ناونیشانی بابەت: وریا لەنێوان ئازادی و فاشیزمدا
ئامادەکردن: #عادل قادری#
سەردەمانێک کایە و یارییە جۆراوجۆرەکان بەم مەبەست و ئیرادەیەوە هاتنە کایەوە کە لایەنی کەلتووری وڵاتان بە یەکتر بناسێنن.
سەردەمانێک کایە و یارییە جۆراوجۆرەکان بەم مەبەست و ئیرادەیەوە هاتنە کایەوە کە لایەنی کەلتووری وڵاتان بە یەکتر بناسێنن و بە جۆرێک ڕیگەخۆشکەر بن بۆ پەیوەندی وڵاتان پێکەوە و لەلایەن پادشا و ئەمیرەکانەوە پشتگیریی دەکرا، هەروەها کایە و یارییەکان لایەنێکی کات بەسەربردن و فانیشیان هەبووە، ئەگەرچی ئەم ڕوانگەیە بەزۆری دوور بووە لەلایەن و ڕەهەندی سیاسیی بە تایبەتی لە جیهانی کۆن و کەونارادا بەڵام وردەوردە بە دیاردەی جیهانگیریی و دەرکەوتنی وەرزشە جۆراوجۆرەکان و بە تایبەتی تۆپی پێ لە پانتاییەکی نێونەتەوەیی و لە پەیوەندیی وڵاتان پێکەوە ڕەهەندی زەقی سیاسی لە ئاستی نیوخۆیی وڵات و گرووپە جیاوازە سیاسییەکان و هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە ناو نەتەوە جیاوازە دۆست یان دژبەرەکاندا پەیدا کرد. ئەمە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ڕووی خۆی ئاشکرا دەکات چونکە یاریی تۆپی پێ هەم هەڵگری پاشگرگەلێکی وەک نەتەوەیی بۆ نموونەی یانەی نەتەوەیی و نیشتمانی و…دەبێت و هەمیش لە ڕەمزگەلی وەک جلی تابەت بە ڕەنگی دیاریکراو و ئاڵای فەرمی وڵات و دواتر لە ئاستی بینەر و تەماشاکەرانیشدا شتەکە چەند قاتتر ڕەهەندە سیاسییەکەی زەق دەبێتەوه بەهۆی ئەو ڕۆحییەتە وەرزشی و دەمارگیرانە و پڕ جۆش و خرۆشەوە کە یارییەک وەک تۆپی پێ لە تەماشاکەر وبینەریدا هەڵیدەخڕێنێت. پێویست ناکات ئێمە ورەزشدۆستێکی ناوازە بین تاکوو جۆش و خرۆشی ئەم کایەیە لە ناو تەماشاکەران و لایەنگرانی یانەیەکی تایبەتدا ببینین و درکی پێ بکەین و هەروەهاش پێویست ناکات حەتمەن لایەنگری یانەیەکی دیاریکراو بین تاکوو کاریگەریی ئەم یارییە لە ئاستی گشتی و ناو شەقامدا ببینینەوە.
لە وڵاتێکی وەک ئێراندا دوو یانەی ئیستیقلال و پیروزی (پێرسپۆلیس) بۆ ساڵانێکی زۆرە هۆکاری دابەشکاریی دوو دەستە هۆگر لە ئاستی گشتیدا بووگن کە زۆر جاریش شەڕ و ئاژاوە لەنێوان لایەنگرانیان هەم بە شێوەی سەرزارەکی و هەم بە شێوەی کردەکی هاتووەتە ئاراوە. پاش پەرەسەندنی بێوێنە و پێشبینینەکراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زاڵبوونی ئەم دونیا مەجازییە بە سەر واقیعی ژیانی ئاڵۆز و تاڵی کەلتووری مرۆیی بە گشتی و کەلتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، کۆمەڵێک حەز و هۆگربوون و ڕق و ئارەزوو و خواست و کایە بەر یەک کەوتن، هەژماری تویتەر و تۆڕی فەیسبووک و ئینیستاگرام بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر تەنیا لە ئاستی میدیا فەرمییەکاندا و لەسەر شاشەکاندا دەردەکەوتن، بوو بە تریبوونێکی بەهێز بۆ نواندنەوەی هەڵوێست و دەرخستنی بەشێک لە بیروڕا و ژیانی تاکەکەسی و بگرە هەندێ شتی سووک و لاواز و باسهەڵگیرسێنەر، ئەوەی کە جێگەی سەرنج و وردبوونەوەیە -لە وەها بازنەیەکی پان و بەرین کە دەشێت وەک تۆڕێکی گەورەی جاڵجالۆکەش وێنا