ناونیشانی بابەت: کرێکار لەنێوان زەوی و نیشتماندا
ئامادەکردن: #عادل قادری#
کرێکاران لە یەکەمین بوونەوەرانی زەوین.ئەوان بناتنەرانی زەوین و کۆڵەکە کۆمکرێتەکانی شارستانییەت بوون. ڕەنگە تا پێش هاتنەکایەی سیستەمە کۆن و نوێ سەرمایەدارییەکان “کرێکار” لە پێگەی وشەدا دەلالەتێکی بەم واتە و مەدلوولەوە نەبووبێت کە ئێستە مانا دەکرێتەوە: کەسێک کە لە باتی “کار”، “کرێ” وەردەگرێت، واتە (هێزی) کار دەفرۆشێت.
سەرەتا
لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی man (پیاو) ، labor (ڕەنجدەر، کرێکار) ، workman (پیاوی کار) . هەر سێیان بۆ کرێکار بەکار چووگن، شتێکی جەوهەری کە لەم وشانەدا هەڵدەهێنجرێت چەمک و واتایەکە بە ناوی توانست، هێز.
ئەوە دواتر بوو کە بەسەرهەڵدانی سیستەمە سیاسی و دیسپۆتیزم (پلەخوازی خودا/بەندە یان ئاغا و کۆیلە) ە ئاڵۆزە سەرەتاییەکان ئەم هێزە لە دەست بنیاتنەرانی زەوی؛ بنیاتنەرانی شارستانییەت، بنیاتنەرانی ئەهرامی میسر… وەرگێڕایەوە و لە پێگەی وشەش مانایەکی “زۆرتر” ئایدۆلۆژیکی و کارکردیی وەرگرت.
نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە، خاڵی وەرچەرخان
بێ هۆ نەبوو کە لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم نیوەیەک لە خەڵکی دونیا بەرەو ڕووی ڕەوت و گەڕیانە مارکسیستییەکان هاتن. هەر چەند پێناسەی کرێکار زۆر گۆڕاوە لە وتارە فیکری و فەلسەفی و سیاسییەکاندا، من لێرە بەڕوانینی هیرمینۆتیکی و نێوان دەقییەوە دەیخوێنمەوە.
ئەگەرچی پێوەندی “کار” بە مرۆڤەوە وەکوو بوونەوەرێکی ئاوەزمەند پێوەندییەکی زۆر ئاڵۆزە و ئەو فۆرمەی پێوەندی و پێناسە بۆ کار لە ئێستادا هەر هەمان پێوەندی و ڕوانین نییە بۆ مانا و پێگەی “کار” لە ڕابردوودا. کرێکاری جیهانی کۆن “کار”ی بە خزمەتکردن و مافێک دەزانی کە دەبێت بۆ خاوەنکار بیخاتە ڕوو.
=KTML_Bold=دەستەڵاتی خاوەنکار:=KTML_End=
خاوەنکار لە سۆنگەی کرێکارەوە هێز و دەسەڵاتی جێبەجێکاری (اجرایی) و سزادەریی (قهریە) خۆی وەردەگرت و بە بۆنەی ئەوەوە “بوون”ی واتای وەردەگرت بەڵام ئێمە لێرەدا سەرەڕای هێزی چەوسانەوەی چەوسێنەر لەگەڵ ئاستی خوار و نزم لە وشیاری کرێکاریشدا ڕووبەڕووین، نەبوونی وشیاری لای کرێکار بە هەر هۆیەک بوو بێت، هۆکاری درێژبوونی تەمەنی سیستەمە جۆراوجۆرە خاوەنکارییەکان بووە کە خۆی لە ڕێگەی خوێن و ڕەگەزێکی جیاواز و سەرتر بە خاوەنی زەوی و زار و موڵک دەزانی و غەیبەتی وشیاری و هزرێکی پرسیارساز دەبووە هۆی مەشرووعییەت و ڕەوابوونی وەها باوەڕێک لای کرێکار.
