کۆسه چوو بۆ ڕيش
#ڕەحمان سۆفی#
نازانم بۆ له ماڵ دەردەکەوم. بڕيارم نەداوه که بچمه کوێ. له تاو باران خۆم دەکەم به چايخانەێکدا.
سەیر ئەوەیە کە دەچمه ژوورەوه، هەڵم و دووکەڵی سيگار هاشاوڵم بۆ دێنێ. ماوەی چەن چرکه تەم و مژ بەرچاوم لێڵ دەکا. چاويلکەکانم له بەرچاوم دائەگرم و خاوێنيان دەکەمەوه. چاوەکانم هەڵدەگڵۆفم و دەستيان پێدا دێنم. چاوهچاوێک دەکەم و بە وردی دەڕوانم به ساڵۆنی چايخانەکەدا. پڕه له ميوانی جۆراوجۆر.
وەک ئەوەی له بزربوێک بگەڕێم، چاو دەگێڕم. بەڵام ناسياوێک بەدیناکەم. ئەو کەسەی که من بەبێ مەبەست به دوايدا وێڵم، نايته بەرچاوم. سەرنجم دەڕوا بۆ لای دەستەێک کوڕ و کچی لاو که به دەورە لە دەوری مێزێکی گردی گەوره دانيشتون. بەگەرمه قسه دەکەن، قاقای پێکەنین و قريشکە قریشکیان به فەزای چايخانەکەدا بڵاو دەبێتەوه. دەچمە نزيکتر و دەڕوانم، لەلای ئەوانەوه سەندەڵیێک دەبینم بەتاڵه. دەچمە پێشەوه و به ئەدەبەوه لە يەکێکيان دەپرسم (ببوورە، بۆم هەيه لێره دانيشم؟) بەڵام ئەو لەوەڵامدا بەمۆڕەوه خێسەێکم لێدەکا و دەڵێ (نا، ئێرە جێگای کەسێکی ديکەيه، ئێستا دەگەڕێتەوە.) بەڕەفتاريدا تێدەگەم حەزناکا منی بێگانه لەلای ئەوانەوه دانيشم. منيش نێوچاوانم گرژدەکەم و خێسەێکی لێدەکەم و ئەيدەمه بەر پلاری سەرنج و توانج. بەڵام بێجگه لەوەی له دەروونی خۆمدا پيشبخۆمەوه هيچم له دەس نايه. لێوی خۆم دەکرۆژم، هەناسەی ساردی غەريبی و نامۆيی هەڵکێشم.
له قوژبنێکەوه له پەنای ديوارەکه ڕادەوێستم. چاودەگێڕم و دەڕوانم، بەڵکوو هەڵکەوێ و يەکێک لەو دانيشتوانه ڕابێ و بڕوا و من بچم لە جێگاکەی دانيشم. چاويلکەکانم هەر بەدەستەویە. بێ ئەوەی بزانم دووباره خاوێنيان دەکەمەوه و، له چاويان دەکەمەوه. ملم لاردەبێ، سەر وەردەگێڕم و له پەنجێرەکەوه دەڕوانمه ئەوديوی شوشەکه. باران خێراتر و بێ وچان بەردەوام دەبارێ، هەڵبەته تەنيا باران نييه، بەفر و باران پێکەوەيه. واته شڵێوە دەکا. ئاوڕئەدەمەوه، بەختم ياره و دوو کەس هەڵدەستن و دەردەکەون. منيش خێرا خۆم دەگەیەنمه لای مێزەکه و به بێ پرس، چاکەتەکەم لەبەرم دادەکەنم و ئەيدەم بەسەر سەندەڵيیەکەدا. بەکەيفی خۆم دائەنيشم. سەيرێکی دەوروبەرم دەکەم. ئەو کوڕەی که لێم پرسی بۆم هەيه لێرە دانيشم، بە لاچاو تەماشاێکم دەکا. هەميسان قاقای پێکەنین و قریشکەیان بەم سەر و ئەو سەری چايخانەکەدا بڵاو دەبێتەوه. يەکێک له کچەکان ئاوڕ ئەداتەوه بۆ لای من سەر لەنوێ قريشکە و قاقایی پێکەنينيان بەرز ئەبێتەوە. بەسەر خۆمی ناهێنم. گوێی لێدەئاخنم. دەچمه دنيای خەياڵاتی خۆمەوه. نوقمی گۆلاوی تێڕامان دەبم. مەلی خەياڵم باڵ دەگرێتەوه، بەرەو فەزای بێ سنوور ئەدا له شەقەی باڵ. نيازی نييه له سەر گوێسوانێک، يان لقه دارێک بنيشێ و ئارام بگرێ.
