پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لەناو چوارچێوەی هاوپەیمانییەتییەک بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن و لە رێورەسمی ناساندنیدا داوای کرد زمانی کوردی وەک دووەمین زمانی فەرمی لە تورکیا بناسرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (3-04-2023)، نۆ پارت و لایەنی سیاسی کوردیی لە #باکووری کوردستان# و تورکیا لە شاری #ئامەد# کۆبوونەوە و پێکهێنانی هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کوردیان راگەیاند.
لە رێورەسمی راگەیاندن و ناساندنی هاوپەیمانییەتەکە، سەرکردەی لایەنە بەشدارەکان ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد روونکردەوە و جەختیان لەسەر یەکڕیزی کورد کردەوە لەپێناو بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی لە تورکیا.
لە راگەیەندراوی ناساندنی هاوپەیمانییەتەکە، ئاماژە بە پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرا و ئاماژەیان بەوەکرد، هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد لە بەردەم هەر جۆرە هێرش و دژایەتیکردنێکی ئەو دەستکەوتانە هەڵوێست نیشاندەدات و جەختیش لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەر چوار پارچەی کوردستانیش دەکاتەوە.
لەبارەی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا، هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد لە کارنامەی خۆناساندنیدا روونکردووەتەوە، کار دەکات بۆ جێگیرکردنی ناسنامەی گەلی کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا و داواش دەکات زمانی کوردی وەک دووەمین زمانی فەرمی لەپاڵ زمانی تورکی بناسرێت و لە ناوەندەکانی خوێندن لە باخچەی منداڵان تا زانکۆ ئازادی بەکارهێنان و خوێندن بە زمانی دایک جێگیربکرێت.
لە ڕووی چالاکی کاری سیاسی و رێکخراوەیی، هاوپەیمانییەتەکە داوای رەخساندنی ئازادی دەکات بۆ ئەوەی گەلی کورد لە تورکیا بە ئازادی کاری رێکخراوەیی بکات و کورد لە ناوچەکانی خۆیدا مافی خۆبەڕێوەبردنی هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەو خاڵانەی هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسی کورد هەوڵی بۆ دەدات، ئاماژە بەوەکرا، کار دەکەن بۆ گەڕانەوەی ناوی پێشووی شار، ناوچە و شوێنەوارە مێژووییە کوردییەکان کە گۆڕدراون و ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی کەسایەتییە دیار و ناودارەکانی کورد لەو وڵاتە.[1]