هونەر ئیکسیرمە، بێ، تا زەڕ و سیمت بدەمێ
دیدە دەریامە، وەرە دوڕڕی یەتیمت بدەمێ
داومە بۆ جەزبی دڵت دڵ وەکوو داروویی تەبیب
هەمە ئوممێدی دروست، ئەرچی بە بیمت بدەمێ
وەزعی ئەربابی جیهان؛ گەر هەموو تەغییرە، چ غەم؟
دڵ لە جێدایە، وەرە مەیلی قەدیمت بدەمێ!
ئەدەب ئامووختەیە دڵ، نیگەرانم، سا بێ
تۆ کە شای مەملەکەتی حوسنی، نەدیمت بدەمێ
وەه چ کۆتا بوو، لەبەر توولی ئەمەل، عومری خەسیس
بە حەڵاڵی وەرە میراسی لەئیمت بدەمێ!
دڵی ئیسقاتییی مەعیووبی ڕەقیبم بکە ڕەد
لە سەقیم لابدە، بێ، قەلبی سەلیمت بدەمێ
تەرجەمەی ئایەیی (لاتَقْنِطوا) ئەم شیعرە دەکا
با نەویدێ لە غەفوورییی ڕەحیمت بدەمێ
حادیس و فەردی مەجازن هەموو فەرماندەهی دەهر
بێرە لای من، خەبەری فەردی قەدیمت بدەمێ
تەنگە بەرچاوی لەئیمانی جیهان، (سالم)! بێ،
موژدەیی ویسعەتی بەرچاوی کەریمت بدەمێ [1]
#دیوانی سالم#
#سالم#