$ڕاڤەی ئایەتی (لا إکراە في الدین) لە پەراوێزی باس و خواسی ئازادیی باوەڕ لە ئیسلامدا$
نووسینی: #سەروەر پێنجوینی#
هەر جارێک بابەتی ئازادیی باوەڕ لە ئیسلامدا بێتە پێشەوە؛ قسەکەر و داکۆکیکاری ئیسلامی ئەو ئایەتە بە بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەر ئەوەی گوایە لە ئیسلامدا ئازادیی باوەڕ هەیە. و دەشڵێن: ئەم ئایەتە لە مەدینە هاتوەتە خوارەوە نەک لە مەککە کە ئەمەش گوایە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمە کاری پێ دەکرێت و وەکو هەندێک لە ڕێنماییەکانی قۆناغی مەککە نەسخ نەکراوە..
ڕاستە ئایەتی (لا إکراە في الدین) لە سورەتێکی مەدینەییدایه(سورەتی البقرة، ئایەتی: 256) .. بەڵام ئایا ئەو ئایەتە باسی چیدەکات؟ ئایا مەبەستی ئەوەیە هەر کەسێک ئازادە چ دینێک هەڵ دەبژێرێت؟ نەخێر.. بە هیچ شێوەیەک مەبەستی ئەوە نییە و یەک سەرچاوەی ئیسلامی قسەی وای نەکردووە و بە و شێوەیە تەفسیری نەکردووە.. بەڵکوو ئەو تێگەیشتنە پێچەوانەی قورئانیشە و پێچەوانەی مومارەساتی موسوڵمانانی یەکەم و یاسا ئیسلامیەکانە.. هەمومان دەزانین ڕێگە نەدراوە لەناو نیمچەدورگەی عەرەبیدا فرەپەرستی (شرک) بمێنێت.. دوای ئەوە هەر شوێنێک دەسەڵاتی ئیسلامی پێ گەیشتبێت؛ خەڵکەکەی یان موسوڵمان کراون یان سەرانەیان لەسەر دانراوە یان کوشتار کراون و ئیبادە کراون (حەدیثی صەحیح و مەشهور هەیە لەسەر ئەوە).. ئیتر چۆن (ئیکراﮪ) نییە و نەکراوە؟
دروشمی هەمو سوپا و سەرییە ئیسلامیەکانیش ئەمە بوە (قاتلوا من کفر بالله) یان هەر کەس موسوڵمان نەبو؛ شەڕی لەگەڵ بکەن (صحیح مسلم و.... هتد).. لە قورئانیشدا دەیان ئایەت هەیە کە دەڵێن: توند بن لەگەڵ ناموسوڵمان (جاهد الکفار والمنافقین واغلظ عەلیهم..) (أشداء عەلی الکفار) (قاتلوا الذين يلونکم من الکفار وليجدوا فيکم غلظة).. ئیتر جگە لە و هەمو ئایەتانەی تر کە فەرمان دەکەن بە کوشتار (قتال) ی بێ کۆت ومەرجی فرەپەرستەکان (ئەگەر ئامادە نەبن موسوڵمان ببن)..
ئینجا ئایەت هەیە بەصەراحەت ئایینی تر ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت قبوڵ نیە: (ومن یبتغ غیر الإسلام دینا؛ فلن یقبل منه).. کە بۆ ئەم دێڕە (لن یقبل منه) داکۆکیکارە ئیسلامیەکان دەڵێن مەبەستی ئەوەیە لە ڕۆژی دواییدا لێی وەرناگیرێت نەک مەبەستی ئەم دنیا بێت.. بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر لە دەقەکە خۆی ورد ببینەوە؛ دەبینین دوای ئەمە باسی ڕۆژی دوایی دەکات کە دەڵێت: (وهو في اڵاخرة من الخاسرین).. کەواتە کە پێش ئەمە کە دەڵێت لێی وەرناگیرێت (لن یقبل منه)؛ مەبەستی ئەم دنیایه، یان مەبەستێکی گشتیی هەیە و تایبەت نییە بە ڕۆژی دواییەوە.
ئینجا ئەگەر ئەو ئایەتە باسی ئازادیی هەڵبژاردنی دین دەکات؛ بۆچی خەریکە ئیجماع دادەمەزرێت لەسەر ئەوەی موڕتەدد دەکوژرێ!.. [تەنیا هەندێک لە کوفەییەکان فەتوایان داوە کە ناکوژرێت بەڵکوو بەند دەکرێت و هە تاهەتایە داوای گەڕانەوەی لێ دەکر!.. ئەوانەش دوانن: ئیبراهیمی نەخەعی و سوفیانی ثەوری. هەرچەندهەندێک لە سەرچاوە ئیسلامیەکان گومان لەوەش دەکەن ئەم دوانە قسەی وایان کردب!..].ئەگەر ئیسلام باوەڕی بە ئازادیی هەڵبژاردنی دین هەیە؛ بۆچی ئیختیاری بەر دەم فرەپەرست (مشرک) ی عەرەب لە ئیسلامدا؛ تەنیا (موسوڵمان بون) یان (کوشتار) ه؟ ئەگەر ئیسلام باوەڕی بە ئازادیی هەڵبژاردنی دین هەیە؛ بۆچی ئیختیاری بەر دەم (ئەهلی کیتاب)، واتە یەهودی و کریستیانەکان [و زەردەشتیەکان]، لە ئیسلامدا؛ تەنیا (موسوڵمان بون) یان (سەرانەدان) یان (کوشتار) ه؟
ئینجا بۆچی یەک موفەسسیر نییە بڵێت ئەو ئایەتە باسی ئازادی دەکات لە هەڵ بژاردنی دیند!.. بڕوانە موفەسسیرەکان دەڵێن چی: ئەم تەفسیرانە تا ئێستا کراون بۆ ئەو دەقە:
1. بە بڕوای کۆمەڵێک (ئیبن مەسعود و ئەبوڕڕەبیعی ئەشدەق [سولەیمانی کوڕی موسا] و کەسانی تر)؛ ئەو ئایەتە مەنسوخە (بۆ غەیری ئەهلی کیتاب، یانی: بۆ فرەپەرستەکان) بە و ئایەتانەی ئەمر بە قیتال دەکەن، بەتایبەتی: (يا أيها النبي جاهد الکفار والمنافقين)..
