ناونیشانی بابەت: کێن ئەوانەی دیموکراتییانە فاشیستن؟
ئامادەکردن: #عادل قادری#
=KTML_Bold=“دیمەنی یەکەم”=KTML_End=
“حەقیقەتی نەبووگ و فاشیزمی ئەبەدی”
قسەکردن لەبارەی فاشیزم لە کولتووری سیاسیی و گشتیی سەردەم و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی قۆناغی ئێستای ژیانی مرۆڤی، ئەگەر نەڵێن بەڕادەی قسەکردن لەسەر حەقیقەت لە مێژووی فەلسەفەدا ئاڵۆز و دژوارە، ئەوا دەکرێت بڵێین شتێک لە لێکچوون و هاوشێوەییان لەنێواندا هەیە، شتێکی پێچەوانە و بەراوەژوو، نەبووگی و بزۆزبوونی جەوهەریی یەکیان و بوون و ئامادەیی چاوبەستکارانە و ئاوێنەیی یەکی دیان واتە بەڕیز حەقیقەت و فاشیزم. دیارە لێرەدا مەبەستم لە سەردەم، تەنیا سەردەمی مۆدێرن و ئاڵوگۆڕی قووڵی میتۆدە فەلسەفییەکان بۆ پێناسە بەگشتی و تێڕامان لەسەر حەقیقەت نییە، ئاماژەم بۆ سەردەمێک نییە کە نیچە حەقیقەتی بە کۆمەڵێک خوازە و میتافۆڕ ناوزەد کرد، کە لەشکرئاسا چواردەوری ئێمەیان تەنیوە بەڵکوو ئاماژەم بۆ مێژوویەکی درێژە لە مشتومڕ و خەون و کەڵکەلە و نیگەرانی و ترس و ڕەجای مرۆڤ لە سەردەمانی کۆنەوە تاکوو ئێستە بە نیسبەت ڕۆحی جیهان یان “مادةالمواد” جیهان یان ڕاستەقینەی دونیا و…هتد. کە لە پانتای بەرین و واڵای فەلسەفە و بیرکردنەوەدا هاتووتە ئاراوە. بەراوردکردنی ئاڵۆزبوونی باسەکە بەم شێوەیە ڕەنگە بڕێک نەگونجاو بنوێنێت، بەڵام مەبەست لە لایەک کارکرد و بەکارهێنانی زۆر و زەبەندی وشە یان دەستەواژەی فاشیزمە و لە لایەکی دیکە گرینگیی ئەم چەمک و دەستەواژەیەیە لە دیاریکردنی تێڕوانین و بەرەو لایەنی سیاسیی و ئایدۆلۆژیک، بەهەر حاڵ وەکوو ڤاڵتەر بنیامینیش دەڵێت فاشیزم بەر لە هەر شتێک جۆرێکە لە بیرکردنەوە!
=KTML_Bold=“دیمەنی دووەم”=KTML_End=
“زمان، فاشیزم و میدیا”
لەم سەردەمەی ئێستاماندا هەر کەسێک باشتر خۆی لە توخمەکان و تایبەتمەندییەکانی فاشیزم بە زمانێکی ڕوون و ڕەوان و زانستی قورتار کرد، وەک میدیاکان دەڵێن: ئەوە فاشیزم/فاشیست نییە و هەر کەسێکیش زمانی نەبوو کە بەشێوەیەکی زانستی و ئەمڕۆییانە هاوار بکات، کە من فاشیزم/فاشیست نیم و قوربانیی دەستی جەنگی دەسەڵاتخوازە یەک لە دوای یەکەکانی دونیام ئەوا کەوتووەتە داوەکەوە و فاشیزم بە باڵای بڕاوە و تاجەگوڵینەی درەوشاوەی فاشیزمی لەسەر نراوە، ئیمبیرتۆ ئیکو؛ فەیلەسووف و نووسەری ئیتالی کە خۆی فاشیزمی بینیوە، لەگەڵی ژیاوە و بیری لێ کردووەتەوە، بە وتەی خۆی “منداڵێکی زیرەک” بووە بۆیە هەر بە منداڵی بە جۆرێک بیری لە فاشیزم کردووەتەوە، ڕەنگە بۆ ساتانێکی خۆشی ویستووە یان هەستێکی بەشینەیی هەبووە بۆی، بەڵام