کرێکاری زگماک لەو کاتەوە لە دایک بوو کە باوەڕی هەبوونی توخمێکی بانسرووشتی و میتافیزیکی بە خاوەنکار و زەوی و موڵک پەیدا کرد.
خاڵی ئەفسووناوی و سەیر لەمە دایە کە لە قۆناغگەلێکدا ئەوەندی کرێکار پارێزەری خاوەنکار و بەرژەوەندی و هاوکێشەکانی بووە ئەوەندە خودی خاوەنکار و دەسەڵاتداری زەوی بە پەرۆش و خەمخۆر نەبوون.
ڕازی جاویدبوونی ڕەنجی کرێکار لە ئیمان و باوەڕی دایە بە “ناخود” و لە بێ ئیمانی دایە بە”خود”. واتە ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی تەماشای کەین بەشێک لە مێژووی چەوساندنەوەی کرێکاران پێی لە ناو میتافیزیک و سیستەمە ئایینییەکانیشە.
ڕەنگە بەم هۆ سایکۆلۆژییەوە بێت کە لەو هەموو بیرۆکە و تێزە زانستی و شیکارییانەی مارکس ڕستەی “ئایین تریاکی گەلانە” زۆرترین برەو پەیدا دەکات و دەکەوێتە سەر زاران. بەهەر حاڵ ڕەنگە ئەگەر مێژوو لە ڕوانگەیەکی فۆکۆییەوە واتە مێژوویەکی ناهێڵی و لادەرخواز و داشکاو (گسست) بخوێنینەوە بەشێکی زۆری مێژوو هێشتا هەر کرێکاران تێیدا ئامادەن.
=KTML_Bold=کرێکار نیشتمانی نییە؟=KTML_End=
وەک چۆن بەناوبانگە و مەیشوورییە و دەڵێن: کرێکار نیشتمانی نییە، دەکرێت بڵێم کرێکار خۆی نیشتمانێکە کە خێو و خاوەنی زۆرە، جگە لە خۆی! هەڵبەت لای من ئەم ڕستانە مانا و تەئویلی زۆر هەڵدەگرن و دەشێت خوێندنەوەیتری لێبکرێت و بە تایبەتی لەم ڕۆژگارەی ئێستەدا زۆر شت گۆڕاوە و زۆر گۆڕانی گەورەش بەڕێوەیە. کرێکاران هاوخوێنترین نەتەوە و هاوڕەنجترین چینی جیهانن و جوێکردەوەیان لە پلەی ڕەنجدا لە یەکدی هەڵەیەکی بنەماییە لە تیۆری و خوێندنەوەدا بەڵام لە ڕووی دۆخ و هەلومەرجدا کرێکاران جیاوازییان زۆرە، ئەو کرێکارەی کە جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانت “1984”دا و لە ناو سیستەمێکی چەوسێنەردا باسی دەکات زۆر جیاوازە لەو کرێکارەی کە ئیبراهیم ئەحمەد لە “بلە”دا باسی دەکات.
=KTML_Bold=کرێکاری کورد:=KTML_End=
لەم دەروازەیەوە دێمە سەر چەند وتەی کوورت لەسەر کرێکاری کورد. هەرچەندە ئەزموونی ئەم خوێندنەوەیەی من ناکرێت بێبەری بێت لە توخمگەلی تەجروبی کرێکاریکردنی خۆم. کەم کورد هەیە لە دونیا بە شێوەیەک کرێکاریی ئەزموون نەکردبێت. بۆیە ئەم خوێندنەوەیەی من ئەوەندە فامێکی کۆمەڵگەیی و هەرێمییە بۆ کرێکاری کورد، ئەوەندە لێکدانەوە و گێڕانەوەیەکی جیهانگیر و بانهەرێمی نییە بۆ “کرێکار” بە گشتی و چەمک و واتای “کار” بە تایبەتی. لە زمانی کوردی (دیارە بە پێی گەشەی کۆی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە/کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هێشتا زۆر نزم و هێواشە و ئەو گەشەیەش کە کراوە زۆر ئاڵۆز و لارسەنگە) وشەکانی ڕەنجدەر، زەحمەتکێش، کۆڵنەدەر (لە هەندێ وتاردا) ، بەشخوراو، تێکۆشەر …هاوواتا و هاو دەستی وشەی کرێکار بوون.
