بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سی و دووەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتمان پەروەران و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم.
ڕاپەڕین لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی کوردستان و، قارەمانێتی پێشمەرگە و پلان و یەکڕیزیی لایەنەکانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان هاتە دی و سەرکەوتنی بەدەست هێنا. ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی بۆ دۆست و دوژمن سەلماند کە ستەمکاری و تۆقاندن هەرگیز ناتوانێ ئیرادەی ئازادیخوازی لە ناخی گەلی کوردستان خامۆش بکات. ڕاپەڕین هەڵگری بەها و ئامانجی بەرز بوو، بۆ ئەوە بوو گەلی کوردستان ئازاد بێ و ژیانێکی سەربەرزانەی لە وڵاتی خۆیدا هەبێت.
لە یادی ڕاپەڕیندا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەنێرین و جەختیش لەوە دەکەینەوە، قەوارەی هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە بەرهەمەکانی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، دەستکەوتێکی مێژوویی و گرانبەهای گەلی کوردستانە. ئەو دەستکەوتە دەبێ بپارێزرێ و بەهێز بکرێت و نابێ بە هیچ شێوەیەک کار بۆ لاوازکردن و بەلاڕێدابردنی ئەو بەها و ئامانجانە بکرێ کە گەلی کوردستان لەپێناویدا ڕاپەڕینی کرد.[1]
مەسعود بارزانی
5ی ئاداری 2023