سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک 05
#شەماڵ بارەوانی#
دەوڵەتی سیکۆلاریزم، دەوڵەتی ئایینێک، گرووپ و مەزهەبێک، ئایدیۆلۆژیاو حزبێکی ئایینی، فیرقەیەکی دیاری کراو بەتەنها موڵکی ئەقیدەیەک نییە. سیکۆلاریزم دەڵێت دەبێت دەوڵەت،
دەوڵەتێک بێت، بۆ هەموان بێت. ژیانی هەموو مرۆڤایەتی تێدا بەرجەستەبێت. کەرامەت و سەرو گیان و حەزەکانیان تێیدا پارێزراوبێت. دەوڵەتێک بێت، جێگای ئازادییەکانی تێدا ببێتەوە. دەوڵەتێک بێت، کەس لەسەر ئایین و ئەقیدی ئایینی، لەسەر مەزهەبی جیاواز و دیدەنیگای جیاواز و بیروباوەڕی جیاواز، تیرۆر نەکرێت و ئەشکەنجەو ئازار و زیندانی و بێ سەرو شوێن نەکرێت.
دەوڵەتێک بێت ئایندار و لائیکێک، بڕوادار و گومانگەرایەک بە یەکسانی جێگایان تێدا ببێتەوەو جیاوازی لەنێوان هیچ مرۆڤێک نەکرێت، لەسەر بنەمای جیاوازی ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی و ڕەنگ و ڕەگەز. دەوڵەتێک بێت، خۆشەویستی تێیدا ئایین و مرۆڤایەتی ڕێبازبێت. دەوڵەتێک بێت، ڕق و دەمارگیری، ڕەگەزپەرستی و یەکترسڕینەوە، تیرۆر و کوشتن و تووندوتیژی، فێندەمێنتالیزمی ئایینی و بیری ڕادیکاڵیەت،
دۆگمی بەرد و حوکمی شمشێر و هەڕەشەی سەربڕین و زمان قرتاندن و دەست و پێ پەڕاندن تێیدا تاوان و قەدەغەبێت. ڕێزگرتن لەئاشتی و برایەتی و پلۆرالیەت و پێکەوە ژیان، ئەرک و یاسا بێت. لێبوردەیی و یەکترقبوڵ کردن و چەمکی هاووڵاتی بوون، بنەماو دۆکترین و ئەقیدەی فەرمی دەوڵەت و دەستوری وڵات بێت. دەوڵەتێک بێت بەواتای وشە باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ هەبێت. ڕێز لە ئازادی و ماف و سەربەستی ژن.
هەڵبژارنەکانی تاک، ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان، بیروباوەڕی هەموان و هەموو جیاوازیەکان بگریت. دەوڵەتێک بێت، دژایەتی یەکسانی جێندەری، دیموکراسیەت، سیکولاریزم و زانست و ئەقڵانیەت و تازەگەری نەکات.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!