بە خەیاڵ دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆمان. بۆ هەرێمی موکريان دەچمەوە، بۆ شاره جوانەکەی بۆکان. دەڕۆم بۆ لای قەڵای سەردار و حەوزەگەوره، بە لێژی مزگەوتی جامێعەدا دائەگەڕێم بۆ چايخانەکەی کاک (عەوڵای خات خاوەر) دەچمه ژوورەوه. تەماشادەکەم پڕپڕه له ميوانی جۆراوجۆر. دەستەيەک ڕێبواری مێزەر و شەدە بەسەر دانيشتون. هەرکەسێ بە شتێکەوه خەريکه. یەک چايی تازەدەم و پڕرەنگ هەڵدەقوڕێنێ. يەکی ديکه نان و پەنير به چايی شيرينەوه دەخوا. يەک سەبيلەی پڕ کردوه له توتنی خۆماڵی و مژی ڵێ ئەدا و، دووکەڵ بڵاودەکاتەوه. جاربهجاريش دەکۆخێ. يەک دوانێک بە دەنگی بەرز قسەدەکەن. باسی ئاژەڵداری و کشت کاڵ و باخداری و حاسڵاتی ساڵ بۆ يه کدی دەگێڕنەوه.
مام عەوڵا ڕووم تێدەکا، بەخێرهاتنم دەکا و دەڵێ (فەرمووه کاکە چای دەخۆیەوە، يان نانت بۆ بێنم؟)
دەڵێم (بێ زەحمەت چاێيکی تازه دەم و قلیانێکیشم بۆ داگرسێنە!)
پياوێکی بە ڕواڵەت پيری شەده بەسەر کە بە دابی لای فەيزوڵڵابەگی لايکی شەدەکەی هێناوەته سەر تەوێڵی و لفکەێکی به لامليدا بەرداوەتەوه و لەگەڵ کوڕێکی مێردمنداڵ خەريکی نان و ماستاو خواردنن. کابرا باوەکوو پاروو له دەمدا با ئەدا دەڵێ (کاکه فەرموو تيکەێک نانمان لەگەڵ بخۆ!)
نوقمی ئەم بيرەوەرييە دەبم، که دەگەڕێتەوه بۆ ساڵەهای ساڵی له مەو بەر، ئاگام له خۆم نييه. له ناکاو دەنگێکی نەرمی ژنانه لەو فەزايەم وەرده گێڕێ. دەگەڕێمەوە نێو فەزای چايخانەکه و ئەم سوێده سارد و سڕه و پڕبارانه. سەرم هەڵدەبڕم و سەير دەکەم. کچێکی باڵا بەرزی چاو شين، قژکاڵ، خوێن شيرين و له دڵەوه نزيک به ڕوو خۆشييەوه دەڵێ (فەرموو چ دەخۆيەوه. چای، قاوه، یان شەربەت؟)
تەماشاێکی سيگارەکەی نێوان پەنجەم دەکەم. بێ ئەوەی دايگرسێنم دەڕوانمە کچه و دەڵێم (ئاها، بمبووره هۆشم لێره نييە، زەحمەت نەبێ قۆريي چاییم بۆ بێنە!) کچەکە گورج دەڕوا، زۆری پێناچێ دەگەڕێتەوه. قۆريێک چايی و دوو کەيکی له سەر کەشەفێک به دەستەوه لێم نزيک دەبێتەوه، لای شانی ڕاستمەوه دەوێستێ قۆرييه چايیکه له بەر دەستم دائەنێ. بزەێکی بێ تين دێته سەر لێوی. چاوەڕێيه که پووڵی چاييکەی بدەمێ. پووڵی چاييەکەی ئەدەمێ. دەڕوا به لای کاری خۆيەوه.