بکرێت چالاکیی زۆری ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەیە کە بە ناوی ئازادییەوە هەوڵ دەدەن ئێمە ئاڕاستە بکەن و بەنج و یەخسیرمان بکەن، هەڵوێست و پەرچەکرداری زۆرێک له و کەسە بە دەنگ و ناوانە کە لەژێر ناوی سێلیبێرتیدا دەناسرێن کرۆکی ئەم چالاکبوونەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، ئەم لەقەب و نازناوە کۆمەڵێکی زۆر لە هونەرمەندان و ئەکتەران و مۆدێلکاران و یاریزانان لەخۆ دەگرێت. لە حاڵێکدا کە زۆربەی زۆری ئەم دەستە و گرووپانە خۆیان لە کاروباری سیاسیی وەرنادەن و لە پەراوێزی ئازار و ڕەنج و زەختەکانی سەر کۆمەڵگەدا هەندێ گلەیی و تەشەر و وردەڕەخنە لەلایەنێکی نادیار و نەناسراو دەخەنە ڕوو تاکوو کڵاوەکەیان با نەیبات، کەسانێکی بێوێنە و دەگمەنیش هەن کە ڕۆحی بەرخۆدان و مافبێژی و ناڕەزایتی دەربڕینیان لە ئاستێکی بەرز و ڕاشکاوانەدایە و دەنگی هاواریان لەبەرەی خەڵکی زوڵملێکراو و هەژار و زەخت لەسەری ئێراندایە.
یەکێک له و کەسانە وریا غەفووری یاریزانی بە ڕەچەڵەک کوردی (خەڵکی #سنە#) تۆپی پێی ئیستیقلالی ئێران و کاپتانی هەمان یانەیە کە ئێستە لە دووبارەی ڕێکەوتنەوەی لەگەڵ یانەکەدا پێشگری لێ کراوە و لە یانەکە هاتووتە دەرەوە یان درووستر وایە بڵیین وەدەریان ناوە. ئەو پاش ڕووداوەکانی گەڵاڕێزانی ساڵی 2019دا لە ئێران کە خەڵکێکی زۆر لە چەندین شاری ئێران بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتییەوە کوژران، کاتێک کە میدیاکان هاتن بۆ ڕووماڵکردنی ئەنجام و خشتەی یاریی یانەکان، بە میدیای فەرمیی ئێرانی وت “تەلەڤیزیۆن خامۆش بێت و من لەگەڵ تەلەڤیزیۆندا قسە ناکەم” دیارە مەبەست لە تەلەڤیزیۆن میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، هۆکاری ئەم هەڵوێستەی وریا ئەوە بوو کە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران هیچ هەواڵێکی لە ناڕەزایەتییەکانی گەڵاڕێزانی ئەو ساڵە بڵاو نەکردەوە و بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو چەواشەی کرد، ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە زۆرینەی زۆری بە ناو ڕووخسارە دیار و ناسراوە چالاکەکان هەم لە بواری وەرزش و هەم لە بواری هونەردا بێدەنگییان لێکرد و کەس له و ڕووداوە به و شێوەیە نەهاتە دەنگ. پێش ئەم ڕووداوەش لە کێشەی هاتنە ناو وەرزشگای کچان و ژنان کە لە ئێراندا شتێکی یاساغ و قەدەغەیە کچێک بە ناوی سەحەری خودیاری وەک ناڕەزایەتییەکی ڕەمزی لە ئاست ئازار و زەخت و سنووردارکردنی چالاکی و دەرکەوتنی ژنان و کچان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و خۆی کوشت، ئەم کچە پاش ئەوە بە کچی شین واتە کچی کەوە و ڕەنگ شین ناسرا چون جلی یاریزانانی یانەی ئیستیقلال شینە بۆیە لە یاریی دواتردا وریا و هەموو یانەکەی جلێکیان پۆشی کە لە سەری نووسرابوو (کچی شین) و یادیان بەرز ڕاگرت، بەگشتی ئەو کەسێکە بە شێوەیەکی قووڵ و وشیارانە و بە وریاییەوە تۆپی پێ و سیاسەتی بە یەکەوە گرێداوە و لە هیچ دەرفەتێک بۆ پشتگیریی لە بەرەی ناڕەزایەتیکار و خەڵک و جەماوەر درێخی نەکردووە.
