$بۆچی فاشیزمەکەی ئەردۆگان بەتەنیا دژی کورد نییە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
(ئێمە دیموکراسیی وەک شەمەندەفەرێک تەماشا دەکەین کەی پێویستمان پێی نەما لێی دادەبەزین.) ڕەجەب تایب ئەردۆگان
پاش بۆردوومانە دووبارەبووەوەکانی ئەردۆگان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی ئێراق ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات سووریا ڕۆژاڤا و کۆتاییشیان ئەوەی لەو سەیرانگایەی زاخۆ ڕوویدا، لێرەو لەوێ باس لەوە دەکرێت ئاردۆگان نیازی سڕینەوەی کوردی هەیە و بەرپرسانی سیاسیی کوردستانی ئێراقیش باس لەوە دەکەن کە لەناو کوردیشدا ئەو تەنیا دژی پەکەکەیە وە ئیلا کێشەی کورد و مرۆڤی کوردی نییە. لەڕاستیدا وانییە، ئەردۆگان هەڵگری عەقڵیەتێکی فاشیستیی ئیسلامیی-تورکییە. فاشیزم بەبێ هەڵاوێرد پێش ئەوەی دژی جۆرێک بێت لە مرۆڤ دژی ژیان و مرۆڤە. ئەوەی فاشیزمەکەی ئەردۆگان لە پانتورکیزمەکەی کەمال ئاتاتورک جیادەکاتەوە بوونی ڕەکیزەیەکی وێرانکەری وەک ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسییە کە بە پانتوورکیزمە کەمالیستیەکەوەی موتوربە کردووە. ئەم تێکەڵەیەی پانتورکیزمی-سوننی وایکردووە فاشیزمێکی بێ پێشینە لە تورکیا سەرڕێ بکەوێت، جگە لە خۆی ئەوی دیکە وەک نەیار و خوێنی دژ ببینێت، سنوورەکانی توریا ببڕێت وپەل بۆ دەرەوە بهاوێت. لەودیو سنووریشەوە تۆ بۆت نەبێت وەک ئەو بیر نەکەیتەوە.
سەروەختی خۆی مۆسۆلینیی لە وەسفی فاشیزمێکی تەمام عەیاردا تەرکیزی لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێ گەورەترین و حەساسترین جومگەکانی ئابووریی سێکتەری گشتیی و تایبەت لە وڵاتدا کۆنترۆڵ بکرێت بۆ ئەوەی فاشیزم وەک ئایدلۆژیا نەرم نەرم و بە خێرایی بجوڵێت. ئەم پێناسەیەی مۆسۆلینی کت و مت بۆ تورکیاکەی ئاردۆگان ڕاستە. سێکتەرێکی نەک تەنیا وەک ئابووریی بەڵکوو میدیایی و سیاسیی و دادوەریش نەماوە ئەمڕۆ ڕژێمەکەی ئاردۆگان کۆنترۆڵی نەکردبێت. شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە فاشیزمی تورکیی و جووڵانەوەی پانتورکیزم تەرکیز لەسەر سڕینەوەی ئەوی دیکە دەکات، جا ئەو ئەوەی دیکە کورد بێت یا عەرەب، لاز بێت یا چەرکەز عەرەب بێت یا عەجەم بۆ فاشیسێکی نەژادیی جیاوازیی نییە. دژایەتی فاشیزمی تورکی لەڕابردووی کۆماری تورکیای نوێ دا بۆ کورد بەو حوکمە بووە کە لەدوای تورک گەورەترین نەتەوەی ئانادۆڵ و ناوەچەکە کورد بووە. خۆ ئەگەر لەبری کورد عەرەب، فارس یا چەرکەز لە ئانادۆڵ بژیایە هەمان ئەو سڕینەوە و ئاسیمیلاسۆنە دژی ئەوانیش بەکار دەهات کە لە مێژوودا دژی کورد بەکار هاتووە. ئەوانیش تووشی هەمان جینۆسایدەکانی دەرسیم و زیلان و ڕۆبۆسکی دەبوونەوە. بەڵام کێشەکەی ئەوەیە ئەو پانیکەی فاشیزمی ئێستای ئاردۆگان تێیکەوتووە، هەموو نەیارێکی فیکریش بە نەیاری فیزیکی دەبینێت گەر ئەو نەیارانە داربەڕوو، پاوان، مەڕوماڵات یاگەشتیاری بێتاوانیش بن بۆ ئەو جیاوازی ناکات و دەبێ نەمێنن.
