ناونیشان: خۆمەدزنەوە لە هەڵبژاردن؛ 'بەردەمتان خەرەندە، خەرەند'
نووسەر:#عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون:#24-04-2023#
لە چەندین نووسینی دیکەشدا ئەوەم گوتووە کە ئەزموونی حوکمڕانیی کوردی لە باشووری کوردستان لە درووستبوونییەوە بۆ ئێستا، ئەزموونێکە لەگەڵ بنەما و یاسا و ڕێسا و پێوەرە باوەکانی حوکمداری یەک ناگرێتەوە، چونکە لە حەقیقەتدا بزووتنەوەی چەکداری کورد هێشتا لە قۆناخی ڕزگاریی نیشتمانیدا بوو کەوتە دۆخێکی ناچارییەوە حکومەت درووست بکات.
هەلومەرج و بارودۆخێکی تایبەت کە لێکەوتەی داگیرکردنی کوێت بوو لەلایەن ئێراقەوە، وایکرد بەهۆی ڕاپەڕینەوە بەشێکی جیۆگرافیای کوردستان ئازاد بکرێت. حکومەتی ئێراق ئیدارەی لە شارەکانی ئەو بەشە ڕزگارکراوەی کوردستان کشاندەوە و بۆشاییەکی ئیداری درووست بوو. پێویستیی قۆناخەکە بووە هۆکاری ئەوەی کورد بیر لە درووستکردنی شێوازێکی حوکمڕانی بکاتەوە بۆ ئیدارەدانی ئەو بەشە جیۆگرافییەی کەوتبووە دەستی.
هەرچەندە لە سەرەتاوە هەوڵی ئەوەش درا لەسەر بنەمای پێوەرە باو و دیموکراسییەکان بناخەی حوکمڕانیی کوردی درووستبکرێت، پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام درا، بەڵام لەلایەک ئەو پێوەرانەی وەک ڕێژەی هەڵبژاردن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دیاریکرا و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی گومان خستنەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و مل نەدان بۆ یەکدی، ئەوەی لێکەوتەوە کە لە واقیعدا ڕێککەوتنی دوو حیزبی سیاسی چەکداری بە هەژموون بێت تا پێکەوە ئیدارەی هەرێمەکە بدەن و دەرفەت نەدەن حیزبەکانی دیکە لە دەسەڵات بەشدار بن. لەوکاتەشەوە هەر هەڵبژاردنێک ئەنجام دراوە، هەر ئاوی کردووەتە ئاشی ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگی و هاوکێشەیەوە کە پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات بمێننەوە.
تەنانەت ئەوکاتانەی هێزی جیاوازیش درووست بوون و ڕێژی زۆری دەنگیشیان بەدەستهێنا، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکی لە نەخشەی سیاسیی سیستمی حوکمڕانیی کوردی نەهێنایە ئاراوە. بیرمە ئەوکاتەی #بزووتنەوەی گۆڕان# بۆ یەکەم جار لیستی بۆ بەشداری هەڵبژاردن درووستکرد، ئەوکات عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆکوەزیران بوو، چەند جارێک لەگەڵ سەرنووسەرانی ڕۆژنامەکانی (هاووڵاتی، ئاوێنە، لڤین و ئاسۆ) دیداری دۆستانەمان هەبوو، لە یەکێک لەو دانیشتنانەدا گوتی، ئەگەر گۆڕان 100 کورسیی پەڕڵەمان ببات و بە ئێمە و پارتی تەنیا یەک کورسی بەدەستبهێنین، دەسەڵات ڕادەست ناکەین. لەبەرئەوەی دیدارەکانمان دۆستانەیە و پێشتر ڕێککەوتبووین قسەوباسەکانی ئەم دیدارانە بۆ میدیا نین، بۆیە کەسمان ئەم قسەیەمان بۆ ڕای گشتی نەگواستەوە، بەڵام دواتر #مەلا بەختیار# لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنی بە ئاشکرا ئەوەی ڕاگەیاند.