واتە بوونی کرێکار پەیوەست دەبێتەوە بە هێز و توانستی کارکردن و ئەو بوونەش لێرەدا واتای جەستە دەدات، جەستەیەک کە شوێنی نیشتەجێبوون و حاوانەوەی وەکوو هەرێم و جوگرافیایەکی بچووک (ژوور و هۆدە و…) و گەورە (دەوڵەت، دەسەڵات و…هتد) پێویستە بەڵام چ شتێک نیشتەجێبوون و حاوانەوەی کرێکار پەیوەست بە شوێنی و جێگای ژیان و ئاساییش مسۆگەر دەکات؟ یان چ شتێکمان پێویستە بۆ مسۆگەربوونی ئەم نیشتمان و هەرێمە؟ ئەگەر خوێندنەوەیەک لەو ڕستەیەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا بکەین: “کرێکاران نیشتمانیان نییە یان بێ نیشتمانن”، بکەم دەڵێم لێرەدا جیاوازییەکی بنەمایی لەنێوان”بێ نیشتمانی” و “نانیشتمان”ی هەیە کە لە پێکهات و مەدلوولەژێرەوانکێکانی ئەو ڕستەیەدا دەبینرێتەوە.
“نانیشتمانی” ئەزموونێکە کە لە هەناوی کرێکاری وشیاردا دێتە ئاراوە، وشیارییەک کە زۆرتر لە هەست و تێگەیەکی غوربەتئامێز دەچێت وەک ئەوەی بگەن بە فامێک کە خاوەن نیشتمان نەبوون، یان ڕزگاربوون لە خواست و ئارەزووی موڵک/نیشتمان”دار”بوون، وەکوو ئازادی و ڕزگارییەکی مرۆییە و لە جیهانێکی پێچەوانەی ئەوەدا غوربەت زۆرتر بۆیان زەق بێت، ئەم هەستەشە کە گرێدراویی و هەڵپێکراویی قووڵ لەنێوانیاندا بەدی دێنێت و پێگەی خەون و ڕەنجەکانیان بێ سنوور و جیهانگیر دەکاتەوە.
ئەوەی کە مەبەستمە پەیوەست بە کرێکاری کوردەوە بیڵێم ئەمەیە کە کرێکاری کورد بە کەمترین حاڵەت لەو نانیشتمانییە نێزیک بۆتەوە، ڕەنگە بەهۆی ئەوەی کە هیچ کات تامی نیشتمان و زەوی خۆی لە ژینگە و زێدی خۆی نەچێشتبێت یان زۆر هۆکاری دیکە وەکوو کایەی ئەو دەوڵەتە چەپانە لەگەڵ چەمکی کار و کرێکار لە جوگرافیا جۆراوجۆرەکانی جیهان و…هتد .
=KTML_Bold=بزووتنەوەی چەپی کوردی و کرێکار:=KTML_End=
تەنانەت بزووتنەوەی چەپی کوردیش وەک زۆر بزووتنەوەی چەپی دونیا بە تایبەتی ئەوانەی کە هاوشێوە بوون لەگەڵ دۆزی کورد، نەیانتوانی هەست و ڕۆحییەتێکی ڕاستەقینەی جێگر و جەماوەریی “نانیشتمانییانە” درووست بکەن بۆیە جەبرێکی مێژوویی ڕەوتی خەباتی سوسیالیزمی کوردی لە نانیشتمانییەوە بەرەو خەبات لەسەر “بێ نیشتمانی” و بێ بەش بوون لە زەوی و نیشتمان واتە وتاری ناسیۆنالیزم ملکێش کرد.
