ناونیشانی بابەت: کیمیابارنکردنی #هەڵەبجە# و چەند پرسیارێک
ئامادەکردن: #عادڵ قادری#
“پرسیارە بنەماییە گشتییەکان”
هەر هەوڵیکی ڕۆشنبیری و هەر هەنگاوێکی ڕۆشنگەرانە بەبێ بەرهەمهێنانی پرسیار و خەسارناسییەکی شێلگیرانە نەزۆک و بێ واتا دەمێنێتەوە و، هەر لەم گۆشەنیگایەشەوە ئەو ڕووداوانەی لە مێژووی نەتەوەیەک ڕووداوی دانسقە و مەرگەساتی سامناک و بەکۆمەڵن گرینگییەکی لەڕادەبەدەریان بە دوو ئاڕاستەی شوناسمەندی و ناشوناسمەندیدا هەیە! “شوناس” لە ئاڕاستەی یەکەمدا لە قەوارەی هەنگاو و چالاکی تیۆری و کردەکی لەپێناوی تێگەیشتنی قووڵ و هەمەلایەنە لەو ڕووداوە کارەساتاوییە و ئیلهام وەرگرتن لێی بۆ هەموو جومگەکانی ژیان و هەڵسوکەوتی ئینسانی ئێمە لە جیهان و دەرەوەستی ئەخلاقیانەی ئێمە لە ناو کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە و پانتایی گشتیدا، خۆی مانیفێست دەکات. ئەگەر ئەم ڕووداوە لەم ئاڕاستەیەدا سەرکەوتوو نەبێت ئەوا ئاڕاستە و ئاستی دووەم بە شێوەی ئۆتۆماتیکی چالاک دەبێت و ڕووداوەکە دەکات بە شتێکی ئاسایی و ڕۆژانەیی و قەیرانی نەرێنی “شوناس” قووڵتر دەکاتەوە، دیارە کاتێک باسی قەیرانی نەرێنی دەکەین بە شیوەی نا-ڕاستەوخۆ و لابەلا باوەڕمان بە قەیرانی ئەرێنیش هێناوە، ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەگەر ئێمە لە قەیران و ڕووداوێکی سامناک هەوڵ بۆ درووستکردنی ئەنجامێکی ئەرێنی هەمەلایەنە نەدەین ئەوا ڕووە نەرێنییەکەی قەیران کە لە ناو ئاڕاستە و ئاستی دووەم واتە؛ نا-شوناسمەندکردندا خۆی دەبینێتەوە، خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، قەیرانی نەرێنی لە ئاڕاستەیەکدا چالاکە کە پرسیاری شوناسساز و گێڕانەوەی خەسارناسانە قەتیس بووە و پڕۆسەی بەڕۆژانەییکردن و ئاسایبوونەوەی ڕووداوی گەورە بووە بە پڕۆژەیەک کە هەموو هێزەکانی پانتایی گشتیی و کەلتوور و کۆمەڵگە و بە تایبەتی هێزە سیاسییەکان تێیدا بەشدارن.
بۆیە ڕەوا و بەجێیە پاش سێ دەیە زیاتر لە کیمیابارانی “هەڵەبجه” لە خۆمان بپرسین ئەو پرسیارانەی کە تا ئێستە لەبارەی ئەم مەرگەساتەوە نەمانکردوون کامانەن؟ یان ئەو هەوڵانەی بۆ پرسیارکردن لە هۆکارەکانی شوناسمەندنەبوونی “هەڵەبجه” لە ئاستێکی ناوچەیی و جیهانیدا هاتوونەتە ئاراوە، کامانەن؟ ئایا ئێمە توانیمان لەدەرەوەی مێنتاڵیتەی قوربانیبوون و کڕووزانەوە “هەڵەبجه” مانیفێست کەین و بیگێڕینەوە؟ بۆچی نەمانتوانیوە بەسەر ئاستی هەستەکی و سۆزدارانە و عاتیفی مەرگەساتەکەدا تێپەڕین و هێشتا لەو قۆناغەدا ماوینەتەوە؟ ئایا لایەنە جیاوازەکانی بواری ناسین و لێکۆڵینەوە وەکوو دەروونناسی، کۆمەڵناسی و پزیشکی و سیاسی و …هتد، بە ڕادەی پێویست پەیوەست بە هەڵەبجە-وە ئەنجام دراون؟ ئایا نەدەبوو ڕێکخراوەێکی جیهانیی کاریگەر و چالاک پەیوەست بە و شارە و مەرگەساتەکەی درووست بکرێت و لە ئاستی جیاوازدا چالاک بێت و ساڵانە یان لانی کەم لە ساڵڕۆژەکانی یادکردنەوەیدا ئەو چالاکییانەی لەو بوارەدا واتە هەڵەبجەناسی ئەنجام دروان بۆ ڕای گشتی باس بکات؟ ئایا “هەڵەبجه” بە ڕاستی یاد دەکرێتەوە؟ یان تەنیا لە ساڵڕۆژەکاندا یادێکی قەتیس و چەسپاو و نەزۆک و نەبزۆز دەکرێتەوە تاکوو دەروونی خۆمان ئاسوودە بکەین کە ئەم برینە لامان زیندووە و سەرووترە لە خەمی شارێکی بچووک لە باشووری کوردستان؟ بێجگە لە چەندین تێکست و دەقی ئەدەبی و کاری هونەری و هەوڵی تیۆریکی کەم کە بە شێوەی جیاواز “هەڵەبجه” دەنوێننەوە چ هەوڵێک دراوە کە “هەڵەبجه” لەم ئاستە ترۆماتیک و قەتیسماو و شۆکلێدراوە لە ساڵی 1988ەوە دەرچێت و بە ئاڕاستەی ژیانکردن و گەشانەوە و شوناسمەندکردن لە ئێستا و داهاتوودا هەنگاو هەڵێنێت؟ ئەمساڵ لە ساڵیادی یادکردنەوەیدا ڕاگەیەنرا کە دایک و باوکانی “هەڵەبجه” دەتوانن بێ نیگەرانی منداڵیان هەبێت و لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان سەلماندوویانە کە منداڵبوونی پاشماوەکانی برینداربووانی کیمیابارانی “هەڵەبجه” هیچ کێشەیەکیان نابێت! لە دیمەنێکی دیکەدا سەوزەفرۆشێکی سەر یەکێک لە شەقامەکانی “هەڵەبجە” لە وەڵامی پرسیارێکی خانمە هەواڵنێرێک کە دەپرسێت داواکاری و داخوازیی خەڵکی هەڵەبجە چییە؟ و هیچتان بۆ کراوە؟ دەڵێت؛ تڕحێو! هیچمان بۆ نەکراوە و…!
ساڵانی پێشووتر مۆنۆمێنتی “هەڵەبجه” تەقێنرایەوە! ئەوکات لە بەرنامەیەکی کەناڵی کوردساتدا بە ناوی “چاوی سێیەم” کۆمەڵناسێک ئەم پرسیارەی کرد و وتی؛ تاکوو لە هۆکاری تەقاندنەوەی مۆنۆمێنت و بینای یادکردنەوەی “هەڵەبجه” بە دەستی خودی هەڵەبجەییەکان (یان لانی کەم بەشێکیان) تێنەگەین ناتوانین لە برینی هەڵەبجە تێبگەین! وادیارە پاش چەندین ساڵ دیسان دۆخەکە وەکوو جارانە و ئێستە لە باتی تەقاندنەوەی مۆنۆمێنت وەڵامی نەشیاو و چاوەڕوانکراو بە پرسیارێک دەدرێتەوە کە پێدەچێت بۆ هەڵەبجەییەکان کڵێشەیی و بێ واتا بێت، ئایا بە پارێزگاکردنی “هەڵەبجه” هیچ دەسکەوتێک لەو دەسکەوتانەی کە خەڵکی ئەو شارە چاوەڕوانییان دەکرد، بەدیهێناوە؟ ئایا چاوەڕوانیی ماددیی هەڵەبجەییەکان شایستەی باڵای ئەو کۆستە نەتەوەیی و گەورەیەیە؟ یان نا، هێشتا نەمانتوانیوە ماهییەتێکی دەستەجەمعی و گشتگیری پێ ببەخشین و ئارەزووە ماددییەکانی ئەو شارە تێر کەین و نەگەیشتووە بە ئاستی برینێکی ڕەمزی نەتەوەیی و کۆیی، تاکوو شوناسی ئێمە زەقتر و پتەوتر بکاتەوە و چەتر و قەلغانێکی بەرگریی هەرێمی و جیهانیی بۆ پێشگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی ئاواهی درووست بکات؟
=KTML_Bold=“پرسیار لەبارەی پرسیارەکان”=KTML_End=
دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر کیمیابارانکردنی شاری “هەڵەبجه” ئایا ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە بە دوای وەڵامێکی ڕاست و بێ گرێ و گۆڵی ئەم پرسیارە بین کە “هەڵەبجه” چ پێناسەیەکی بۆ کرا و ئەنجامی ئەو مەرگەسات و مەرگە بە کۆمەڵە بۆ دانیشتوانی ئەو شارە و بۆ کورد بە گشتی بوو بە چی؟ ئایا “هەڵەبجه” لە ئاستی شارێکی بچووکی کیمیابارانکراو مانایەکی کۆیی و نەتەوەیی لە وێنەی مەرگەسات و قڕبوونی ئەو ژن و منداڵ و گەنج و پیرە لە زەین و تێگەیشتنی خەڵکی دونیا و ناوچەکە و کورد درووستکرد؟ ئایا ئەم پرسیارە ڕەوا و درووستە؟ هەڵەبجە لە کوردستان چ پێگە و واتایەکی پەیدا کرد؟ چ هەوڵێک بۆ بە کۆکردن و گشتکردنەوەی ئەم مەرگەساتە وەکوو مەرگەساتی نەتەوەیەکی بێ دەسەڵات لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا درا؟ خەڵکی هەڵەبجە چۆن دەڕواننە هەڵەبجە؟ ئەمانە و دەیان پرسیاریتر و وەڵامدانەوەی ئێمە بەم پرسیارانە دەرخەر و نوێنەری پێناسە و تێگەیشتنی ئێمە و پێناسەکرانی “هەڵەبجه” لە ماوەیەکی زیاتر لە سی ساڵە.
بە گشتی دەتوانم بڵێم؛ ئەو بابەت و تێڕامان و نووسینانەی کە تا ئێستە لەسەر “هەڵەبجه” خراونەتە ڕوو لە سێ ئاستدا خۆیان دەبیننەوە.
1-ئاستی هونەری و ئەدەبی.
2-ئاستی سیاسی و ژورنالیستی.
3-ئاستی مێژوویی.
لێرەدا من ئاوڕ لە ئاستی ئابووری و هەروەها ئەو لێکدانەوانەی کە پەیوەستن بە ئابووریی سیاسیی و دۆخی (ئابووریی - سیاسیی) جوگرافیای “هەڵەبجه” ناخەمە بەر باس، چوون بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەمە دەچێتە خانەی ئاستی سیاسییەوە و لەو گۆشەیەوە شیدەکرێتەوە. لە هەر کام لەم ئاستانەدا کۆمەڵێک هەوڵی شایستە و کۆمەڵێک هەوڵی لاوازیش دروان، کۆمەڵێک درەوشانەوە و پۆلێک هەوڵ و چالاکیی نەزۆک خراونەتە ڕوو، بەڵام بەم حاڵەش نابێ وابزانین توانیومانە تەعبیر و نواندنەوەی “هەڵەبجه” بکەین و هەموو قەتماغەی زام و برینی هەناو و دەلالەتی دەرهەست و بەرهەستی هەڵەبجەمان بینیووە، نا! ئێمە لەسەر ئەم بابەتە دەبێت بەردەوام بە پارێزەوە قسە بکەین! دەبێ کۆست و کارەسات لە ئاستە سامناک و ئۆنتۆلۆژیی و مەرگئامێزەکەی دانەبەزێنین و نەیکەین بە شتێکی کڵێشەیی و ڕۆژانەی ناو زمان و دەربڕین و گێڕانەوە، نەیخەینە ناو کایەی کاپیتالیستی سیاسەتی ئیقلیمی و جیهانی و کوردی، واته؛ چەندە پێویستە لەسەر “هەڵەبجه” هەڵوێستەی قووڵبکەین و تێڕامانمان هەبێت دەبێ چەند ئەوەندەش پارێز بکەین لە خستنەڕووی ڕاپۆرتیانە و دابەزاندنی بۆ خشتەیەکی ئاماری و خستنە ناو کایەیەکی میدیایی سیاسی و…هتد. واته؛ چەندە پێویستە قیژە و نووزە کپکراو و خنکاوەکانی “هەڵەبجه” بکرێن بە هاوارێکی وجوودی و ئینسانی و لە ناو بازنەی تەسکی بەرژەوەندیی سیاسی و کاڵاگەرێتی زاڵدا قەتیس نەکرێن دوو ئەوەندەش پێویستە بەر لە هەرجۆرە قسەکردنێک لەبارەی “هەڵەبجه” بێدەنگ بین، هەڵوێستە بکەین، بچینە ناو ئەو زەمەن و چرکانەوە، بڕوانینە ئەو زەمینە مێژوویی و شوێن-کاتییە کە بۆنی سیر و سێوی گەنیوی داباراند بە سەر دانیشتوانی هەڵەبجەدا.
