ناونیشان: #پەکەکە# ناهەقە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #06-03-2017#
ئەو هەرایەی لە دەوروبەری #شنگال# درووستبووە، دووبارەکردنەوەی هەڵەیەکە کە پەنجا ساڵە تەڤگەری کوردی لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان دووبارەی دەکاتەوە. ئەویش ئەوەیە کە خۆت پێ پارتی سەروەر و پێشڕەو بێت و نەتوانی هەبوونی ئەوانیدیکە قبووڵ بکەیت. ئەوەی کە کێ لەم بیرکردنەوەیە قازانج دەکات دیارە و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکات، بەڵام ئەوەی کە چۆن ئەو دەردە کوردە چارەسەر دەکرێت، لوغزێکە، وەڵامەکەی دیارە بەڵام خۆ لە کارپێکردنی گێل دەکرێ.
لە باشووری کوردستان شتێک بەناوی هەق و ناهەقەوە نەماوە. ئەمەش بەئاشکرا بەو دەربڕینە ئاگرین و ناهاوسەنگانەوە دیارە کە شەقامی کوردستان لە میدیای تەقلیدی و میدیای نوێشدا (سۆسیال میدیا) دەریدەبڕن. بۆ نموونە ئەوەی لە شنگال ڕوودەدات بەلای یەکێتییەکەوە گرنگ نییە کە ڕاستی و ناڕاستییەکەی چییە، گرنگ ئەوەیە پەکەکە لە دژی پارتییە و دەبێ ئەوان پشتیووانی لە پەکەکە بکەن. بۆ پارتییەکیش هەمان شت ڕاستە: مادام یەکێتی و گۆڕان کەیفیان بە هەڵسوکەوتی پەکەکە دێت، کەواتە گرنگ نییە پەکەکە چاک دەکات یان خراپ، بە هەموو بارێکدا دەبێ دژایەتیی بکەن.
جا لەو نێوانەدا گوتنی هەق قوورسە، بەڵام هەر دەبێ بگوترێ. لە هەرای شنگالدا ئەوەی ناهەقە پەکەکەیە. کۆمەڵێک نموونەی پێشتر هەن. ڕەنگە زۆرکەس یەکسەر بیری بۆ ئەو چیرۆکە دووبارەیە بچێت کە پارتییەکان و میدیای پارتی دەیگێڕنەوە. ئەویش ئەوەیە کە پەکەکە ڕێگەینەداوە و ناشدات نە پێشمەرگەی ڕۆژاوا بگەڕێنەوە ئەو بەشەی کوردستان و نە دەشهێڵێت جووڵانەوەیەکی سیاسیی دیکەی غەیری خۆیان لە ڕۆژاوا بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە کاربکات. بەڵام ئەمە بەشێکی بچکۆلەی چیرۆکە گەورەترەکەیە: پەکەکە لە هیچ بەشێکی کوردستاندا بڕوای بەوەنییە کە هێزە کوردییەکان پێکەوە کاربکەن.
ئەگەر پارتی بە ڕێگریکردن لە سەرۆکی پەڕڵەمان لە گەڕانەوە بۆ #هەولێر# کردەوەیەکی تاکڕەوانەی کردبێت، ئەوە پەکەکە زۆر لەوەی تێپەڕاندووە و لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕێگریی لە تەنانەت هەناسەدانی بیروڕای جیاواز کردووە. هێشتا ئەوەمان بیرماوە کە چۆن پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیانەویست بۆ دەستپێکردنەوەی خەبات بگەڕێنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەچی پەکەکە لە ناوچەی #سیدەکان# ڕێگەی پێگرتن و چەند پێشمەرگەیەکی لێ شەهیدکردن. لە باکوور ئەوەی نەچووە ژێر ڕکێفیانەوە و ڕادەست نەبوو، وا ڕەشکرا کە جیاوازیی نەبێت لەگەڵ خائین و نیشتمانفرۆش.
بۆیە هەڵوێستی شەرمنانەی حیزبەکانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان لەسەر ئەوەی لە شنگال ڕوودەدات هی ئەوە نییە ئەندامەکانیان شانازیی پێوەبکەن. هەمان شت بۆ پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش ڕاستە. هەرکاتێک هەریەک لەوانە گەیشتنە ئاستی سڕینەوە و تاکڕەوی و ڕێگەنەدان بە هەبوونی دەنگی جیاواز، نابێ کۆمەڵگەی کوردستان بێدەنگ بێت و ڕێگەبدات بۆیان بچێتەسەر. تۆ لەوە گەڕێ هەریەک لەو حیزبانە لە کام دەوڵەت نزیکە و ئەجێندای کام هاوبەندیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکات. گرنگ ئەوەیە فێربکرێن تاکڕەوییان لێ قبووڵناکرێ و نەتەوەی بێدەوڵەتیش بەو تاکڕەوییە هێندەی چانسەکانی لەدەستدەدات هێندە قازانج ناکات. [1]