بانووە تەشی ڕێس
تەشی ئامێرێکی کەلەپووری کوردییە، بۆ ڕستنی خوری مەڕ، مووی بزن و کوڵکی مەرەز بەکاردێ. لە دیرۆکی کوردیدا، ڕستن بە ئامیری تەشی، کارێکە تایبەتە بە ژنان، بۆ نزیکەی 2800 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕیتەوە: بەڵگە مێژووییەکان ئەم ڕاستییە دەخەنە ڕوو.
یەکەم: پەیکەری بەردینی (سنگ نیگارە)، شاژنی تەشی ڕێسی کوردی ئیلامییە، کە لە شاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە و لە مۆزەخانەی (لۆڤەر) لە فەڕەنسا پارێزراوە، مێژووەکەی بۆ 2800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
دووەم: پەیکەرە بەردینی شاژنە تەشێ ڕێسی هیتیە، مێژووەکەی بۆ 2700 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هیتیەکان باپیرانی کوردانی ناوچەی جزیرەن، لە مێژووی کۆندا دەسەڵات داربوون.
سێیەم: پەیکەری زێڕینی بانووە شاژنی کوردی ئۆرارتۆییە، مێژووەکەی بۆ 2600 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئۆرارتۆییەکان لە باکوری کوردستان دەسەڵاتداربوون و شاری وان پایتەختیان بووە.
ئامێری تەشی یەکێکە لە داهێنراوەکانی بیری ژنی کورد، کارسازانی کورد بە زۆری لە داری گوێز و توو درووستی دەکەن، پێکدێ لەم بەشانە: کلکە تەشی: دارێکی باریکی لوولەکییە، درێژییەکەی 20 بۆ 30 سم دەبێ، هەروەها سەلکە تەشی: دارێکی بازنەیی دوو دیو تەختە، تیرەکەی 5 بۆ 7 سم دەبێ، بە سەری کلکە تەشییەوە لکاوە. لەگەڵ ئەمەدا بەشێکی تریان قولاپێکی بچووکە لە مادەی کانزایی ئاسن درووست دەکرێ و لە چەقی سەلکی تەشیدا دەچەقێنرێ، بۆ ئەوەی هەڵوێزراوی پێوە بەندبکرێ.
کورد ئەڵێ: نەڕیسراوە، نە پێچراوە، تەقەتەقی جۆڵایە. ڕستن بە تەشی بە دوو شێوە ئەنجام دەدرێ: شێوەیەکیان پێی دەوترێ (باریکان) ڕێسراوەکە زۆر بە باریکی دەڕێسرێ، بۆ چنینی بوزوو بەکاردێ. شێوەکەی تریان پێی دەوترێ (ئەستوورکان) ڕێسراوەکە بە ئەستووری دەڕێسرێ، بۆ چنینی گۆرەوی، زەنگاڵ، دەستەوانە بەکاردێ.
لە کوردەواردا ئەگەر ڕێسراو بە شلی بڕێسرێ، پێی دەرترێ: (خاوکان) هەروەها ئەگەر بە توندی بڕێسرێ پێی دەوترێ: (گرژکان) خاویی و گرژیی ڕێسراو، دواتر کاریگەری لەسەر جۆری چنینەکە دادەنێ.
ڕستن ڕۆچۆتە ناو دنیای ئەدەبیات و گۆرانی کوردییەوە، (وەفایی) شاعیر هۆنراوەی (شیرین تەشی دەڕێسێ)ی نووسیوە، هەر خۆی ئاوازی بۆ داناوە، خانمە گۆرانی بێژیی کورد (فەتانەی وەلیدیی) بۆ یەکەم جار کردوویەتی بە گۆرانی و لەزاری ئەوەوە بڵاوبۆتەوە.
کار و پیشەی تەشی ڕستن، لە بوواری کەلەپووردا، دەست ڕەنگینی و شارەزایی ژنانی کورد لە مێژووی کۆن و نوێدا ئاشکرا دەکات و بەهای کەلتووری کوردی بە ڕووی دنیادا پیشاندەدات.
سەرچاوەکان:
یەکەم/ م. ئارام ئەڵمانیا، نووسەر لە سایتی Archaeology in Kurdistan
دووەم/ مامۆستا هێرۆ جەلال محەمەد، نووسەر لە سایتی Archaeology in Kurdistan
سییەم/ دایکی ئازیزم بەدیعە ڕەشید عەبدولڕەحمان، دانیشتووی سلێمانی، تەمەن 92 ساڵ.[1]