وەرە سەیری بزانە لاوی کۆیی
مەهە دانیشتووە یا سەروە ڕۆیی
هەیاسە و پەستەکی لای نێوە شانی
کەوای شیرداخ و فێس و جامەدانی
بە یەغمای داوە خەرقەی شێخی هیندی
ڕەدا و تەیلەسانی نەقشبەندی
کە بیستی سەیدی دڵ لەم دەورە باوە
لە پەنجا جێوە شەستی زولفی ناوە
دڵی ویستم دوو چاوی، دانی خۆشە
دڵم نایە دڵی بشکێ، نەخۆشە
گرینم وەک شەوی پایز بەتاوە
گوڵێکم بوو لە باغاندا نەماوە
مەڵێ غەم گەورەیە یا گریە وردە
ئەمە گەرداوە، ئەویان ئاوەگردە
بەسە ئەی خامە با ئەم باسە پەی بێ
وەرە سەر باسەکی وا فایدەی بێ
ئەمانە قیسسەیێکە زۆر کراوە
وەکوو ئاوی شەوێ تامی نەماوە
گەلێ ساڵە ئەهالی شارەکەی کۆ
شەو و ڕۆژێ لەگەڵ شێخانی بێپۆ
میسالی ئاگر و ئاگرپەرستن
دەسووتێن و هەمیسان دەیپەرستن
لە عەهدی (کەر نەبی) تا دەوری (گا کوێر)
لە گوێی گا نووستوون، زۆر حەیفە بۆ شێر
لەکن خۆتان فڵان ئیبنی فڵانن
لە دنیا ئایین و ئۆین دەزانن
کەچی کەچ مەشرەبێکی بێ دیانەت
بە حیلە مل دەنێتە بەر عیبادەت
شەریعەت گەر بزانی یا نەزانی
وەکوو کەر دەچنە بن باری گرانی
لە مەش تەنها نییە سووچ و خەتاتان
لە کەسبیش غافڵن میسلی مەلاتان
لە بەغدا بۆ چی خۆرما بێت و لەیموون
لەبۆ دەرمان لە شار بێ ڕۆنی زەیتوون
لە دەوری کوللی باغی شاری کۆیێ
دووسەد بن داری زەیتوونی بە جۆیێ
لە ئێوە کامەتان بوو یەک دوو بارێک
بکاتە کیسەیەک یاخود خەرارێک
دوو پێی لێ دا لە کۆلا میسلی دۆشاو
وەکوو ڕۆن ڕۆنی زیتوون بێتە سەر ئاو
وەیا کەی نێژراوە چەند نەمامەک
لە نارنج و توورونج و هەر مەقامەک
بزانن شین دەبێ، نابێ، بە بەر دێ!
لە جێگای گەرم و ساردی چی بە سەر دێ!
بەراو و ئەرزی ئێوە کیمیایە
دوڕ و گەوهەر گەزۆ و مازووی چیایە
مەعادین خاتری تۆ بێ لەگەڵ کان
گەنمتان زێڕە حەتتا زیوە زیوان
ڕەژووی واپۆڕ و خوێ و نەوت و گۆگرد
لە کێوی ئێوە دا کۆیە وەکوو گرد
لە بەینی میللەتی خۆتان بەیاری
بکەن تەقسیمی شاخ و دار و باری
دەوەن ئاخر دەبێتە داری گەورە
مەڕی لەڕ خدمەتی بۆ گۆشتی چەورە
لە دنیادا ئەوی باقی بمێنێ
لە عوقبادا گوناهی پێ نەمێنێ
عەتایە و حوسنی خوڵق و ئیتتیحادی
ئیتاعەی عالمانە و شێخی هادی
خەریکی کاسبی و کاری حەڵاڵە
بە غەیری ئەم ئەوانی تر بەتاڵە
ئەوانەی موڵکی خۆیان کردە دەوڵەت
وەکوو بت دەیپەرستن جەمعی میللەت
میسالی ئێوە بوون یاخود وەکوو من
ئەوان بۆ چی پیاون ئێمە وەک ژن
سکەندەر بۆ چی چار چاو و دوو سەر بوو
فەرەیدوون فیل و کاوە شێری نەڕ بوو؟
لە دونیا هەر کەسێ هەستا بە هیممەت
فەرەیدوونێکە، ئەسکەندەر مرووەت
لە سایەی شیعرەکانی وەک فەرەیدوون
دەمێنێ حاجی تا دەورانی گەردوون [1]
#دیوانی حاجی قادری کۆیی#
#حاجی قادری کۆیی#