هەناسەێک له ناخەوه هەڵدەکێشم. سيگارێکی دیش دائەگرسێنم. چاوێک له فينجانەکەی بەر دەستم دەکەم، مژێک له سيگارەکەم ئەدەم. سەرم هەڵدێنم و له شوشەی پەنجێرەکەوه دەڕوانمه ديوی دەرەوه. هۆشم ئەگەڕێتەوه بۆ لای چاييەکەی بەر دەمم. فينجانەکه پڕدەکەم و زۆر ئەهۆن قومێکی لێ دەخۆمەوه و مژێک له سيگارەکەم ئەدەم و دووبارە دەچەوە قووڵايی تێڕامانەوە. نووقمی خەياڵاتی خۆم دەبم. له دەرەوه بارانەکه بەردەوامه.
ميوان دێنه ژوورەوه. يه ک دوانێک هەڵدەستن و ودەردەکەون. هی وا هەيه پاڵتاوی بارانی له بەردايه. هی واش هەيه کڵاوی له سەردايه و تا بناگوێێ داکێشاوه. زۆربەشيان چەتريان بە دەستەوەيه. چاو دەگێڕم به ساڵۆنی چايخانەکەدا. دەڕوانمه پەنجێرەکه و بارانەکەی دەرەوه. سەرم وەردەگێڕم سەيری ئەم لاولای خۆم دەکەم. ديسان حيلک و هۆڕی پێکەنينی ئەو دەسته کوڕ و کچەی دەوری مێزەگردەکه سەرنجم ڕادەکێشێ. دووبارە دەکەومه گومانەوه. خەياڵم دەڕوا، سوتووی سيگارەکه له دەستم بەر دەبێتەوه و دەکەوێته نێو چايەکە پەنجەشم دەسوتێنێ. ئەمجار مەلی نيگام دەفڕێ بۆ لای تابڵۆ هەڵواسراوەکانی ديواری ساڵۆنەکه. خانووەکه بيناێکی کۆنساڵی لەمێژينەيه. وەک قەڵای سەردار دێته بەرچاوم. بەڵام بەو جياوازييه، که قەڵای سەردار له خاکی کوردستان لە (بۆکان) ئەم خانووه له مێژينه له خاک و بەردی سوێد ساز کراوه.
چايی دەخۆمەوه. به تاسەوه مژێکی دی لەسيگارەکەم ئەدەم و دووکەڵەکەی بە لوتمدا لەگەڵ خەم به بادەکه م. دیسان سەرنجم دەڕوا بۆ لای کچێکی سپيکەلانەی قژکاڵ و لێو سوور که لەگەڵ کوڕێکی قولەڕەشە وەک ماری (عاشقه و ماشقه) لە یەک هاڵاون. دەکەومه دنيای تێڕامانەوەده. له دڵی خۆمدا دەڵێم (خۆشەویستی ڕەگەز ناناسێ سنووریشی نییە. گوێ ناداتە ڕەش یان سپی بوونی و نەبوونی ئەم و ئەو.) هەندێک گرژدەبم، دەمەوێ هەستم و بڕۆم، بەڵام بارانەکەی دەرەوه خاوم دەکاتەوه. له بەر خۆمەوه دەڵێم ئاو و هەوای ئەم وڵاته مرۆڤ فسۆڵ دەکا بۆ وا تەمەڵ و تەوەزەل بووم! خۆ من له وڵاتی خۆمان ڕۆژه ڕێێک به بەفر و باران به ڕێدا دەڕۆييم. بۆ ئێستا زاتم نييه بچمه بەر باران. ئەوه هات و بەم زووانه باران خۆشی نەکردەوه.
