ناونیشانی بابەت: بۆچی حەزمان لە خواردنی شیرینییە؟
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانییان کێشەی ئەوەیان هەیە کە خاڵی بێهێزییان شیرینیە و ناتوانن وازی لێ بێنن و زۆربەشیان بەردەوام بڕێکی زۆر لە شیرینی ئەخۆن، زیانەکانی شیرینی زانراوە بەڵام ئەم کەسانە بە کوردی بۆیان تەرک ناکرێت.
$گرنگترین هۆکارەکانی حەزی زۆر بۆ شیرینی خواردن:$
1- ڕاهاتن لەسەر خواردنی شیرینی زۆر لە مناڵیەوە بۆ نموونە ئەگەر دایکەکە لە شیرینی و ئیشی هەویر دەست ڕەنگین بێت.
2- ئالوودە بوون بە شیرینی خواردن: جۆرێکە لە جۆرەکانی ئالوودە بوون بە خواردن، خواردنی شەکر دەبێتە هۆی ڕژاندنی ماددەی دۆپامیین کە یەکێکە لە هۆرمۆنەکانی دڵخۆشی.
3- شەکر یارمەتی چالاک کردنی مێشک ئەدات: خانەکانی مێشک شەکر وەک سەرچاوەی وزە بەکاردەهێنن بۆیە مێشک خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە شەکر وەک پاداشتێک دەخوێنێتەوە؛ ئەمەش وات لێ دەکات کە زۆر حەز بکەیت بڕێکی زیاتر بخوێت.
4- شەکر هەست بە هیلاکی و بێ تاقەتی و ماندوو بوون ناهێڵێت چونکە دەبێتە هۆی ڕژاندنی ماددەی ئیندۆرفین.
5- شەکر وەک چارەسەرێک بۆ هەندێ کێشەی سۆزداری: زۆرجار لە کاتی بوونی کێشەی لەو جۆرە زۆر کەس پەنا بۆ خواردنی نەستەلە یا ئایسکرێم و ساردەمەنی دەبن تا کەمێک هێور ببنەوە.
6- ڕەنگە جەستە بە ڕاستی پێویستی بە شەکر بێت: دابەزینی ئاستی شەکرەی خوێن لە کاتی برسیەتی یان کاتێک ماوەی نێوان ژەمەکان زۆر دوور ودرێژ بێت.
7- قەلەقی و دڵەڕاوکێ و سترێسی دەروونی و جەستەیی بەردەوام، هەروەها کەمخەوویی و شەونخوونی.
8- خواردنی ناتەندرووست و دەوڵەمەند بە کاربۆهێدراتیی ساددە و نیشاستە بە بڕێکی زۆر و بە خێرایی: بۆیە دوای خواردن ئەو کەسە هەست بە خەواڵوویی دەکات و پێویستی بەوەیە کە دەبێت شیرینی بە پەلە بخوات.
9- کەمی هەندێ کانزای وەک مەگنسیۆم و کرۆم.
10- نەخۆشی شەکرە کاتێ کۆنتڕۆڵ نەکرا بێت. [1]