ئەو دوای ڕووخانی فاشیزمی مۆسۆلینی بووە بە یەکێک لە گرینگترین فاشیستناس و تیۆریزەکەرانی تایبەتمەندییەکانی فاشیزمی کۆن و نوێ و داهاتوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئێستە نە سەردەمی فاشیزمی ئیکۆیە و نە سەردەمی ئیکۆیەکیشە کە فاشیزمی شیدەکردەوە، ئەو لە وتاری “فاشیزمی ئەبەدی” یان “فاشیزمی بێگەرد”دا ڕەنگە بەشێوەیەکی وشیار یان نیوە وشیار ئاماژە بە دۆخێک دەکات کە فاشیزم لە داهاتوودا وەکوو خواستێکی گشتەکی قبووڵ دەکرێت و لەم دۆخەدا میدیا و گەیەنەرەگشتییەکان ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر دەگێڕن، ئەو لە بڕگەی سێزدەیەمی تایبەتمەندییەکانی فاشیزم لە وتاری ناوبراودا دەڵێت:-
لە داهاتوودا بەدڵنیاییەوە ئێمە شایەتی جۆرێک پۆپۆلیزم و ڕەشۆکێتین کە لە شاشەی تەلەڤیزیۆن یان ڕایەڵەی ئەنتەرنێتەوە دێتە دەرەوە و، لەو ڕێگەیەوە پەرچەکرداری سۆزدارانەی بەشێک لە خەڵک وەکوو (دەنگی هەموو خەڵک) پێشکەش دەکرێت و قبووڵیش دەکرێت.
ئەم پۆپۆلیزم و ڕەشۆکێتییە خۆی گەرادەری فاشیزم دەبێت، لە جیهانی بێگەردی شاشە ڕوون و زوڵاڵ و تیشکاوێژەکاندا!
=KTML_Bold=“دیمەنی سێیەم”=KTML_End=
“فاشیزم لەو دیو و لەم دیو شاشەکانەوه”
ڕەنگە ئەم نەخشاندنەی داهاتوو بۆ ئیکۆ کە لە ساڵی 2016 کۆچی دوایی کردووە زۆریش سەیر و سەمەرە و غەیبگۆیانە نەبێت بەڵام دەرخەری قووڵبوونەوەی ئەوە لە میکانیزمە لەبەردەست و داهاتگەکانی فاشیزم لە داهاتوویەکی نێزیک یان دوور، ڕەنگە ئەگەر فیلمی “ڤی بۆ تۆڵەسەندنەوه” (V for vendetta) لە دەرهێنانی جەیمز مەگ تیگۆ و نووسینی ڤایچۆفسکییەکان لە ساڵی 2005. یان فیلمی ڕاهیبانی گراماتۆن یان هاوسەنگی (Equilibrium) لە دەرهێنانی کێرت ڤیمەر ساڵی 2002، بە بیر خۆمان بهێنینەوە زۆر بە باشی وێنای بکەین کە ئایدۆلۆژیایەکی نادیار و لە پشتەوەی شاشەکان کە هەموو دەسەڵات و هێزی لە دەستی یەکێکی نادیاری بێ ڕوخساری خودائاسادا قۆرخ کردووەتەوە چۆناوچۆن دەتوانێت منداڵێک بکات بە ڕاپۆرتچی باوکی یان عەشق لە بیری مرۆڤ بەرێتەوە و ئۆپێرا و هونەر و بەرهەمەکانی موزارت و شیکسپییەر بکات بە تابۆ و بڤەیەکی سامناک و تۆقێنەر (هاوسەنگی) یان تاکێکی خۆڕاگر و بەرخۆدەری وەکوو “ڤی” درووست بکات کە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو هێزە نادیار و تووتالیتارە کچێکی گەنج تا ئاستی بێزاری و خۆکوژی بە پڕۆسەیەکی شێنەیی و پەنامەکیی پەروەردەکارانەدا بەرێت و لە دواجاردا ئەو ڕێگەیەی لە بەردەمدایە جگە لە گیانبازی و خۆتەقاندنەوە بە کۆشک و جەبەرووتی دەستپێڕانەگەیشتووی فاشیزم شتێکی دیکە نەبێت.
