هەموو عومرم لە ڕێی هات و نەهاتی
بەسەر چوو ئەی ئەجەل هەر تۆ نەهاتی
لە دەستی حاجیبت چاوم غوڵامت
بەراتی قەبرە، پەیکانە خەڵاتی
بە ڕوخ فەڕزە غوباری سوممی ئەسپت
بماڵم شاهی پیل ئەفکەن بە ماتی
لە تاوی خوسرەوی سەییارە ئەنجوم
هەڵاتن، یاری من تۆ هەڵنەهاتی
لە ڕەهنی وی دەبێ سۆفی وەکوو من
بکا پێشکەش هەموو سەوم و سەلاتی
دەزانم ڕحمة للعالمینی
لە بەدبەختی منە کەم ئیلتیفاتی
چ گەنجێکە ئیلاهی گەنجی حوسنت
لە هیچ دینێ نەبوو واجیب زەکاتی
لە تووشیی خۆم بوو هەرچی تووشی خۆم بوو
لە دەستی خۆیەتی حاجی شکاتی [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#