ئەگەرچی ئەم بیرکردنەوەیە پێچەوانەی هەموو بەهاو پرەنسیپە دیموکراسی و سیاسییەکان بوو، بەڵام لە حەقیقەتدا واقیعێکی تاڵ بوو. حوکمڕانیی کوردی لەسەر بنەمای هەڵبژاردن درووستنەببوو تا بە هەڵبژاردنیش بگۆڕدرێت. هەڵبژاردنەکان تەنیا ڕووپۆش و ماکیاج و مۆدێکی باو بوون پەیڕەودەکران وەک زاهیرەیەک، نەک وەک پرەنسیپ و لۆژیکێک بۆ حوکمڕانیکردن.
هێشتاش دوای زیاتر لە سێ دەیە لە ئەزموونی حوکمڕانیی باشووری کوردستان، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار کە هەژموونیان بەسەر حوکمڕانی و بەسەر جیۆگرافیای ناوچەکانی خۆیاندا زاڵە، لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و ڕێژەی دەنگی هاووڵاتییان نییە، ئەوەندەی هەر درێژکراوەی ئەو ڕابردووەیە کە لە ساڵی 1992 درووست بووە. ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە دوایین هەڵبژاردن و دابەشبوونی ئەو ڕێژە کەمەش بەسەر لیستە بەشدارەکاندا زۆر لەوە کەمترە بتوانرێت وەک نوێنەری زۆرینە لە شەرعیەتی دەسەڵات بڕوانرێت.
بە کوردی و کوورتییەکەی مەبەستمە بڵێم هەڵبژاردن هیچی لە هاوکێشەی سیستمی سیاسی و حوکمڕانیی کوردی نەگۆڕیوە و لای زۆر کەسیش ئەو باوەڕە درووستبووە کە لە داهاتوویشدا هەڵبژاردن دۆخی سیاسی ناگۆڕێت. بەتایبەت بەهۆی ئەوەی بابەتی ساختەکاریش بووەتە دێوەزمەیەکی دیکە بەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، بۆیە هاووڵاتییان هێندەی دیکە بێ متمانە بوونە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و زیاتر لە نیوەی دەنگدەر بەشداریی دەنگدانی نەکردووە؛ بەڵام هەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن باشترە لە نەکردنی.
بێگومان ئەمە دۆخێکی خراپە، هەر دەبێت بگۆڕدرێت، بەڵام واقیعی زاڵ بەسەر پڕۆسەی دیموکراسی و پڕۆسەی حوکمڕانیی کوردیدا شتێکە لەدەرەوەی ئەو پێناسە باوانەی بۆ دیموکراسی و پڕۆسەی هەڵبژاردن و حوکمڕانی داتاشراون. تێگەیشتن لەم واقیعە تاڵە زۆر گرنگە و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە خراپە و گواستنەوەی ئەزموونەکە بۆ قۆناخێکی باشتر، ئاگایی سیاسی زۆری دەوێت، ئەگەر بەژیرانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، ڕەنگە لە گرێژنەوە لەسەر ئاڕاستەکەی بترازێت.
ئەوەی ئێستا پارتی و یەکێتی پێیگەیشتوون و خەریکە پڕۆسەی حوکمڕانیی کوردی بە ئاقارێکدا دەبات کە چارەنووسمان دەخاتە بەردەم ئاییندەیەکی نادیارە وە، لەبەرچاوانەگرتنی ئەو واقیعە سەپێنراوە خراپەیە کە بەسەر پڕۆسەی سیاسیی کوردستاندا چەسپیووە. یەکێتی، پارتی بەرپرسیار دەکات لەوەی ڕەچاوی ئەو تایبەتمەندییانە ناکات، بۆیە ئەمیش تا یارییەکە لە پارتی تێبکبدات، کەوتووەتە درووستکردنی لەمپەڕ لە بەردەم پارتی و پڕۆسەی سیاسی لە کوردستان.