2. کۆمەڵێک (وەکو شەعبی وقەتادە وحەسەنی بەصڕەیی وضەححاک، و طەبەری یش پەسەندی کردووە): ئەو ئایەتە تایبەتە بە ئەهلی کیتاب.. یانی: دوای ئەوەی سەرانەیان لەسەر دانرا؛ ئیتر زۆریان لێ ناکرێت موسوڵمان ببن.. کە لە ڕاستیدا زۆریشیان لێ کراوە!..
3. هەندێک (وەکو ئیبن ئەنباری): باوەڕ شتێک نییە بەزۆر لە دڵدابچەسپێنرێت، بەڵکوو شتێکە ئەگەر کەسێک خۆی بیەوێت دڵی خۆی بۆ دەکاتەوە.. یانی: ئەگەر ئێوە زۆریش بکەن؛ هێشتا ناتوانن باوەڕی ڕاستەقینە لە دڵدا درووست بکەن..
4. بەپێی بیروڕایەکی تر: گوایە مەبەستی ئەوەیە: ئەو کەسەی دوای ڕاگەیاندنی کوشتار و بەرزکردنەوەی شمشێر موسوڵمان دەبێت؛ پێی مەڵێن بەزۆرلێکراوی موسوڵمان ب!..
5. بە بڕوای هەندێک (وەکو سوددی): ئەمە باسی دو کوڕی پیاوێکە لە ئەنصار کە بوبونە کریستیان و ڕۆشتبون.. باوکەکیان داوای لە پێغەمبەر کردبو بنێرێت بەشوێنیاندا و موسوڵمان بکرێنەوە ئەگەر بە زۆریش بێت (کە ئەو کاتە هێشتا کوشتاری ئەهلی کیتاب ڕانەگەیەنرابو)..
6. بەپێی بیروڕای کۆمەڵێکیش (ئیبن عەبباس کە ئەبو داوود لێی گێڕاوەتەوە، لەگەڵ موجاهید و سەعيدی کوڕی جوبەير و هەروەها لە شەعبی ەوە گێڕدراوەتەوە، هەروەها نەححاس و کەسانی تریش پەسەندیان کردووە): ئەمە دەربارەی کۆمەڵە کەسێک بون لە ئەنصار یانی منداڵی ئەنصاریەکان بون و لە منداڵییەوە بونەتە جولەکە یان منداڵی جولەکە بون و ژنی ئەنصاری شیریان پێ داون.. ئینجا کاتێک بەنو نەضیر دەرکران؛ ئەو ئەنصاریانە بە هیوا بون منداڵەجولەکەکانی خۆیان گل بدەنەوە و بەزۆر موسوڵمانیان بکەن.. ئیتر ئەو ئایەتە وتی با بە هەڵبژاردنی خۆیان بێت و زۆریان لێ مەکەن.. ئەم لێکدانەوەیە لە ڕوی سەنەد و بەڵگەی ڕیوایەتیەوە لە هەمویان بەهێزترە.. ئەم لێکدانەوەیەش هەر دەبێتە پاڵپشتی لێکدانەوەی دوەم کە (طەبەری) یش پشتگیریی کردووە و دەڵێت تایبەتە بە ئەهلی کیتاب.
7. هەندێکیش وتویانە: مەبەستی ئەو کەسانەیە کە لە دەسکەوتی جەنگ دەکرێن بە کۆیلە کە ئەگەر لە ئەهلی کیتاب بون و گەورە بون؛ زۆریان لێ ناکرێت بۆ موسوڵمان بون.. یانی: ئەگەر منداڵ بون یان زەردەشتی و بتپەرست بون؛ زۆریان لێ دەکرێت..
8. خۆم ئەم لێکدانەوەیەم بە دڵە و (ئیبن جوزەی) و (ئیبن کەثیر) و (عوثەیمین) و گەلێکی تریش ئەوەیان پەسەند کردووە: مەبەستی ئەوەیە : کە خەڵک موسوڵمان دەبێت؛ مەسەلەکە ئەوە نییە زۆرکارییەک هەیە بەڵکوو حەق وناحەق جیا بونەتەوە (قد تبین الرشد من الغي)، یانی: ئیسلام بۆ خۆی موقنیعە و توانای بڕواپێهێنان و بڵاوبونەوەی هەیە نەک مەسەلەکە ئەوە بێ خەڵک زۆری لێ کرابێت [کە وایش نییە و زۆرکارییش کرا!..].. ئەمەش لە کۆتاییدا کە زۆربەی نیمچەدورگەی عەرەبی موسوڵمان دەبون یان تەسەلیمی دەسەڵاتی ئیسلامی دەبون کە ببوە ئەمری واقیع..
ئیتر یەک کەس لە ئیسلامدا کە قسەی وەزنێکی هەبێت نەیوتوە ئەو ئایەتە مەبەستی ئەوەیە هەر کەس ئازادە چ دینێک هەڵ دەبژێرێت و بەم واتا و لێکدانەوەیەوە کاری پێ دەکرێت.. ئەوەی وا بڵێت؛ ئەبجەدییاتی ئیسلامی نەزانیوە.. [1]