هەوار ئیسماعیل
فایق ئۆزتراک، گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایگەیاند، گوتەکانی #سەزگین تانریکوڵو# ، پەڕڵەمانتاری جەهەپە سەبارەت بە سوپای تورکیا قبووڵ ناکەن و ئەو بابەتە لەنێو پارتەکەیاندا دەخەنە بەر باس.
شەوی هەینی 08-09- 2023، سەزگین تانریکوڵو، پەڕڵەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا باسی لە تاوانەکانی سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان کرد و وتی، سوپای تورکیا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تۆمەتبارکراوە بەوەی لە پارێزگای ئامەد 15 هاووڵاتی لە هێلیکۆپتەر فڕێداوەتە خوارەوە.
فایق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە ڕۆژی شەممە 9ی ئەیلوول لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا وەڵامی پەڕڵەمانتارەکەی دایەوە و وتی لێدوانەکانی سەزگین تانریکوڵو، پەڕڵەمانتاری ئامەد (ئامەد) سەبارەت بە هێزە چەکدارەکانی تورکیا کە ڕووناکی چاوی میللەتەکەمانن، جێگەی قبووڵکردن نییە.
ئۆزتراک دەڵێت: ئەم پرسانە لە کۆمیسیۆنەکانی دەسەڵاتی پارتەکەیاندا دەخرێنەڕوو. هەمان ڕۆژ داواکاری گشتیی ئەنقەرە، لێکۆڵینەوەی لەبارەی سەزگین تانریکوڵو دەستپێکرد.
داواکاری گشتی ئەنقەرە دەڵێت بەهۆی گوتەکانی تانریکوڵو لە 8ی ئەیلوول لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵی تیڤی 100، بەپێی بڕگەی 216 ی مادەی 301ی یاسای سزادانی تورکیا، بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بە گەلی تورکیا و دەوڵەتی کۆماری تورکیا و دامەزراوەکانی دەوڵەت و هاندانی ڕق و دوژمنایەتی، لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە.
سەزگین تانریکوڵو لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نووسراوێکی فەرمی لە سۆشیاڵ میدیا وەڵامی داواکاری گشتیی ئەنقەرەی دایەوە و دەڵێ، ئەو لێکۆڵینەوەیەی داواکاری گشتی ئەنقەرە لە ڕۆژێکی پشوودا لەبارەی منەوە دەستی پێ کردووە و بۆ ڕای گشتیی ڕاگەیاندووە، نابێت پشتگوێ بخرێت.
تانریکوڵو سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکە نووسیویەتی داواکاری گشتیی ئەنقەرە بە ڕای گشتی ڕاگەیاندووە لێکۆڵینەوە لە دژی من دەستی پێ کردووە. لێرەدا دوو بابەت هەن؛ یەکەم؛ خۆبەخاوەنزانینی پەڕڵەمانتاران و سەرکردەکانی ئاکپارتی لەو پێشێلکارییە جددییانەی بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەلمێنراون، کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین و بەر لە دامەزراندنی ئاکپارتی بەرانبەر بە کورد کراون بە پاساوی بەردەوامیی کارەکانی دەوڵەت، جارێکی دیکە داننانە بەو ڕاستییەی ئاکپارتی خاوەنی نوێی دەوڵەتی قوڵە. دووەم؛ لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئەنقەرە کە دەبووایە بە دوای باند و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و گەندەڵکاراندا بڕوات، کەچی لە ڕۆژێکی پشوودا لەبارەی منەوە دەستی پێ کردووە و بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاندووە، نابێت پشتگوێ بخرێت.
تانریکولو هەروەها دەڵێت ڕاستییەکانی ڕابردوو بەپێی بارودۆخی سیاسی ئێستا ناگۆڕدرێن. لە خوارەوە بە کوورتی دوو کەیس باس دەکەم کە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سزای بەسەر تورکیادا سەپاندووە. یەکەم بڕیار سەبارەت بە ڕووداوەکەی تشرینی یەکەمی ساڵی 1993 یە لە شارۆچکەی پاسووری ئامەد، کە چۆن 11 گوندنشین لەدەستچوون. دەوڵەت نکۆڵی لەوە دەکات کە ئەم گوندنشینانە دوای ئەوەی بە هێلیکۆپتەر براون، دیارنەماون، بەڵام کەسوکاری ئەو 11 کەسە گەواهیدەری ئەوەن ئەوانە بێسەروشوێن کراون.
سەبارەت بە دۆسیەی دووەمیش پەڕڵەمانتارەکەی جەهەپە دەڵێت دۆسیەی دووەم بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە سەبارەت بە بۆردوومانی گوندەکانی کوشکۆنار (گەڤەر) و کۆچاگیلی (بێشوکێ) لە شرناخ و کوشتنی 33 گوندنشین بە فڕۆکەی جەنگی. ئەمانە بڕیاری من نین، بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپان.
سەزگین تانریکوڵو کە لە هەمانکاتدا پارێزەرە، شەوی هەینی 08-09 2023 لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، ڕەخنەی لە سوپای وڵاتەکەی گرت و ئاماژەی بەوە دا، بەگوێرەی ئەو دۆسیانەی لە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بەدواداچوونیان بۆ دەکات، سوپای تورکیا تۆمەتبارە بە فڕێدانی 15 گوندنشین لە هەلیکۆپتەرەوە.
تانریکوڵو وتیشی، فڕێدانی ئەو 15 گوندنشینە لە هەلیکۆپتەر، لە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا یەکلایی بووەتەوە، هەروەها هێزە چەکدارەکانی تورکیا گوندیان سووتاندووە و بۆردوومان کردووە.
گوتەکانی تانریکوڵو کاردانەوەی بەشداربووەکانی دیکەی بەرنامەکەی لێکەوتەوە کە لە ستۆدیۆ ئامادەبوون. ئەوان ئەو پەڕڵەمانتارەی جەهەپەیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە بری ڕەخنەگرتن لە پەکەکە، ڕەخنە لە سوپای تورکیا دەگرێت و بەردەوام بەها نەتەوەییەکان پشتگوێ دەخات، سووکایەتی و بوختانی ناشیرین هەڵدەبەستێت.
سەزگین تانریکوڵو لە وەڵامدا وتی، دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا هەشت بڕیاری یەکلاکەرەوەی لە بارەی دۆسیەی فڕێدانی 15 گوندنشین لە هەلیکۆپتەر دەرکردووە.
تانریکوڵو لەسەر کاردانەوەکانیان لە ئامادەبووانی پرسی، ئەو هەموو گوندە کێ سووتاندنی، ئەو سوپایەی کە لە ڕووسیاوە هاتبوو؟ ڕووداوەکانی ڕۆبۆسکی هێشتا تازەن، ئایا ئەو فڕۆکانەی کە لە ڕووسیا هاتن، یان ئەو فڕۆکانەی کە لە ئەرمینیاوە هاتن، ئەوان بۆردوومانیان کرد؟
ئەو پەڕڵەمانتارەی جەهەپەی ئامەد ئاماژەی بەوەدا، لێپرسینەوە لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەکەن، وتی هەموو کارێک کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەیکات دوور نییە لە ڕەخنە، ئێمە پەڕڵەمانتارین و لێپرسینەوە دەکەین. ئێمە بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە گومانانە لەسەر هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئەو لێپرسینەوەیە دەکەین.[1]