ئێستە کاتی ئەوە هاتووە؛ ببینین دوای زیاتر لە سی ساڵ چ سامانێک لە گێڕانەوە و نووسین و توێژینەوە و ئەنجام لەسەر “هەڵەبجه” خراوەتە ڕوو، تاکوو بیناسین و خەسارناسانە هەڵیسەنگێنین و دیسان بڕۆینەوە سەر ئاقاری ئۆنتۆلۆژیانەی تێڕامان لە “هەڵەبجه” و مەرگ و مەرگەسات. ئەمەش پێویستی بە پڕۆژەی گەوەرەی دەستەجەمعی و نوخبەییانە هەیە کە پاڵپشتی و پشتگیریی ماددی و ئابووری لە پشت بێت و ئەمەش دەربیجە و دەروازەیەکی لەبار و ئامادەیە کە لە ڕێگەی “خود”ی کوردەوە ئەنجام بدرێت نەک “ئەویدیی”ەکانی کە بەردەوام و هەر لە یەکەم ساتەکانی ڕوودانی کارەساتەکە کردیان بە ئامراز و کایەی میدیایی خۆیان، ئێستە هەلێکی لەبار هەیە بۆ بەشوناسکردنی “هەڵەبجه” چوون دەنگدانەوەی قووڵی هاوار و برینی کارەساتی “هەڵەبجه” لانی کەم بۆ کوردەکانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان کارتێکەری و بەدودا هات و مۆتەکە و وێنا و تێڕامانی جیاواز و گێڕانەوەی جۆراوجۆر و ڕەنگاڵەیی درووست کردووە لەسەر کوردبوون، مەرگەسات و غەدر و پێشێلکردنی مافی ئینسان لە جوگرافیایەکی دێرین بە بەرچاوی هێزە سیاسیی و پێکهاتە بەدەسەڵات و بێ دەسەڵاتە دینییەکانەوە.
واته؛ لەم دەروازەیەوە و بەم هەلەوە دەتوانین هەوڵ بدەین قۆناغ و وێستگەی سۆز و شینگێڕی و لاوانەوە و ڕەشپۆشییەکی سی ساڵە تێپەڕێنین و دەلالەتی “هەڵەبجه” لە ناو سیستەمی بەرهەمهێنانی مانایی و تێگەیشتنی “کورد” خۆیدا بناسێنین و هەڵوێستەی لەسەر بکەین، و بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە بۆچی “هەڵەبجه” دوای سی ساڵ زیاتر لە مەرگەسات هێشتا نەبوو بە هێمایەکی یونیڤێرساڵی چەسپاو و هێشتا وەکوو ڕووداوێکی ناوخۆی وڵاتێکی پڕکێشە بە ناوی “ئێراق” چاوی لێدەکرێت؟ ئایا “هەڵەبجه” لەدەرەوەی کایە و ئەکتی سیاسی و شۆڕشگێرانەی شۆڕشە کوردییەکاندا مانایەکی دیکە وەردەگرێت؟ ئایا مەرگەسات و قڕانکردن یەکێک لە پڕۆژە هەمیشەییەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی داگیرکاری کوردستان نەبوون و نین؟ ئایا کورد خۆی چەنێک لەم پڕۆسەیەدا بە ناچاری و نا-هۆشیارانە یان هۆشیارانە بەشدار بووە؟ لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی مانا و دەلالەتی “هەڵەبجه” وەکوو کاڵا و ئامراز، ئێمە وەکوو کورد ئایا هەستمان بە و برینە قووڵەی هەڵەبجە و زام و برینە ساڕێژنەبووەکان و ترۆمای دوای کارەسات کردووە؟ ئایا “هەڵەبجه” بووە بە کۆژانێکی وەها کە ببێتە بە هەوێنی وشیارییەکی دەستەجەمعی و تێڕامانێکی ئینسانی، کە جیهان-ژین و ئەخلاقی سیاسی و ڕۆژانەی ئێمە ئاڕاستە و مانیفێست بکات؟ ئەگەر نەکراوە “بۆ”؟ ئەگەریش کراوە”کوا” نیشانە و دەلالەت و فاکتە بەرهەستەکانی؟ [1]