ئەمە لە ئاستە گشتییەکەیدا و لە ئێران وێنەیەکی بەرخۆدەر و بوێر و (کوردانە) ی لە وریا نەخشاند و هۆگر و لایەنگرەکانی زۆرتر بوون و زۆر زیاتر لە جارانیش بە جۆش و خرۆشەوە یادیان دەکردەوە و خۆشیان دەویست و ستایشیان دەکرد، ئەو وەک کوردێک ڕۆحی بەرەنگاری و بوێرانەی خۆی لە ئاست دەسەڵات بۆ بەرگری لە خەڵکی ئێران نیشاندا و لەلایەن حکوومەتەوە بوو بە کەسێکی دۆسیەدار و گومان لەسەر و لە ناو خەڵکیشدا بوو بە کاریزمایەکی وەرزشیی کە وەک کەسێکی وەرزشوانی سیاسیی وشیار هەمیشە هەڵوێستی هەبووە، بەڵام ئەمە دیوە گەشەکەی دەرکەوتن و پەسەندکردنی وریایە لە پانتای گشتی لە ئێراندا، وریا بۆ ئەوان تا ئەو شوێنە کاریزما بوو کە ئێرانی بێت، تا ئەو شوێنەخۆشەویست بوو کە باسی کوردبوونی خۆی وەکوو ئێرانییەک بکات، تاکوو ئەو شوێنە هۆگرەکانی پشتیووانییان کرد کە کورد بە براگچکەی ئێرانییەکان بزانێت کە لە گۆشەیەکی هۆڵەکەدا بە بێدەنگی دانیشتووە و شکۆی ئێران دەنوێنێتەوە بە جلوبەرگ و زمان و هەڵوێست و ئاکارییەوه، کاتێک وریا بە تۆزقاڵیک ئەگەری لادانی له و ڕێبازە خوێنرایەوە، درایە بەر هێرش و ڕەتکردنەوە و سووکایەتی پێکردن لەلایەن هۆگرەکانییەوە. چەند ڕۆژ پێش ئێستا وریا غەفووری لە تویتەر وێنەیەکی خۆی و شاری سنەی دانابوو و نووسیبووی کوردستان- (سنە) . لێرەدا ئەو خاڵە ناسک و هەستیارەی کە دەبێت سەرنجی بدەین نەک کوردبوونی وریا لە ئاستی جلوبەرگ و ناو و هەڵوێستدا بەڵکوو کوردبوونی وریایە لە ئاستی زمان و ڕینووسدایە. لە زمانی فارسیدا و لە بێژەکردنی وشەی کوردستاندا بزوێنەکەی زۆر بە نەرمی و سووکی ئەدا دەکرێت و بە ڕێنووسیش دەنووسرێت “کردستان”.
ساڵانێکی زۆرە بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و چالاکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتێ دەقی فارسی دەنووسن لە کاتی نووسینی وشەی “کورد و کوردستان ( کرد و کردستان بە فارسییەکەی) لە ڕێنووسی فارسی لادەدەن و هەر کوردییەکەی دەنووسن بە هەمان شێوە کە تورکەکان و ئازەرییەکانی ئێرانیش وادەکەن، بەر لە هەر شتێک لە ڕووی ڕێزمانی و شێوە نووسینەوە ڕەنگە ئەمە هەڵە بێت، بەڵام دەرخەری ناڕەزایەتییەکە کە نەتەوەکانی کورد و تورک لە ئێراندا هەیانە. واتە دزەکردنی ئاستێکە لە ناڕەزایەتی بۆ ناو زمان وڕێنووس و بەردەنگانی فارسی، شەقام و پانتای گشتی فارس ئەم جۆرە نووسینە وەک تۆمەت و تاوان دەزانن و ئەنجامدەرانیان بە کەسانی جوداییخواز یان وەک خۆیان دەیڵێن “تەجزیەتەلەب” کە مەبەستیانە ئێران پارچەپارچە بکەن و کوردستان جیا بکەنەوە و دەوڵەتی کوردی دامەزرێنن دەزانن. لە ڕوانگەی ئەم ئایدۆلۆژیست و ئێرانشارخوازانەوە ئەوەی کە به و شێوەیە بنووسیت جێگەی گومانە و دەبێ پاکانە بۆ خۆت بهێنێتەوە و تۆبە بکەی لە دەرگای ئێرانی گەورە، ئەگینا قبووڵ ناکرێیەتوە. ئەم شێوە نووسینە بە شێویەک لەلایەن ئایدۆلۆژیستە ئێرانییەکان دەخوێنرێتەوە کە هەر کەسێک تەنانەت کەسێکی فارسیش بە بێ هیچ خواستێک بۆ ئازادی و ڕزگاری کوردستان لە دەقێکی فارسیدا بنووسێت “کوردستان” جێگەی گومان و ڕەتکردنەوە و سەرزەنشتە، لە ڕاستیدا ئەمە هەمان هەڵوێستی زمانەوانیی ئایدۆلۆژیستە ئێرانییەکانە کە لەپاڵ #بەعس#دا دادەنیشێت و نازناو بۆ کورد و کوردایەتی دادەتاشێت چون بەعس بە ئەوانەی کە هاوکاریی پێشمەرگەیان دەکرد یان پێشمەرگە بوون و سەرکردایەتی پێشمەرگەیان دەکرد دەوت موخەڕیبین واتە تێکدەران.