بە کورتیی فاشیزمی تورکیی بنەمایەکی زۆر فشەڵ و نابووتی هەیە و بەردەوام لەخەمی مانەوەی خۆیدایە، ئەم مانەوەشی تەنیا و تەنیا لە دژایەتیکردن و سڕینەوەی ئەوی دیکە بۆ مەیسەر دەبێت. هەروەک چۆن هەوڵێک هەیە ئێستا لای سیاسییەکانی کورد بۆ مانەوەی خۆیان و ئەو فەرهوودەی کە دەیکەن دەیانەوێت لە ڕێگەی هەندێ گەمبۆڵ و قەڵەمچاوشۆڕی دەربارەوە عەرەبی ئێراق و بەتایبەتتر شیعەکەی وەک دوژمن پێناسە بکەن، دیارە لەسەر برەودان بەم ئایدۆلۆژیایە ڕۆژ دوای ڕۆژ خۆیانیان قەڵەوتر و میلەتەکەشیان دەستەمۆتر و کزۆڵتر کردووە. بەهەمان شێوە فاشیزمی پانتورکیزمی -ئیسلامی تورکیش ئەمڕۆ هەموو گرەوی مانەوەی خۆی لەسەر دژایەتی ئەوی دیکە بنیاتناوە، بەڕاست و چەپ دەکوژێت و دەبڕێت، کوردیش لەم نێوانەدا بە حوکمی جیۆپۆلیتیک و دیمۆگرافیای ناوچەکە نەک بیلزەرورە وەک ئامانج و نێچیر دەبیندرێت. لەئەگەری مەیسەر کردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانی ئانادۆڵ وەک ئەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەندێ چەپی خوێندەواری تورک باوەڕیان پێی هەیە و هەرەسی ئاردۆگاندا کە من وەک کۆتا سوڵتان و قەڵای پانتورکیزم دەیبینم کۆی سیستمەکە هەرەس دەهێنێت و شتێک نامێنێتەوە بەناوی کۆماری تورکیای نوێ.
ئەوەی ئەردۆگان لەسەرکردەکانی پێش خۆی جیادەکاتەوە ئەوەیە سەرباری ئەوەی کەسایەتییەکی سەرڕێژی لە فاشیزمی تورکیی هەیە، بە فاشیزمی دینییش قانگ دراوە. ئەم فاشیزمە ناسیۆنالیستییە دینییە و بە تایبەتیش فاشیزمی ئیسلامیزم وایکردووە جیاواز لەسەرکردەکانی پێش خۆی تەنانەت ڕەحم بە نەتەوەکەی خۆشی نەکات، نەک هەر ڕەحمیان پێناکات بەڵکوو وای لێکردووە بردنەوە لە هەڵبژاردن وەک غەنیمەت و حەقی شمشێرٚ تەماشا بکات. کۆی سیستمەکە بە گوێرەی حەزە شەخسیی و تەماعە سوڵتانییەکانی خۆی دابڕێژێتەوە و بکەوێتە دۆخێکی هیستریی وەهاوە کە خۆی وەک سوڵتانی جیهانی ئیسلامی تەماشا بکات.
ئیبراهیم کاڵن یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی دەوڵەتە فاشییەکەی ئەردۆگان و وتەبێژی کۆشکەکەشێتی، لە ئامریکا خوێندوویەتی و خوێندکاری فەیلسوفێکی وەک سەید حسێن نەسر و هاوڕێی ویلیام چیتک بووە، تێزی دکتۆراکەی لەسەر مەسەلە ئۆبجێکتیڤییەکانی فەلسەفەیە لای مەلا سەدرا، جگە لە جۆرج واشینگتۆن ئاکادیمیاکانی مالیزیا، فەرەنسا، ئێران، پاکستان، هیندستان، ئیسرائیل، کانادا، بەڕیتانیا و بۆسنەی دیوە. لە وەسفی کردنەوەی ئایاسۆفیا و جوگرافیای میساقی میللیی و مەسەلەی ویلایەتی موسڵدا بە دیاریکاویی وشەی مافی شمشێریKılıç hakkıی بەکار دەهێنێت. واتە ئێمە بە شمشێرئەم مزگەوتەو ئەو جوگرافیایەمان فەتح کردووە وهەر بەو حەقی شمشێرە مافی خۆمانە چۆن تەسەروف بە موقەدەراتی خۆیان و خەڵکەکەی ناویانەوە دەکەین. ئێستا ئاردۆگان حسابی مافی شمشێر نەک تەنیا بۆ تورکیا بەڵکوو بۆ هەرێمی کوردستانی ئێراق و بەشێک لە سووریا و قوبرس و یۆنانیش دەکات.
ئەم تێکەڵە مەترسیدارە لە فاشیزمی ٚنەژادیی-دینیی دۆخێکی تورکیا و ناوچەکەی خستۆتە ژێر باری ئاگر و ئاسنێکی زۆر مەترسییدار. هەموو جوگرافیاکە بە موڵکی تاکە کەسێک دەزانێت و کەی بیەوێت پەلاماری کوێی بوێت دەیدات و بەدەردی حەلەبی سووریای دەبات. [1]