بە ژیانی ڕابردووی خۆیدا بچێتەوە.
عەوڵڵای پەری زۆر هەڵگیرسابوو! ئۆقرەی نەبوو. دووای خوێندنەوەی برۆشیرەکە، هەستا و ڕۆبۆتەکەی خستە سەر تاقچەکە لە تەنیشت وێنەکەی دایکی. لای ئەو، بچووکی و باڵاکورتیی ڕۆبۆتەکە بە جۆرێک بێ ڕێزی بوو بە بیرەوەرییەکانی. لای وابوو کاتێک پیاو لە زمانی کەسی ترەوە (با لە ئاسنیش بێت)، کاتێک گوێ لە بیرەوەرییەکانی خۆی دەگرێتەوە، دەبێ لانیکەم سەری ڕەپ بگرێ نەک نەوی. لای عەوڵڵا هیچ بیرەوەرییەکی ژیان، بگرە هەرە نگریسەکانیشی، لەو ئاستەدا نەبوون بە نزمی سەیریان بکرێ. لای ئەو، زەمەن گەورەیی و عەزەمەتی بە ڕابردوو دەبەخشی و بۆیە هەموو شتێکی ڕابردوو لەبەرچاواندا گەورە دەنوێنێ. لای ئەو، کاتێک سەیری فیلمە دێکۆمێنتارە مێژووییەکانی دەکرد، جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان هیتلەر و چرچیل و ستالین دا نەبوو و بە یەک چاو سەیری هەموویانی دەکرد و وەک یەک یادیانی دەکرد، ئەگەرچی لەو تەمەنەدا نەبوو کە بە دیداریان شادبێت. عەوڵڵا، کە بیری لە مردنی ئەو پیاوانە دەکردەوە، بەقەدەر یەک هەناسەی بۆ هەڵدەکێشان. ژیان لای ئەو چەند دڕندە و بێ بەزەیی بوو.
عەوڵڵای پەری سەرەڕای ئەوەی پەلەی بوو، بەڵام خۆی گرت و پاش سازکردنی چایی و هێنانی ژێرسیگارییەکەی و هەڵگیرسانی جگەرەیەک دەستی نا بە دوگمەی بیرەوەرییەکاندا و لە کاتێکدا ورد ورد لە ڕۆبۆتەکەی دەڕوانی، شانی دادایە سەر پشتییەکانی و گوێیە تیژەکانی بۆ هەڵخست.
کەمێکی خایاند. پاشان ڕۆبۆتەکە کەوتە قسەکردن. عەوڵڵا گوێی لێبوو بە فارسی دەدوا. بەمە عەبەسا و ڕاست بووەوە. بۆ یەکەم جار بوو ئەو پرسیارەی لا درووست بوو کە داخۆ بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ خۆی بە فارسی گێڕابووەوە یان بە کوردی. پرسیارێک کە وەڵامدانەوەی ئاسان نەبوو. ئەوەی ئەو لەبیری بوو دەنگێک بوو لە دەروونییەوە دەهات، یاخود ئەو وێنانەی کە تەنیا وەک وێنە دەدوان. عەوڵڵا تازە لەوە تێدەگەیشت کە ئەو قەت بیرەوەرییەکانی بە وشە و بە ڕستە بۆ خۆی نەگێڕابووەوە. لای عەوڵڵا، زمان بزر بوو.
زیاتر گوێی هەڵخست. ئەوسا گوێی لێبوو کە ڕۆبۆتەکە نەک خەریکی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی ئەو، بەڵکوو خەریکی گێڕانەوەی مێژوو بوو و باسی شەڕی دووی جیهان و هیتلەر و چرچیل و ستالینی دەکرد! بەمە ئیتر تەواو قەڵس بوو. ئەمە ئیتر بێ حورمەتی و فێڵێکی گەورە بوو لێی کرابوو. لە کاتێکدا ڕۆبۆتەکە بە دەنگی پچڕپچڕ و دابڕدابڕ باسی هێرشەکانی هەشتا ساڵ لەوە پێشی دەکرد، عەوڵڵا تەلەفۆنی لە ئامۆزاکەی هەڵگرت و بە سەریا تەقییەوە. بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو گەڕایەوە سەر دۆخی پێشووی خۆی و دەنگی دیسان نەوی بووەوە. زۆر سادە لەبەر ئەوەی کە ئامۆزاکەی پێی گوتبوو کە عەوڵڵا ئەو شەوە بەوی گوتبوو کە ئەو دەیەوێ ببێ بە خاوەن ڕۆبۆتێک بیرەوەری بگێڕێتەوە، ئیتر نەیگوتبوو چ جۆر بیرەوەرییەک. دیسان هەر دەستبەجێ ئامۆزاکەی دۆخەکەی قۆستبووەو گوتبووی جا چما کابرای چینی چووزانێ بیرەوەریی تۆ چییە! ئەوان تەنیا بیرەوەرییە گشتییەکانیان لەبیرە، نەک شەخسییەکان!
عەوڵڵا کە تەلەفۆنەکەی دانا، زۆر هەستی بە گەمژەیی خۆی دەکرد. بیری کردەوە باشە بۆ بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ چین نەناردبوو تا بیخەنە سەر ڕۆبۆتەکە. لە کاتێکدا لەم بیرانەدا بوو، دیسان پاڵی لێدایەوە و گوێی بۆ دەنگی ساردوسڕ و دابڕدابڕی ڕۆبۆتەکە هەڵخستەوە. ڕۆبۆتەکە لە درێژەی بیرەوەرییەکانیدا گەیشتبووە هێرشی سوپای ئاڵمان بۆ سەر پۆڵۆنیا. هێرشێک لە ڕێگای دەریاوە و لەوپەڕی بێ ڕوحمی و توند و تیژیدا. بەڵام نا! دەنگی ڕۆبۆتەکە هیچ بێ ڕوحمی و توندوتیژییەکی نەدەگەیاند، عەوڵڵا پەری تێگەیشت کە ئەم هەستە هی لەوە پێشە و هی ئەو کاتانەیە کە کەسانی تر مێژوویان بۆ دەگێڕایەوە.
عەوڵڵا، سەرەتا ڕقی هەستا و دەستی برد کۆنتڕۆڵەکەی هەڵگرت بۆ ئەوەی بیکوژێنێتەوە، بەڵام زۆر خێرا پەشیمان بووەوە. دەنگەکە لەگەڵ خۆی دەیبرد. دەنگەکە لەوە سەرنجڕاکێشتر بوو، سەرەتا دەینواند. شتێکی تیا بوو، دەیگرت. بە جگەرەکەی جگەرەیەکی تری داگیرساند و دیسان پاڵی لێدایەوە و زیاتر گوێی هەڵخست. ئاڵمان، پۆڵۆنیای گرت.
عەوڵلای پەری لە کاتێکدا سەیری ناوچاوانی دایکی لەناو وێنەی پاڵ ڕۆبۆتەکەدا دەکرد، ئەو نیگایەی کە تێیدا عەوڵڵا کتوپڕ هەستی بە ساردییەک کردبوو، بیری کردەوە ڕەنگە گێڕانەوەیەکی ساردی مێژوویی زۆر خراپ نەبێ، ڕەنگە من لەخۆوە هەر لە سەرەتاوە زۆر بە گەرمی گرتبووم![1]