ناونیشانی بابەت: بۆچی وەک ئەو نیت!
بەراوردکردنی منداڵ بە یەکتر؛ هەڵەیەکی مەترسیدار
ئامادەکردن و نووسین: #لەیلا بەرزنجی#
ڕستەیەکی بێزارکەرە! ئەگەر خۆیشمان نەمانگوتبێ، ئەوا لە دەوروبەرەوە گوێمان لێ بووە؛ دەڵێ تۆ بۆ وایت! بۆ وەک هاوڕێکەت نیت؟ بۆ وەک خوشکەکەت یا براکەت نیت! تۆ کەی فێر دەبیت! بۆ هەوڵ نادەی وەک هاوڕێکەت بێت؟ بۆچی ناتوانی نمرەی بەرز وەربگری، مەگەر چیمان بۆ نەکردوویت؟ لە چیت کەمە، بۆ مێشکت ناخەیتە گەڕ! بۆ نابیتە یەکەم لە قوتابخانە! هەمیشە لە دواوەی! تۆ مێشکت پووتە! دەبەنگی! فێر نابیت! وەکو گەمژان ڕەفتار دەکەیت! ئەمە ئەو وشانەن وا دەکات کەسی بەرامبەر بڕووخێت لە هەر قوناغێکی ژیانیدا بێت؛ هەمیشە خۆی بە شکستخواردە و ڕووخاو و دواکەوتوو لە ژیان دێتە بەر چاو، کاردانەوەی وشەیی کەسە نزیکەکانی تیا دەردەکەویت؛ بەو هۆیەشەوە خۆی لە کەسە یەکەمەکان نادات؛ وەک ئەوەی بۆ ئەو نەبێت هاوڕێیەتی و نزیکییان لەگەڵدا ببەسێت، هەمیشە دوورەپەرێز دەبێ، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لەقاڵب داوە، ئێستا و داهاتووی بۆ خۆی دیاری کردووە؛ ئەمەش کە بەهۆی مامەڵەی هەڵەی دەوروبەرەوە دروست بووە و، کاری کردووەتە سەری، هەمیشە ئەوە دەخاتە ژیانیەوە کە ناتوانێ و، هەر لەبەر ئەوەشە ناتوانێت هەنگاوی باش بنێت و، بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی بۆ خۆی دابنێت و، لە هەوڵ و کۆششەکانی سارد دەبێتەوە؛ ئامانجێکی نابێت هەتا هەنگاوی بۆ بنێت،
نووسەر دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی دەڵێت:
ڕاستییەک هەیە و دەبێت هەموومان بیزانین، ئەویش ئەوەیە کە هیچ دوو کەسێک لەم جیهانەدا نادۆزرێنەوە کە لە هەموو شتێکدا وەک یەک بن، تەنانەت ئەو دوو کەسە ئەگەر جمک و دوانەش بن؛ ئاخر هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و جوگرافی و مێژوویی و دەروونی و ئابوورییەکان زۆر زۆر و ئاڵۆز و هەمەلایەنەن و جیاوازی دروست دەکەن؛ کەواتە هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکەین، ئەگەر منداڵەکانمان بەیەکتری بەراورد بکەین.
بەم هۆیەوە پێویسته لەسەر دایک و باوک ئەم ڕاستیه وەک خۆی قبوڵ بکەن، بەراوردی منداڵ بە یەکدی نەکەن، لەناو هاوڕێ و خزمەکانیان نەیانشکێننەوە؛ یەکێک بەسەر یەکێکی تردا فەرز نەکەن.
لە لایەکی ترەوە، وا ساڵی نوێی خوێندن و، کرانەوەی دەرگای قوتابخانە و ئامادەکاری بۆ ئەو کارە، نزیک دەبێتەوە، پێویستە لەسەر خێزان و، بە پلەی یەکەم لەسەر دایک و باوک، کە هاندەر و پاڵپشتی منداڵ بن؛ پلانیان هەبێت بۆ ژیانیان و هەوڵ بدەن ئامانجەکانیان بەدەست بهێنن و، کاتیان بەفیڕۆ نەدەن؛ ئەوەش قبوڵ بکەن کە منداڵ هەمووی وەک یەک نیە؛ توانا شاراوەکانیان بدۆزنەوە هەتا بتوانن منداڵەکانیان لەسەر ئەو کارە ڕابهێنن، کە منداڵ ئامانجیەتی و ویستی ئەوی تێدایە، نەک ئەوەی ئەوان چییان دەوێ. چونکە هەموو منداڵێک لە شتێکا بلیمەتە و توانای هەیە هەتا خۆی بەرەو پێشەوە ببات تێیدا، نەک ئەوەی دایک و باوک تواناکانی بەکەم ببین؛ با هەمیشە گەورەیی بنوێنن بۆ ئەو کارەی کە منداڵ ئاسوودە دەکات؛ هەوڵ دەدات گۆڕانکاری لەخۆیدا بکات، خۆی بەرەو پێشەوە ببات؛ بە پێچەوانەوە کاتێک ویستی منداڵەکەت بەرز نەنرخاند و سەرزەنشتت کرد بۆ ئەو تواناییەی هەیەتی یاخود کارەکەیت بچووک کردەوە، ئەوکات بەبێ ئەوەی تۆ هەست بکەی منداڵەکە خۆی بەرەو بچووکبوونەوەیە و پووکانەوە دەڕوات، ڕەنگە تواناکەی لەدەست بدا نەک لەو کارە بەڵکو لە هەموو کارەکانی تری ژیانیشی.
جا هەر ئەو منداڵە هەنگاو دەنێ بەرەو قوتابخانە سەیر دەکات مامۆستاش هەمان کاری خێزانی لەگەڵ دەکات! لەو کاتەدا دەرگای دووەمیشی لێ دادەخرێ و، ئامانجێکی نامێنێ هەتا هەوڵی بۆ بدات، ئومێدی بۆی هەبێت؛ ڕۆژەکانی بەڕێ دەکات بەبێ ئەوەی بزانێت داهاتووی چی دەبێت. ئەگەربێتو دایک و باوک لەگەڵ ماڵی دووەمی کە قوتابخانەیە ئامادەکاری و ئامادەسازی بکەن بۆ ویستی منداڵ و هاندەر و پاڵپشت بن، ئەو کات منداڵ جیاوازتر دەبێت و پڕۆگرام و بەرنامەی جیاوازتری دەبێ؛ دەزانێ دوایی دەگاتە کوێ؛ هەنگاوەکانی تێکەڵ ناکات، ڕێگای ڕۆشن دەبێت.
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە کتێبی (سایکۆلۆژیا و پەروەردەی منداڵ) ەکەی (د. کەریم شەریف قەرەچەتانی) وەرگرتووە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بە هیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=