ڕاستە شتەکە لە دوو ئاستی جیادایە بەڵام بەرهەمهێنانی تێڕوانینە ئایدۆلۆژیکەکان لە سۆنگەی زمانەوانییەوە ئاوەها دەلالەتێکی دەبێت بۆ فاشیزم و ڕۆحی هەڵنەکردن و ڕەتکردنەوە و ئەویدیکوشتن، لەلایەن ئەویدییەک کە خۆی بە سەردەست و گەورە دەزانێت، دوای دانانی ئەو وێنەیە لەلایەن وریاوە و نووسینی وشەی “کوردستان” هێرشێکی زۆر لەلایەن هۆگرانی پێشووی و فاشیستان و دژبەرانی ئێستای، کرایە سەر و هێرشەکە بەڕادەیەک لە پانتای گشتی و فەزای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گشتگیر بوویەوە کە وریای ناچار کرد لێی پاشگەز بێتەوە و خۆی بە فیداکاری ئێران بناسێنێت، بەدەر لەوەی وریا غەفووری چ جۆرە تێڕوانینێکی بۆ پرسی کورد و چارەنووسی کورد و کوردستان هەیە ئەم دیمەنە پیشاندەری جۆرە زەختێکی گرووپەکانی فشار و زەختی گشتگیری دەسەڵاتە لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەیدا، کاتێک ئێمە باس لە یەکانگیریی دەسەڵاتێکی ئایینی و ئایدۆلۆژیک لەگەڵ خەڵکێکی بە ڕواڵەت ئازادیخواز و دیموکرات، کە دژی هەر جۆرە مافخوازییکی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکەین، مەبەستمان ئەم یەکانگیرییە نەپۆڕ و دژواز و سەیر و سەمەرەیەیە کە ئێرانی کردووە بە تابۆ و هەر کەسێک لە خەرمانەی پیرۆزی ئەو ناوە لابدات دادگایی دەکرێت و سزا دەدرێت بە شێوەی ڕەمزی یان واقیعی، کۆی ڕووداوەکە دەرخەری پلانێکی ئەندازیاریکراو و درێژخایەنە کە کەسایەتیی تاکی کورد لە ئاستە هەرە بچووکە وشیاری و وریاییەکەشیدا بەرەو دووکەرتبوون و دووشەقبوون دەبا و سایکۆلۆژیای خۆخۆری و ئەویدیپەرستی لە هەناوی کۆمەڵگەی کورددا جێگیر دەکا، بە شێوەی وشیار یان ناوشیار، بە ڕای من وانەی گەورەی هەڵسوکەوتی وریا نەک بە زەرەر و زیانی کەسایەتیی ئەو بەڵکوو لەپێناو ڕوونتربوونەوەی کەلتوورێکی فاشیستی و ئایدۆلۆژیستە کە لەلایەن دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیستەوە هەم ئاڕاستە دەکرێت و هەمیش دەچەوسێنرێتەوە و هەمیش گاڵتەی پێ دەکرێت و دەبێت بە ئامراز، ئەمە ئەو دۆخەیە کە ئایدۆلۆژیی بە تەواوی مانای خۆیەوە تەنیا شتێک کە بەرهەمی دەهێنێت ئۆبژە و بەرکارە و تەنیا ئامانجیشی کوشتنی سووژە و بکەرەکانه، به و هیوایەی وریایی هیوا لە وتاری کوردیدا خۆی مانیفیست بکات، لە هەر حاڵەتدا ئەو کەسایەتییەکی بوێر و سەربەرز و شکۆداری لە لای ئێمەی کورد دەبێت ئەگەرچی زەخت و دانپێدانانی زۆرەملیش هەبێت و ناچار بێت هەندێ قسەی نەخوازراو و نابەدڵ بکات. [1]