#جندێرس# بە خوێن نەورۆز پیرۆز دەکات
وڵاتپارێز و خەمخۆرانی کوردستان!
بەداخێکی گرانەوە، سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی 20ی ئازار، لە کاتی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی جەژنی نەورۆز لە جندێرسی ڕۆژاوای کوردستاندا، تیرۆریستانی ئەحرار شەرقیەی کرێگرتەی ڕژێمی تورکیا هێرشیان کردۆتە سەر هاونیشتمانییانی کورد و تەقەیان لێکردوون، بەهۆی ئەو تاوانەوە ژمارەیەک مرۆڤی کوردیان شەهید و بریندار کردووە. ئێمە لە کاتێکدا زۆر بە تووندی ئەو کردەوە تیرۆریستییە قێزەونە ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین و نەفرەت لە تیرۆریست و تیرۆرپەروەران دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ئەوانەی بانگەشەی پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەین، گوشار لە ڕژێمی تورکیا بکەن تا ئەو مرۆڤکوژانە ڕادەستی دادگا بکات، هەروەها خوازیارین ئەو دەوڵەتانەی باسی دیموکراسی دەکەن و بە قسەی خۆیان دژ بە داگیرکاری ڕادەوەستن، گوشاری لێبڕاوانە لە سەرانی تورکیا بکەن تا سوپاکەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژاوای کوردستان بکێشێتەوە و چیتر چەتە و گرووپی تیرۆریستی لە گیانی خەڵکی #سڤیل# و لاشەڕ بەر نەدات.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی کوردستان.
مردن و نەمان بۆ تیرۆریست و داگیرکاران.
#حزبی ڕزگاریی کوردستان#
#پارتی ناوەندی کوردستان#
#بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان#
کڵپەی نیشتمانیی کوردستان
#20-03-2023#
[1]