$#قەندیل# بەخۆیدا بچێتەوە$
#هێمن عەبدوڵڵا#
خەڵکی کوردستان گلەیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کە بەهانای کۆبانێوە نایەت. ڕەخنەش لە تورکیا و ئەردۆغان دەگرن کە شەڕی #داعش# ناکات. ئایا ئەو گلەیی و ڕەخنانە لەجێی خۆیاندان؟ بەڕاستی ئەوەی بەسەر کۆبانی دێت و پێشتر لە شوێنەکانی دیکە بەسەرمانهات خەتای ئەو سیاسەتە ناتەندرووستەیە کە تورکیا بەرانبەر داعش هەیەتی؟ یان خەتای خۆمانە و دەمارگیریی حیزبی ناهێڵێ دەرکی پێبکەین؟
کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکات کە خەڵکی کۆبانی و #شەڕڤان#ان داستانێکی لەبیرنەکراویان لە کۆبانی تۆمارکرد. داستانێک کە وایکرد نوشووستییەکەی #جەلەولا# و #شنگال# کەمتر شەرمەزارمان بکات و ورەی پێشمەرگە و شەڕڤانەکانیشمان بەرزترببێتەوە. بەڵام ئەمە هیچی پێ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە دەکرا خەڵکی کۆبانی تووشی ئەو مەینەتییەی ئێستا نەبن. دەشکرێت لە ئاییندەدا #عەفرین# و سەرێ کانی و قامشلۆ و #حەسەکە#ش دڵەڕاوکێی دووبارەبوونەوەی مەرگەساتی کۆبانییان نەبێت.
ساڵی 2012، لە #هەولێر# پێکهاتەیەک بەناوی (دەستەی باڵای کورد) ، بە نێوبژیی #مەسعود بارزانی# و بە شایەتیی #عوسمان بایدەمیر# و لەیلا زانا درووستکرا. لەو دەستەیەدا نوێنەری هەموو پارتەکانی ڕۆژاوای کوردستان هەبوون. پشکی PYDش بەتەنیا لە دەستەکەدا پەنجا لەسەد بوو. ئەو دەستەیە بناخەی بۆ دانانی ئیدارەیەکی خۆماڵی لە ڕۆژاوای کوردستان دادەنا و وایدەکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەبێ دوودڵی، وەکوو تاکە ئیدارەی دەرەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، دانی پێدابنێت و مامەڵەی یاسایی و سیاسیی لەگەڵدا بکات. بۆ تورکیاش، کە پشتیووانی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ لابردنی ئەسەد، تەنانەت ئەگەر ئەو هەوڵە لەلایەن جەبهەتولنووسرەشەوە بێت، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئیدارەیەدا ئاسانتر دەبوو لەو هەڵوێستە چەوتەی ئێستا بە قروقەپکردن بەرانبەر داعش گرتوویەتییەبەر.
ئەو هەوڵە و کارەکانی ئەو دەستەیە لە چەند کۆبوونەوەیەک زیاتر بڕی نەکرد و قەندیل فاتیحای بۆ خوێند. لەجیاتی ئەوە PKK تاکلایەنە لە ڕۆژاوای کوردستان سێ ئیدارەی جیاوازی بەناوی کانتۆنەکانەوە درووستکردن، کە جگە لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە هیچ جێگەیەکی دنیادا نە لەلایەن هیچ پارت و دەوڵەتێکەوە دانیپێدانرا و نە مامەڵەی فەرمیشی لەگەڵ دەکرێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە هێشتاش PKK لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی و تورکیادایە و ئیدارەیەک ئەو حیزبە درووستی بکات و لە قەندیلەوە ئاڕاستە بکرێت، نابێ چاوەڕوانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بێت. بەڵام لەو نێوەندەدا باجی گران خەڵکی کۆبانی و شەڕڤانان دەیدەن. چونکە ئاوا جیهان فریایان ناکەوێت.
توانای باشووری کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی بۆ پشتیووانیکردن لە کۆبانی سنووردارە. بۆیە لە #سلێمانی# لە هوتافدان واوەتر، بە یەکێتیشەوە، کەس هیچی پێناکرێت، لە هەولێریش جگە لە داواکردن لە هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ پشتیووانیی ئاسمانی لە خەڵکی کۆبانی و ئاڕاستەکردنی فڕۆکەکان لە هەولێرەوە بوار بۆ هیچ پشتیووانییەکی دیکە نییە. فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا باسی ئەوە دەکەن کە گەورەترین لەمپەڕ لە بەردەم هێرشە ئاسمانییەکانیان لە کۆبانی ئەوەیە بەوردی نازانن کوێ بۆمباران بکەن و داعش لەکوێ و لەناو کام باڵەخانەدا خۆی مەڵاسداوە. بۆیەش بەردەوام دەڵێن پێویستیان بەوەیە لە هەولێرەوە نا، بەڵکوو لەناو کۆبانێوە چاوساخیان هەبن. ئەم ڕەوشەش، جگە لە قەندیل، کەس دەسەڵاتی ئەوەی نییە بیگۆڕێت. ڕەنگە هەر ئەو بێدەسەڵاتییەش وایکردبێت کە بارزانی لە دوایین هەڤپەیڤینی ڕۆژنامەڤانیدا تەنیا خۆزگە بخوازێت بە فڕۆکە یارمەتیی بگەیەنرێتە کۆبانی. خۆزگەیەک کە هیچ لە باری مەینەتیی کۆبانییەکان سووک ناکات.
ئەوەی هەولێر و باشوور بۆ کۆبانی پێیاندەکرێت ئەوەیە کە هانی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیاش بدەن ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی مەرگەساتی شنگال بگرن لە ڕۆژاوای کوردستان. بەڵام ئەمە تەنیا ئەوکاتە دەکرێت کە ئەو وڵاتانە لەمپەڕی یاسایی و سیاسییان لە بەردەمدا نەبێت بۆ گوێڕاگرتن لەو داوایەی هەولێر. ئەمەش ئەوکاتە وەدیدێت کە سەرکردایەتی PKK لە قەندیل لە کەلی شەیتان بێتە خوارەوە و لەجیاتی ئەوەی ڕۆژاوای کوردستان بکاتە پارووێکی چەور بۆ شمشێروەشێنە بە خوێن تینووەکانی داعش، وابکات لەو بەشەی کوردستاندا ئیدارەیەکی نیشتمانیی گشتگیری داماڵراو لە تاکڕەویی حیزبی حوکمفەرما بێت. ئیدارەیەک کە دانپێدانانی نێودەوڵەتی وەدەستبهێنێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناچاربکات، وەکچۆن لەسەر هەولێر هاتەدەنگ، ئاواش لەسەر کۆبانی و قامشلۆ وەدەنگ بێت. ئەرکی یەکێتیش لەم هاوکێشەیەدا گرنگە. چونکە ئەگەر بەڕاستی خەمی ڕۆژاوای کوردستان و PKKیەتی، نابێ چەپڵە بۆ زیاتر نقومبوونی PKK لەو زەلکاوەدا لێبدات کە لە ڕۆژاوا بۆخۆی درووستکردووە. [1]