$دادگەی فیدراڵی، ئێراق بەرەو کوێ دەبات؟$
#عارف قوربانی#
لە ئێراقدا ڕاستییەک هەیە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، یاخود پێویستە وەک خۆی ببینرێت، ئەویش ئەوەیە کە ئێران بەدرێژایی چەندین سەدەی لەمەوبەر خەونی بەوەوە دەبینی جوگرافیای ئێراق بکەوێتە ژێر قەڵەمڕەوی ئێرانەوە. لە دەستپێکی هەزارەی سێیەمدا، ئەمریکا سووک و ئاسان ئەم خەونەی ئێرانی بەدیهێنا و لەسەر سینییەکی زێڕ، ئێراقی پێشکەش بە ئێران کرد. لەمەش ڕاستتر ئەوەیە کە ئێران بەهیچ جۆرێک دەستبەرداری ئەم دەرفەتە نابێت و بە ئاسانی دەست لە جوگرافیای ئێراق بەرنادات.
لە نزیک بیست ساڵی ڕابردوودا کە دەرگاکانی ئێراق بەڕوویی ئێراندا کرانەوە، ئێران بەپلانێکی وردی ستراتیژییەوە هاتە ژوورەوە. بەدیاریکراویش لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئێراق، هیچ هەنگاوێکی بەبێ بەرنامە هەڵنەناوە. لەسەر زۆر ئاست ڕایەڵەکانی پاوانکردن و پەیوەستکردنی ئەم وڵاتەی بەناوەندەکانی ئێرانەوە گرێداوە، بە ئەندازەیەک مەگەر بە کەوتنی ئێران، ئێراق بتوانێ لە و دەستبەسەرداگرتنەی خۆی دەرباز بکات.
هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕەخنەیەکی زۆریان ڕووبەڕووی ئەمریکا کردووەتەوە لە و کەش و هەلومەرجەی بۆ ئێران لە ئێراق ڕەخساندوویێتی کە بەهۆیەوە ئەستێرەی ئێران بەسەر تەواوی ناوچەکەدا دەدرەوشێتەوە. بەڵام پێناچێت تازە ئومێدیان بەوە مابێت ئەمریکا هاوکێشەکە بەزیانی ئێران بگۆڕێت، بۆیە وەک لاوازترین هیوا چاویان بڕیبووە پێکهاتەکانی ئێراق تا لە ناوەوە هەوڵی خۆ ڕاپسکان بدەن. هەر ترووسکەیەک لە ئێراقەوە شەوق بداتەوە، نەیارەکانی ئێران چاوی هیوای تێدەبڕن تەنانەت ئەگەر دوور و نزیک پەیوەندی بەوەشەوە نەبێت ئامانجەکە بۆ ڕزگاربوونە لە و دەستبەسەردا گرتنە. ئەمە بۆ ئێرانیش هەر ڕاستە، سڵ لە بچووکترین جوڵە دەکاتەوە، گومانی لە هەموو چپەچپێکە و دوو کەس سەر بنێن بە یەکەوە، ئێران پێیوایە پیلان لە و دەگێڕن، ئەگەر لە حەقیقەتدا دوور و نزیکیش پەیوەندی بە نەیاریی ئێرانەوە نەبێت.
ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی پار لە ئێراق ڕوویدا، ئەگەرچی بەشێکی بەهۆی گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنەوە هەبوو بۆ فرە بازنەیی، بەڵام لە ڕاستیدا هۆکارە سەرەکییەکە پەیوەندی بە گەندەڵی و نادادپەروەریی و نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و نەمانی متمانە و نائومێدبوونی خەڵکەوە هەبوو لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەشدارینەکردنی هاووڵاتییان لە دەنگدان ئەنجامەکەی بە جۆرێک گۆڕی کە تا ئەندازەیەک وەک نەخشەیەکی نوێی سیاسی وێنا بکرێت. بەشێک لە هێزە تەقلیدیەکانی حوکمڕانی شیعی تێکشکان، بەڵام ئێران پێی وایە پیلانی گەورەی لێگێڕدراوە. هەموو قوورسایی خۆی خستەکار بۆ سەپاندنی ئەو بۆچونەی کە وڵاتە نەیارەکانی ئێران یارییان بە چارەنووسی دەنگدەری ئێراقەوە کردووە و ئەمە پیلانی هەرێمایەتیە و چەندین وڵات تیایدا بەشدارن. لەکاتێکدا گۆڕینی هاوکێشەکان وەک دەرئەنجام بەهۆی کەمی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکەوە بوو لە پڕۆسەی دەنگدان. بەڵام ئەمە لای ئێران نایخوات، ئێران چی جۆرە چاوەڕوانییەکی هەبووە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی چ جۆرە حوکمڕانییەکی دەویست بۆ ئەم قۆناخە، هەر دەیەوێت ئەوە بسەپێنێت.