یەکێک لەو کۆسپانەی یەکێتی درووستیکردووە، ڕێگریکردنە لە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن. ئەوەی لە ڕووکەشدا کردوویەتی بە پاساوی ناڕەزایەتییەکانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، کورسیی کۆتاکانە، بەڵام ئەوە ئەسڵی کێشەکە نییە. تەنانەت ئەگەر سبەی بڕیار بدرێت کورسیی کۆتاکان نەشهێڵدرێت، یەکێتی هەر ناهێڵێت هەڵبژاردن بکرێت. هۆکارەکەشی ئەوە نییە وەک هەندێک وێنای دەکەن لەبەر ئەوەی وەزعی حیزبەکە خراپە و ترسی ئەوەشی هەیە لاهوور شێخ جەنگی هەر بەناوی یەکێتییەوە لیست بۆ هەڵبژاردن درووستبکات بە و حوکمەی وەک خۆی لە دوایین ڕاگەیێندراویدا لەم بارەیەوە گوتی شەرعیەتی کۆنگرەم هەیە و لیست درووست دەکەم.
یەکێتی و پارتیش گوێیان لەوە نییە چەند خەڵک لێیان ڕازین، ئەگەر ڕەزامەندیی هاووڵاتییانیان لەبەرچاو بگرتبایە، دەبوو دۆخی کوردستان جۆرێکی دیکە بووایا. هەڵوێستی یەکێتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پەیوەندی بەوەوە نییە خەڵک دەنگی پێدەدات یاخود نا؟ بەڵکوو پەیوەستە بە و کێشە و ناکۆکییانەی لەگەڵ پارتی هەیەتی. ئەگەر سبەی لەگەڵ پارتی لەسەر کێشەکانی نێوان خۆیان ڕێکبکەونەوە، چەند هێندەی دیکە جەماوەر ناڕازیی و نیگەران بن، هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و چارەسەریان زۆرە بۆ کوورتهێنانی دەنگەکانیان، بەڵام پێناچێت هێشتا چارەسەر بۆ کێشەکان دۆزرابنەوە، ئەمەش بە و واتایە دێت ڕێگرییەکانی بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن بەردەوام دەبن.
ئێستا کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە، لەلایەک دادگەی باڵای فیدراڵی وەک مۆتەکەیەک بەدیار چارەنووسی هەرێمی کوردستانەوە ڕاوەستاوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاریکراوە تادێت کوورتتر دەبێتەوە و دەرفەتەکانی گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بۆ هەڵبژاردن بەرتەسکتر دەکاتەوە. پێویستە هەردوو حیزبەکە لەوە تێبگەن سەرباری ئەوەی هەڵبژاردن لای خەڵکیش بایەخی ئەوتۆی نەماوە، بەڵام خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، شەرعیەتی حوکم#ڕانیە#کەیان دەخاتە بەردەم مەترسییەوە. هەر ئەوەش نا، بەڵکوو شەرعیەتی قەوارەکەش دەخاتە بەردەم تیغی دوژمنکارانەی دادگەی فیدراڵی. بۆیە دەبێت یەکێتی ئەوەی لەبەرچاو بێت گوشار و لەمپەڕی زیاتر بۆ پڕۆسەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، هەڵکەندنی چاڵێکە پێش پارتی، یەکێتیی تێدەکەوێت. هەروەها پارتیش پێویستە لەوە تێبگات لەوە زیاتر هەوڵی کەوتنی یەکێتی بدات، دواجار خۆیشی بەسەریدا دەکەوێت.
ڕەنگە خەڵکێکی زۆر گەیشتبنە ئەو ئاستە لە نائومێدبوون و خۆزگە بۆ وێرانبوونی بخوازن، بەڵام من لەبەر ئەوەی ستراتیجی نەتەوەی سەردەستەی وڵاتانی ناوچەکە دەخوێنمەوە وەک ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت: خراپترین دەسەڵات و حوکمڕانیی کوردی بە باشتر دەبینم وەک لە باشترین دەسەڵاتی داگیرکەرانی. بۆیە زەنگی وریاکردنەوە بە گوێی هەردوو لایاندا لێدەدەم، بەردەمتان خەرەندە، خەرەند. [1]