ڕەنگە ئەمەش بمانباتەوە بۆ تەفسێرێکی نامارکسی لە هیگل و خوێندنەوەی دووبارەی خودی هیگل و واتاکانی ڕۆحی ڕەها و خودئاگایی و …هەڵبەت ناشبێت کرێکاری کورد بە تەواوی لە ڕووبەری وتار و ڕەوتی چەپدا بناسرێت و بخوێنرێتەوە. هێشتا باس و فایلی نەکراوەی زۆر هەیە کە دەبێ بیکەینەوە تاکوو هەندێ لە واتاکانی “کرێکاری کورد”مان بۆ دەربکەوێت. وەکوو پێناسەی کار لە پێکهاتی کۆمەڵگەی کوردی، چینەکانی کرێکار، خاوەنکار، ئامێرەکانی کار، بێکاری و زۆر شتی دیکە.
=KTML_Bold=بیرەوەرییەکی سەردەمی زانکۆم:=KTML_End=
کوردێکی گەڕۆکی عەتر فرۆش: عەتری گوڵ، عەتر! عەتری گوڵ!
هاوڕێیانی غەیری کورد: چاو لەو کوردە، جوانترین و ڕۆمانتیکترین شتیش بفرۆشن، هەر کرێکارن!
من: ئێوە وا دەزانن خۆتان خاوەن کارن!…لەوەش خراپتر وادەزانن خاوەن کاریی بریتییە لە ” کامڵ”بوون…!
لە ڕوانگەی ئێستاتیکی-ئەدەبییەوە دەشێت بڵێین ئەو عەتر فرۆشانە بوون کە عەشقیان دەبەخشییە ژیانی خوێندکارانی ئەو سەردەمە. “ئەی ئەو عەترەی قەتارچییە ڕووخۆشەکانی شەو دەیکەن بە ڕێگاکان دا…ئەی عەشق..تاڵانم کە…قەسیدەی عەشق. بەختیار عەلی”.
وەکوو لە سەرەوە ئاماژەم بە واتا و دەلالەتەکانی کرێکار و پەیوەستبوونی بە ڕەنج و هێز و توانست و کرێ و…کرد لە ئاستی زمانیشدا پاش جیهانیبوون و ئەزموونکردنی لەناکاوی مۆدێڕنیتە لە کۆمەڵگەی هەلاهەلاکراوی کوردیدا گۆرانکاڕی جیاواز و سەیر هاتە ئاراوە.
دواجار
وەکوو وتم ئەم کارکردە زمانییە بەدەر لەوەی چ وتارێک بەرهەمی هێناوە و چۆن لە ماناکانی ئیش کراوە، نیشانەیەکی زەقە بۆ ئەوەی کە لانی کەم لە کۆمەڵگەی کوردیدا کرێکار واتاگەلی جۆراوجۆری هەیە. کرێکاری کورد دەبێت لە سەرەتادا پارچە عەرد و زەوییەکی هەبێت تاکوو خەونی کۆمەڵگەیەک ببنێت بۆ دابینکردنی مافی کرێکار و دەرەوەستی تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونەی لا بڕوێت، چوون وەکوو مارکس دەڵێت: سواڵکەر و بێ موڵک نابێت لە شۆڕش بترسن و دەبێت خۆیانی تێکەڵ کەن و بەشدار بن چوون هیچیان نییە لە کیسی بدەن. کرێکاری کورد دەشێت یان دەبێتێکی مێژوویی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، بەناوی”بێ نیشتمانی/زەوی/عەرد/موڵک/ماف/وشیاری…” چارەسەر بکات تاکوو بگاتە ئاستی “نانیشتمانی، ئازادی، دادوەری، دیموکراسی…”
بۆیە پێش هەر شتێک دەبێت لەسەر ئەم پرسیارە هەڵوێستە بکەین کە کرێکار کێیە و کرێکاری کورد چ تایبەتمەندیگەلێکی هەیە و لە ڕووی وشیارییەوە لە چ ئاستێک دایە؟ [1]