ناونیشان: دوورکەوتنەوەی پەیەدە لە ئەسەد
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #16-06-2015#
هێشتا پەنجەی تۆمەتبارکردنی پەیەدە بە هاوکاریکردنی ڕژێمی ئەسەد نەنووشتاوەتەوە، بەڵام ئاماژەکانی گەورەتربوونی درزی نێوان هەردوولا هەروا ڕوونتر دەردەکەون. وادیارە پەیەدە تێگەیشتووە لەوەی بەشار ئەسەد ڕۆژانی کۆتایی فەرمانڕەوایی بەسەر وڵاتێکدا دەژمێرێت کە لە هەزار ساڵی ڕابردوودا هیچ سەرۆکێک هێندەی ئەو وێرانی نەکردووە.
لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بەچاوی خۆم سەربازی سووریم لەنێو شاری قامشلۆ بینی. لە شارۆچکەی دێرکا حەمکۆش، کە نزیکی سنووری باشووری کوردستانە، کەس نەیدەشاردەوە کە ڕۆژانە ئەفسەرانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەسەد بەئاشکرا دەچنە قامشلۆ و بەشەو دەگەڕێنەوە. بەڵام لەم ڕۆژانەدا میدیای فەرمیی دەوڵەتی سووریا بەتوندی لە پەیەدە و کانتۆنەکانی کەوتووەتە تەقە. لە حەسەکە و دەوروبەریشی سوپای ئەسەد وایکرد #داعش# تاوەکوو کەمتر لە 10 کیۆمەتر لەو شارە نزیک ببێتەوە.
بۆ ئەوانەی چاودێریی ڕەوشی ڕۆژاوای کوردستانیان دەکرد، ئەو گۆڕانکارییانە زۆر خێرا و چاوەڕواننەکراو بوون. بەڵام پێناچێ بۆ ڕێبەرایەتیی ڕاستەقینەی پەیەدە کە لە #قەندیل#ە، بڕیاری خۆدوورخستنەوە لە ئەسەد بڕیارێکی لەپڕبووبێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی پرسیاری ڕووداوی داوەتەوە و دەڵێت نیگەرانیی خۆیان لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ناوچەکانی بندەستی پەیەدە گەیاندووەتە پەیەدە. وەک ئەو وەزارەتە باسیکردووە، زۆریش لەوە نیگەران بوون کە لە ڕابردوودا پەیەدە هەڕەشەی لە پارتە کوردییە ڕکابەرەکانی کردووە. بەڵام پەندێکی بەنێوبانگ هەیە دەڵێت: شەیتان لە وردەکارییەکاندایە. بۆ لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش هەمان شت ڕاستە. چونکە کاتێک ئەو وەزارەتە باسی نیگەرانی و ڕەخنەگرتن لە پەیەدە دەکات، باسی ڕابردوو دەکات و چەند جارێکیش جەخت دەکاتەوە کە ئەو نیگەرانییانە هی ئێستا نین.
ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە، لەنێوەندە دیپلۆماسییەکاندا زانیاریی ورد لەبارەی دوو کۆبوونەوە ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت کە لە پاریس لەنێوان ئەمریکا و فەرەنسا لەلایەک و وڵاتانی کەنداو لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەچوون. وا باس دەکرێت کە لەو کۆبوونەوانەدا ئەمریکییەکان پێشنیازی ئەوەیان خستووەتە بەردەم وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتیش سعودیە و قەتەر، هانی گرووپە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە سەربەخۆیانن، بدەن بۆ ئەوەی بێنە سەر مێزی دانووستاندن. لەو کۆبوونەوانەدا ئەمریکییەکان گوتوویانە هەوڵی قایلکردنی کاربەدەستە عەلەوییە دەسەڵاتدارەکانی دیمەشقیان داوە بۆ ئەوەی کودەتایەکی سپی بەسەر ئەسەددا بکەن و بۆ ڕووسیا یان ئێران بیگوازنەوە، لەبەرانبەریشدا هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەو کاربەدەستە عەلەوییانە حکومەتێکی ئاشتەوایی نیشتمانی پێکبهێنن کە دوژمنی سەرەکیی داعش بێت. دەشگوترێت لەگەڵ ئێران و ڕووسیاش بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بە پەیەدەشەوە، لێکتێگەیشتن هەیە.
بەو پێودانگە بێت، خۆبێبەریکردنی پەیەدە لە ئەسەد جووڵەیەکی زیرەکانەیە، بەڵام گرنگە تەریب بێت لەگەڵ خۆنزیککردنەوە لە پارتەکانی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان. چونکە لە قۆناغی پۆست ئەسەددا زۆرتر لە هەر کاتێک پەیەدە پێویستی بە بەشدارکردنی هەموو پێکهاتەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی لە دیمەشق شەرعیەتی نوێنەرایەتیکردنی ڕۆژاوای نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. [1]