دەڕوانمه سووچ و قوژبنی ساڵۆنەکه. چەند مێز لەو لاترەوه بۆ لای دەرگاکه، دوو دڵداری ديکه دەبينم، کە سەريان ناوه به سەری يەکەوه و ڕاز و نياز دەکەن، کچەکە سەری وەردەگێڕێ و من دەبينێ. به شەرمەوه تۆزێک له کوڕه دەکشێتەوه. گوێم لێيه به سرته و به سوێدی دەڵێ (وامەکه، ئێستا نا!) دەمناسێتەوە دەزانی کە دۆستی باوکیم. کچه چکۆڵەکەی (مامۆستايه). بۆ ئەوه که شەرم نەکا و بەخۆيدا نەشکێتەوه، ڕووم وەردەگێڕم، دیسان مژێکی دی له سيگارەکەم ئەدەم و دووکەڵەکەی هەڵدەمژم و دەیکوژێنمەوه. هەڵدەستم، چاکەتەکەم له بەر دەکەم و دەمەوێ بڕۆم. به ناچار دەبێ به لای ئەواندا تێپەڕم. نزيکيان دەبمەوه، کيژەکەی مامۆستا ڕوو له من دەکا به ڕوو خۆشييەوه، به سوێدی سڵاو دەکا. بەڵام من بە کوردی وەڵامی ئەدەمەوە (ڕۆژ باش، ببوورە، لە هەوەڵەوە نەتم ناسییەوە.) ئەويش سەرێک دەلەقێنێ و هەر بە سوێدی دەڵێ(قەیدی ناکا!)
(دەڵێم خۆ تۆ کوردی، کچی مامۆستای باوکت له ڕێی کوردايه ئاوارەی ئەم وڵاتە بووە؛ بۆ بەکوردی قسە ناکەی؟ منیش کوردم و هاو وڵاتی ئێوەم.) نازانم بە قسەکانم دڵگیر دەبێ یان نا، تۆ بڵێی لە مەبەستم تێ بگات؟ بەڵام ئەو هەمیسان بە سوێدییەکەی خۆی دەڵێ (من کوردی کەم دەزانم، ڕاستە باوک و دایکم کوردن؛ بەڵام من هەرگیز لە کوردستان نەبووم.) هەندێک مات دەبم. دڵخۆشی ئەدەمەوە و دەڵێم (قەیدی ناکا، ئەگەر ڕۆژێک بگەڕێیەوە بۆ وڵاتی خۆمان؛ لەوێ فێری کوردیش دەبی!) بنێشتەکەی لە دەمیدا دەێنێ و دەبا؛ شانی هەڵدەتەکێنێ بە بزوەی برۆ، دەست، سەر و چاو ئاماژە دەکا و دەڵی (ئا، نازانم... بەڵکوو.)
سەیرێکی دەکەم، مات تێڕاماومپێم؛ نازانم بڵێم چی. ئەوندەی دیش باری وەڕێزیم قورس و گرانتر دەبێ. هیچم بۆ نامێنێتەوە، تەنیا ئەوە نەبێ دەستم بۆ لای ڕادەوەشێنم و بە سوێدی دەڵێم (زۆر باشە، جارێ خوداحافیز!)
لە چايخانەکه وەدەردەکەوم. خۆم ئەدەمە ژێر باران و دەست سەرما. دەڕۆم و ئەو قسەیەی باوەگەورەمم وەبیردێتەوە کە دەیکوت (کۆسە چوو بۆ ڕیش، سمێڵیشی دوڕاند!)[1]