ئەی بێ نەزیر و هەمتا هەر تۆی کە بەرقەراری
بێ دار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری
بۆ باغی مەردی یاغی سەرمایەکەی خەزانی
بۆ مەزرەعەی فەقیران سەرمایەکەی بەهاری
تۆ پادشا نیشانی بۆ هەر سەوادی ئەعزەم
بێ سەدر و شانشینی، بێ پەردە پەردەداری
خەللاقی بێ فتووری، سوڵتانی بێ قسووری
ڕەززاقی مار و مووری، ئاودێری دێمەکاری
فیرووزە تەختی گەردوون مەسنووعی نەقشی تۆیە
یاقووت و لەعلی ڕۆژە، ئەستێرەکان دەراری
جێ و مەکانی تۆیە بێ جێ و بێ مەکانی
لەیل و نەهاری تۆیە بێ لەیل و بێ نەهاری
هەر ئەمری تۆ مەدارە بۆ کارووباری عالەم
هەرچەندە بێ وەزیر و بێ سەدر و کاروباری
سەحرانەوەردی شەوقت خورشید و ماهی تابان
دوو جارییەن شەو و ڕۆژ بێ مەحمەل و عەماری
مەعلوومە بۆ چی حاجی مەدحت دەکا بە کوردی
تا کەس نەڵێ: بە کوردی نەکراوە مەدحی باری [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#