=KTML_Bold=“دیمەنی چوارەم”=KTML_End=
“فاشیزمی کۆماریخوازنەی دیموکراتیکی پاشایەتیخوازی ئێرانی فارسی”
ئەو سەرێڕەی یان با بڵێم ئەو ئاێردێرەی دیمەنی چوارەم هێندە کە تەنزئامێز و ئایرۆنیک دەنوێنێت هێندەش ترسناک و ڕاستەقینەیە و، ئەو شتەی بڵاو دەکرێتەوە لە میدیاکانیانەوە واتە میدیای ئۆپۆزیسیۆن و تەنانەت هەندێ پەیجی ناوخۆیانەوە هەڵگری ئەو دژوازی و لێکدانە دژوازانە هەیە کە وەکوو ئیکۆ دەڵیت: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فاشیزم لێکدانە جۆراوجۆرەکانیانە، لە تێگەیشتنی لێکدەرانەدا یان باشترە بڵێم باوەڕمەندیی لێکدەرانەدا شیکاریی سەر ناگرێت و نابێت بە بەشیک لە پڕۆسەکە چ لە ئێستە و چ لە داهاتوودا، لانی کەم لە قەوارەی ئاوەها تێڕوانینێکی لێکدەرانەتەوەر بۆ زمان! بۆیە لەژێر دەمامکی کۆماریخوازی و دیموکراسییەت و پاشایەتییەکی سەردەمییانە! و…هتد. تەنیاوتەنیا دەشیت فاشیزم و تاکدەنگی و خودازانینی “خود” خۆی مەڵاس دابێت!
=KTML_Bold=“دیمەنی پێنجەم”=KTML_End=
“ئەنجام”
ئەم زەمینەیەم باس کرد بۆ ئەوەی بڵێم کە فاشیزم یان تەنانەت نازیزم و هەر جۆرە دیکتاتۆرییەت یان تووتالیتاریزمێک ئیتر وەکوو سەردەمانی پێش جەنگی جیهانی دووەم و دۆخی پڕ هەڵپەی ئەو سەردەمە خۆی دەرناخات، ئێستە لە ئاستی میدیایی و وتاری ڕۆژانەشدا زۆرێک لەلایەنە تووتالیتار و فاشیستییەکان دەتوانن وەکوو دیموکرات یان لیبراڵ و سۆسیالیستێک قسە بکەن، دەتوانن هەموو چەمکە مرۆیی و دەستەواژە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بەکار بهێنن، دەتوانن بە باشترین شێوە لەسەر شانۆی ڕای گشتی کایە بە دەست و چاو و لووت و زمان و جەستەیان بکەن و خەڵکیش پێیان بڵێت ئەی گەورەی دیموکرات و ئازادیخوازم! ڕەنگە وەکوو لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە ئەمە تەلیسمی چاوبەستکارترین و ئەفسسونکارترین ئامێری سەردەم واتە شاشە و تیڤی و بە گشتی جیهانی وێنە و کایە و پلانەکانی پشتەوەی ئەم ئاڕاستەکردنەی کایەکان واتە پڕۆسەی سیناریۆ و دەرهێنان بێت!
ڕەنگە ئەم دیمەنانە ئاماژەیەکی شیاو بەڵام کوورت و ناتەواو بن بۆ ئەو شتەی کە ئەمڕۆ لە ئاستی میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی فارسی لەدەرەوە و ناوەوە بە ڕایەڵەکانی کۆمەڵایەتییەکان و هەژمارەکانیانەوە بێت، کە پاش شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بە چرێ و بە هەموو تاکتیک و کایەیەکەوە ویستوویانە دەمامکی دیموکراسی و کۆماریخوازی لە ڕوخساری پووکاوە و سواوی پاشایەتی هەڵپێکن و سەیر ئەوەیە زۆر نووسەری بەناو ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووسی زەرد و سپی و سوور کەوتوونەتە داوییەوە یان خەریکن لە ناو گۆڕەپانەکە یاری دەکەن، گۆڕەپانێک کە پیرۆزایی دەبەشێنێتەوە، کە لە جەمسەری ئێرانیزمەوە ڕادەستی پاشەیەتیخوازی دەکات و بەپێچەوانەوە! [1]