$ئێرانی پاش هەڵبژاردنەکان$
#ناسر باباخانی#
#10-03-2016#
کەفوکوڵی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی (پارلەمان) و مەجلیسی خوبرەگان (ئەنجوومەنی شارەزایان) دامرکایەوە و ئێستا کاتێتی بە شێوەیەکی خەسارناسانە لەم ڕووداوە بڕوانین. وەرگێڕێکی بەناوبانگی ئێرانی کاتی ڕکابەرێتی سەرکۆماریی ساڵی 2005 لەنێوان ڕەفسەنجانی و ئەحمەدی نەژاددا وتی: لووتم دەگرم و دەنگ دەدەم! مەبەستی ئەوە بوو کە سەرەڕای ناشیاوبوونی ڕەفسەنجانی بۆ پۆستی سەرکۆماری، وا باشترە دەنگ بە ئەحمەدی نەژاد نەدرێ چوون هاتنە سەرکاری ئەو بەمانای سەرکەوتنی فاشیزمە! وێدەچێ لەسەر بنەمای وەها مەنتقێک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەیاندا ڕیفۆرمیستەکان جێگەیان بە بنئاژۆخوازەکان لێژکردبێ لانی کەم لە تاران کە ڕێک هەر 30 کورسییەکەیان وەچنگ خست و هەروەها مەجلیسی خوبرەگان کە تێیدا ڕەفسەنجانی وەک براوەی یەکەم، پەیامێکی تایبەتی هەبوو بۆ شەخسی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی! ئەگەر بمانەوێ تەعبیرێکی ئەمڕۆژینی و گەنج پەسەند بێنینەوە، لە ڕاستیدا خەڵکی ئێران مۆرکی (dislike) یان لەبری (like) بە هەڵبژاردنی ئەمجارەوە نا، واتە لە بەزمی ئەمجارەی هەڵبژاردندا خەڵک لووتیان گرت و دەنگیان دا.
بەڵام چیرۆکی هەڵبژاردن لە کوردستان جیاوازە و تێکچندراوییەکی سەیری پێوە دیارە. بێگومان هەموو لایەک لەسەر ئەوە سوورن کە کۆماری ئیسلامی وڵاتێکی نادێموکراتیکە بە هەموو پێوەرەکان و هەڵبژاردن لەم وڵاتە لەگەڵ ستانداردەکانی جیهانی مەودایەکی یەکجار زۆری هەیە و لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی ئەم حکومەتەدا چ بایکۆتی حیزبەکان و یاخود بەشداریی خەڵک، هیچ شتێکی نەگۆڕیوە و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئەم دەسەڵاتە دانەناوە، بەڵام جوولەکە گوتەنی: کاتێ لەڕووی ناچارییەوە دوو ڕێگات لە بەردەم بوو، ڕێک ڕێگای سێیەم هەڵبژێرە! واتە باشتر بوو ئۆپۆزیسیۆنی کورد لەبری بایکۆت یان لەبری سەرپشککردنی خەڵک بۆ بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن، تۆپەکەی هاویشتبایە گۆڕەپانی دەسەڵاتەوە، واتە ئەگەر دەسەڵات خوازیاری بەشداریی ناپێکهاتەییە بۆ شەرعیەتدان بەخۆی لە ڕێی دەنگدانی خەڵکەوە، دەبووایە بەشداریی پێکهاتەیی (بە تەعبیری هانا ئارێنت) لە قاڵبی بەشداریی سەلبی و دەنگهەڵبڕینێکی مانادار وەک پاتەک بە دژی بەشداریی گۆترەیی ڕەچاو کرابا. ئەمە کارێکی هاسان بوو، بۆ وێنە خەریتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێمان دەڵێ کە:
- لەم ناوچانەی دێمۆگرافیی کوردستان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە وەک: #ورمێ#، #نەغەدە#، #سەڵماس#، ماکۆ، ساینقەڵا، تیکاب و..هتد، دەکرا خەڵک بۆ بەشداری لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی ئەم شوێنانە هاندرابا کە ئەمە دواجار لەباری ڕەوانییەوە شوێن و دەوری تایبەتی خۆی دەبوو و لە هەمان کاتیشدا پەیامێکی تایبەتی پێدەبوو بۆ پێکهاتەی دەسەڵاتی ئیداری ئەم ناوچانە کە بە دەست نەتەوەی ئازەرییەوە و دەمێک ساڵە نەتەوەی کورد دەچەوسێنێتەوە، تەنانەت لە ڕوانگەیەکی پڕاگماتیستی و ئاکامخوازانەوە دەکرێ بڵێین بەشداریی چالاک لەم ناوچانە و ناردنی نوێنەرێک بۆ پارلەمان چەشنێ گشتپرسی لۆکاڵییە بۆ سەلماندنی کوردبوونی ئەم ناوچانە. (کاردانەوەی هەستی شادی خەڵکی شارێکی وەک نەغەدە لە پاش هەڵبژاردنی نوێنەرێکی کورد ڕەنگە سەلمێنەری درووستی ئەم بۆچوونە بێ.)
- ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێری هەڵبژاردن کردبوو، دەبوو بە باشی لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ڕای گشتی پێناسەکرابان، ئەگەر دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بوون بەگشتی، دەبووایە ئۆپۆزیسیۆن و چالاکانی ناوخۆ ڕاستەوخۆ ناویان درکاندبان و داوایان کردبا دەنگیان نەدرێتێ و تەنانەت ئەگەر لە ناوچەیەک هیچ بەربژێرێکی شیاو نەبووایە، هەڵبژاردن لەوێ بایکۆت کرابا.
- بەپێچەوانە، ئەو کەسانەی کە لانی کەمی تایبەتمەندییەکانیان هەبوو و دژایەتی پرسە نەتەوەییەکانیان نەکردووە، حەق وابوو پشتگیری بکرێن، لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بەشێوەیەکی نابەرهەست و لەلایەن چالاکانی ناوخۆ بە شکڵێکی ڕاستەوخۆ.
ئەم بەراوردە سادەیە چی لێدەکەوێتەوە: ئەمە سەرەتا دەبوو بەهۆی چەشنێ لێکنزیکبوونەوەی هەڵوێستی جیاوازی حیزبەکان، چەشنێ یەکانگیریی وتاری لەنێوان ناوخۆ و دەرەوە و دواجار پەلکێشی بۆ سازدانی وتارێکی هاوبەش یان هەمان لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار!
با ئەوەش لەبیرنەکەین کە بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی کوردی تا ئێستا نەیتوانیوە لەناوخۆی ئێران لەسەر هاوکێشەکان شوێندانەرییەکی ئەوتۆی هەبێ، بۆیە ڕەنگە چاوەڕوانییەکی زۆر بەجێ نەبێ کە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە خەڵکی هەبێ بەدەم بانگەواز و داخوازییەکانییەوە بێن. کە سەیری باشوور و باکوور و ڕۆژاوا دەکەی، بە سانایی بۆت دەردەکەوێ کە ئەوان بەهۆی هەبوونی هێز، لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیان و تەنانەت ناوچەکەش شوێندانەرن. هەر بۆیە قسەیان لە ناوەند بە هەند وەردەگیرێ، کەچی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نە حزووری فیزیکییان هەیە، نە میدیایەکی بەهێزیان هەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ خەڵک، تەنانەت ناتوانن بۆ بچووکترین پرسێکی ناوخۆ ئیجماعێک سازکەن یان بەرەیەکی کوردی پێکبێنن، کەوابوو بۆ دەبێ چاوەڕوانی ئەوەت هەبێ خەڵک بەپیر دەنگتەوە بێن؟
بەپێی هەموو لێکدانەوەکان و خوێندنەوەی دۆخەکە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ئەوەی شوێندانەرییان هەبێ و بە هەند وەربگیرێن لەلایەن ناوەند و ناوخۆش حیسابێکی تایبەتیان بۆ بکات، هیچ ڕێگەیەکیان لە بەردەم نییە جگە لە یەکگرتن کە ئەم یەکڕیزییە مەیسەر بوو، ئەوکات قسەیان بڕدەکات بۆ هەر ڕووداوێک. [1]