ناونیشانی بابەت: سیراجا سەرێ سوتێ؛ ئەشکەوتە دەگمەنەکەی #دەڤەری بارزان#
ئامادەکردنی: محەمەد هەسنانی
ئەشکەوتی (سیراجا سەرێ سوتێ) لە مزووری باڵا لە دەڤەری بارزان، دیمەنێکی خەیاڵی و سەرنجڕاکێشی هەیە و لە قووڵایی زیاتر لە 100 مەتری ئەشکەوتەکە کانییەکی دەگمەن بەرچاو دەکەوێت و ئاوێکی شرینی لێ هەڵدەقوڵێت.
سەڵاح مەهدی، چالاکوانی شاخەوان و ژینگەپارێزی سەنتەری بارزان، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: دەڤەری بارزان بە ناوچەی ژینگەپارێزی ناسراوە، یاسایەکی تایبەت هەیە بە پاراستی ئاژەڵ و پەلەوەری کێوی و دارستان و ژینگە بەگشتی، ئەمەش وایکردووە، کە ژینگەی دەڤەرەکە بوژانەوەی زۆر بەخۆیەوە ببینێت و گەشە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا، لە دەڤەرەکەدا چەندین ئەشکەوت و شوێنەوار و ناوچەی سەرنجڕاکێش هەن، کە مرۆڤ ئارەزووی سەردانیان دەکات، یەکێک لەو شوێنانەش بریتییە لە ئەشکەوتی (سیراجا سەرێ سوتێ) لە مزووری باڵا لە دەڤەری بارزان.
گوتیشی: ”ئێمە وەک سەنتەری بارزان، بۆ یەکەمینجار سەردانی ئەم ئەشکەوتەمان کردووە، بەڵام بەهۆی سەختیی ڕێگاکە، هەموو کەس ناتوانێت بەئاسانی بگات بە ئەشکەوتەکە، بۆ نموونە، ڕێگای ئۆتۆمبێلی نییە و دەبێت زیاتر لە 14 کیلۆمەتر، نزیکەی پێنج کاتژمێر بەناو شاخ و دۆڵ و بەرزاییەکاندا سەربکەویت، لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ گەیشتن بە شوێنەکە، دەبێت کەسێکی شارەزات لەگەڵدا بێت.
ئەم چالاکوانەی شاخەوانیی دەشڵێت: هەڵکەوتە و سرووشتی ئەم ئەشکەوتە لە زۆربەی ئەشکەوتەکانی دیکە جیاوازترە و دیمەنێکی خەیاڵی لە دەروازە و ناوەوەی بەدی دەکرێت، بە گوتەی دانیشتووانی نزیک سنوورەکە، لە کاتی هەورەبرووسکەدا ئاگر لە دیوارەکانی ئەشکەوتەکە پەیدا دەبێت، هەروەها قووڵاییەکەی زیاتر لە 100 مەتر بە شێوەی ئەستوونی بەرەو خوارەوەیە و ڕووی لە ئاسماندایە، کە شۆڕبوویەوە ناوی، کانییەئاوێکی دەگمەن هەڵدەقوڵێت و تامێکی خۆش و شرینی هەیە. سەڵاح مەهدی، ئەوەش دەخاتە ڕوو: بۆ شۆڕبوونەوە و چوون بۆ ناو قووڵایی ئەشکەوتەکە، گرنگە مرۆڤ چەند پێداویستییەکی پێبێت، وەک پەتێک بۆ شۆڕبوونەوە بۆ ناو ئاشکەوتەکە، ئەگەرچی بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان، پێشتر ڕێچکەیەک هەبووە بۆ چووەنە ناو ئەشکەوتەکە، بەڵام بەهۆی باران و گۆڕانکاری لە چینەکانی سرووشت، ڕێچکەکە لە زۆر شوێندا نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووناکی و چەند پێداویستیی دیکەی شاخەوانی پێوستە، لە کاتی چوونی مرۆڤ بۆ ئەم جۆرە شوێنە سەخت و ئەشکەوتانە، بۆ ئەوەی بتوانیت گەشتەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بکەیت و دووچاری ڕووداوی مەترسیدار نەبیتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد: بەپێی ئەوەی هەڵکەوتەی ناوچەی ئەشکەوتی (سیراجا سەرێ سوتێ) کەوتووەتە نزیک سنووری نێوان #باشووری کوردستان# و #باکووری کوردستان# بەهۆی بارودۆخی سەربازی و شەڕی نێوان #پەکەکە# و #سوپای تورکیا#، ناوچەکە ئارام نییە، ئێستا گەیشتن بەم ئەشکەوتە ئەستەمە و کەس ناتوانێت سەردانی بکات.“
[1]
کوردیپیدیا مسئولیتی در قبال محتویات این مطلب ندارد و صاحب آن مسئول است. کوردیپیدیا آن را برای اهداف آرشیوی ضبط کرده است.
این مقاله بە زبان (کوردیی ناوەڕاست) نوشته شده است، برای باز کردن آیتم به زبان اصلی! بر روی آیکون
کلیک کنید.
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
این مقاله 979 بار مشاهده شده است
نظر خود را در مورد این مقاله بنویسید!