هەر بۆیە دەبینیت لە ماوەی ئەم نزیک بە شەش مانگەی ڕابردووی دوو نێوانی هەڵبژاردنەکانی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو بۆ ئێستا، لە هەموو ئاستەکانەوە و بە زۆرترین ڕێگە گوشاری خستەسەر لایەنە سیاسییەکانی کورد و سوننە و شیعە تا بە و ئاڕاستەیە بڕۆن کە ئێران نەخشەی کێشاوە. بەڵام وەک چۆن ئیدیۆمێک دەڵێت (هەموو شت لە باریکیدا دەپسێ، زووڵم لە ئەستووریدا) ، ئەو گوشارانەی ئێران کە تا ئەندازەی زووڵم و ستەم لە هێزەکان ڕۆیشتووە، جۆرێک لە کاردانەوەی درووستکردووە بەرانبەر بە داواکانی ئێران. ڕێککەوتن و هاوپەیمانێتی (ص، ب، ح) بووە بە ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ ئێران و ئێرانیش بە و جۆرە لێی دەڕوانێت، بۆیە خەریکە وێناکە لە هاوکێشەکانی ناو ئێراق گەورەتر دەردەکەون. سەرکەوتنی ئەو هاوپەیمانیێتییە بۆ پێکهێنانی ئەو حکومەتەی کاری بۆ دەکەن، وەک سەرکەوتنی بەرەیەکی گەورەتر وێنا دەکرێت و بەشکستی ئێرانیش لێکدەدرێتەوە. بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە، شکستی ئەم بەرەی سێ قۆڵییە، سەرکەوتنە بۆ ئێران.
بۆیە ئەوەی لە پێکنەهاتنی نێوان هێزە براوەکانی هەڵبژاردن دەبیندرێت، ڕووکەشی ململانێکەیە. ئەمانە داشی دامەکەن، یاریکەری بنەڕەتیی ئێرانە کە لە پشتی مێزەکەوە دانیشتووە. ئێران کارتی جۆراوجۆری هەیە و یەک لەدوای یەک بەکاریان دەبات. ئەوەی لەم نێوەندەیا دەیتوانی پارسەنگی هێز بۆ ئێراق ڕابگرێت (دادگەی فیدراڵیی ئێراق) بوو. بە و حوکمەی پێویست بوو بێلایەن بێت لە هەر کێشەیەی ناو ئێراق و دەبوو سەربەخۆییانە بە ڕەچاوکردنی پاراستنی بەرژەوەندییەکان و سەروەریی ئێراق کێشەکانی یەکلابکاتەوە. بەڵام ئێستا ئەم دادگەیەش بە جۆرێک لە جۆرەکان کراوەتە بەشێک لە ململانێکان، وەک کارت و هەندێجار وەک ئامرازیش بەکار دەبرێت لە گۆڕینی هاوکێشەکاندا. ئێران چی بە ڕاستەوخۆبێت یان لە ڕێگەی وەکیلەکانییەوە هەژموونی بەسەر ئەم دەزگە گرنگەشدا زاڵە.
ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئەوە نییە ئەم دادگەیە یارمەتیدەر بێت لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە سیاسییەی ئێراق تێیکەوتووە، بە پێچەوانەوە ئەگەر دڵنیایی بۆ سەرکەوتنی وەلائییەکانی ئێران دەستەبەر نەکرابێت، چاوەڕێی ئەوە دەکرێت پڕۆسەکە بە ڕێگەیەکی داخراودا بەرێت. تێڕوانینی من وایە کە دادگەی فیداڵیی ئێراق جارێکی دیکەش بە قازانجی بەرەی ئێران لە پرسی بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار دێتەوە ناو هاوکێشەکان. ئەگەر لەوەشدا سەرکەوتوو نەبوون، پڕۆسەی سیاسی بە دۆخێکدا دەبات کە سەرۆککۆمار پەڕڵەمان هەڵبووەشێنێتەوە و داوا لە کۆمیسیۆن بکات بۆ هەڵبژاردن لە کاتێکی گونجاودا. بەدووریشی نابینم بە ئامانجی دواخستنی هەڵبژاردن خەڵکی وابەستە بەخۆشیان بخەنەوە سەر شەقام و داوای جارێکی دیکەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنیش بکرێت، لە نەبوونی پەڕڵەمانیشدا یاساکەش ناگۆڕدرێت. بەمە کاتێکی زۆر دەکەوێتەوە دەستی ئەوانەی دەتوانن داهاتوو بە قازانجی سەرخستنی پڕۆژەی ئێران ئاڕاستە بکەن، تا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بتوانن تەرتیبی بردنەوەی بەرەی وەلائییەکان بکەن کە بێگومان ئەوەش ڕێگایەکی بەگوڵ چێندراو نابێت، ئێراق بەرەو تووندوتیژی و ڕژانی خوێنی زیاتر دەبات.
بەلایەنگیربوونی دادگەی فیدراڵیی ئێراق، جارێکی دیکە چانسی ئەوە دەداتەوە موقتەدا سەدر وەک کارەکتەری سەرەکی و یەکلاکەرەوە لە کێشانەوەی نەخشەی ڕووداوەکانی داهاتوو کە ئەو دەتوانێت ڕێگە لەم سیناریۆیە بگرێت و نەهێڵێت ئێراق بە دۆخێکی وادا بڕوات. ئەویش لەدوو ڕێگەوە یا ئەوەتا ئێران چۆن و چی دەوێت ئەوە بکات و ببێتە وەکیلی سەرەکی ستراتیج و ئامانجەکانی ئێران لە ئێراق، یاخود لە ڕێگەی سەرلەنوێ پیشاندانی هێزە جەماوەرییەکەیەوە بە ڕێگریی لەوەی دەزگە دادوەریی و دەستوورییەکانی ئێراق بکرێنە بەشێک لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، دەستی سیاسی ناو ئەم دامەزراوانە دووربخاتەوە لە هاوکێشەکان، کە ئەمەشیان سووتاندنی کارتێکی بەهێز و یەکلاکەرەوەی دەستی ئێرانە و ڕێگەیەکی سەخت و دژوارە، بەڵام مەحاڵیش نییە. [1]