ناونیشانی بابەت: پێڕەوبەندی نووسین
ئامادەکردن: د. تریفە عومەر
بەشی یەکەم
لەنێو زوانەکانی دنیا چەند جۆرێک لە نووسین وەک پێڕەوبەندی نووسین – Writing system جیا دەکرێتەوە، کە بریتین لە نووسینی وێنەیی/ پیکتۆگرافی Pictography و نووسینی بڕگەیی Syllabic system و نووسینی ئەلفوبێی Alphabetic system، بێگومان سیستمی نووسینی زمانی کوردی لە جۆری سێهەمە.
سیستمی ئەلفوبێ بەو سیستمە دەوترێت کە هەر هێمایەک لە پێڕەوی نووسینەکەی بەتاکە سەگمێنتێکی فۆنۆلۆژی دەنوێنرێت، بۆ نموونە وشەیەکی وەک (ڕۆژ) لە سێ هێمای (ڕ... ۆ...ژ) پێکهاتوە، کە هەر یەکەیان تاکە سەگمێنتێکی فۆنۆلۆژی دەنوێنێت کە بریتین لە: /ڕ/، /ۆ/، /ژ/، ئەم سیستمی نووسینە لە هەندێک زمانەوە تەواو لەگەڵ هاستی دەربڕین/ئاخاوتن جیاوازە و لە هەندێک زمانی دیکەشەوە تاڕادەیەک جیاوازە، هەروەک زمانی ئینگلیزی سیستمی نووسین و دەربڕینی، پتر جیاوازترە لە زمانیکی وەک کوردی، بۆ نموونە لە زمانی ئینگلیزی دەربڕینی سەگمێنتی /i/ بە چەند جۆرێک ڕێنووس دەکرێت، هەروەک key، see، me، tea، receive، بەڵام لە زمانی کوردی کەمتر ئەم جیاوازیە ڕەچاو دەکرێت.
ئەمەش بەم مانایە نییە کە نووسین و ئاخاوتنی زمانی کوردی هێندە لەیەک نزدیک بن، کە هیدی هێڵی جیاکاریان فەرامۆش بکرێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، دیاردە و ڕێساکانی فۆنەتیکی زمانی کوردی بە چەشنێکە کە تایبەتمەندی زانستی چ لەڕوی ئاخاوتن و چ لەڕوی نووسینەوە بەزمانەکە دەبەخشێت، ئەم تایبەتمەندیانەش وەها دەکەن، تێکەڵکردنی ئەم دو هاستە نەشیاو و نازانستی و لەباربردنی بەها و سەنگی پێڕەوی زمانی کوردی بێت.
دەکرێت دو خاڵی سەرەکی بکەینە پێوەر بۆ باسکردنی زمانی نووسین و لە هەمانکات بیکەینە پێوەر بۆ جیاوازیکردنی لەگەڵ زمانی ئاخاوتن، ئەویش ڕێنووس و خاڵبەندی هەمبەر بەهێز و ئاوازە و دیاردەی تێکەڵکردنی دەنگ و لابردن و قڕتاندن و تواندنەوانەوەی دەنگ و پێڕەوی بڕگە و دەنگە ڤاوڵەکانە لە پڕۆسەی ئاخاوتنەوە، کە بەگشتی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان نە تەواو و درووست پاشخانێکی مەعریفی خاڵبەندی و ڕێنووسیان هەیە، نە مەعریفەی چۆنێتی بەرجەستەکردن و گەڕاندنەوەی دەنگە تێکەڵکراو و قڕتێنراو و نواندنی بڕگەکانیان هەیە، بۆیە لەم وتارە بەپێویستی دەزانین کورتوپوخت بەچەند زنجیرەیەک ئاماژە نەک بەهێڵی جیاکاری ئەم دو هاستە بدەین، بەڵکوو جەخت لە و هەڵە ڕێنووسیانە بکەینەوە، کە ڕوپەڕی میدیاکانی پاوانکردووە.
قسەپێکەری زمانی کوردی لە بەرهەمهێنانی ئاخاوتن utterance پشت بە 28 فۆنێم phonemو زیاتر لە 28 دەنگ phone دەبەستێت، چونکە هەندێک لە سەگمێنتەکانی زمانی کوردی وەک فۆنیم و وێنەی فۆنیمەکان phonographic هەڵگری دەنگی جیاوازی هەمان فۆنیمن، کە لەڕوی زانستیەوە بە ئەلۆفۆن allophone ناسراوە، ئەم دەنگە جیاوازانەی هەمان فۆنیم، بەشداری پڕۆسەی ئاخاوتن نەک نووسین دەکەن، هەروەک فۆنیمی /ش/ لە دەربڕینی وشەی (بەژدار)، بە /ژ/ دەخوێنرێتەوە، بەمەش دەنگی /ژ/ لە زمانی کوردی دەنگێکی جیاوازی فۆنیمی /ش/ە، کە ئەمە تەنیا لە دەربڕینەوە بەرجەستەدەکرێت نەک لە نووسین. لەنێو ئەو 28 فۆنیمە، زمانی کوردی خاوەنی 8 دەنگی ڤاوڵە کە بەشداری لە درووستکردنی بڕگەکانی زمانی کوردییەوە دەکەن، هەروەک (و، و، ۆ، ە، ا، ی، ێ) لەگەڵ دەنگی بزرۆکە.
لە مەودای نووسین، بەرجەستەکردنی فۆنیمی /و/ یەکێکە لە و فۆنیمانەی لەلایەن نووسەران و ڕۆژنامەنووسانەوە بەهەڵە دەنوێنرێت، چ لە سەرەتا، یان نێوەڕاست، یان لە کۆتایی بڕگە و وشەوە بێت، جۆری هەڵەکەش لە نووسینی دو /و/ هەروەها یەک /و/ دەبینرێتەوە.
دەنگی /و/ لە زمانی کوردی سێ ئەرکی هەیە، یەکەم/ ئەرکی فۆنیمی، دەور لە گۆڕینی واتای وشەکان بەرانبەر بە فۆنیمێکی دیکە دەبینێت، بۆ نموونە فۆنیمی /و/ بەرانبەر بە فۆنیمی /ا/ ئەرکی واتاگۆڕینی هەیە:
بون ----- بان
دور ---- دار
لە هەر یەک لە وشەکانی (بون، دور) گۆڕینی فۆنیمی /و/ بە فۆنیمی /ا/ وەک (بان، دار) دەبێتەهۆی گۆڕینی واتاکەی، بەمەش فۆنیمی /و/ لە زمانی کوردی ئەرکی واتاگۆڕینی هەیە.
ئەرکی دوەمی دەنگی / و/ ئەرکێکی فەرهەنگیە و لە سازکردنی وشەی نوێ لە زمان دەور دەبینێت، هەروەک وشەکانی (دورونزدیک، چرچولۆچ، دەستوبرد)، ئەرکی سێیەمی دەنگی /و/ کە بە مۆرفۆفۆنیمیک Morphophonemic ناودەبرێت، ئەرکی ڕێزمانیە و لە بەستنەوەی ڕستەکانی زمانی کوردی دەور دەبینێت، هەروەک ڕستەی (ئەم هات و ئەو ڕۆیشت.)، هەریەک لەم سێ ئەرکەش ڕێنووسی تایبەت بەخۆی هەیە. [1]