جەنگی درۆنەکان و ئاییندەی کوردستان
کەمال محەمەد
درۆن ئەو چەکەی بە هیچ یاسایەک نابەسترێتەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کردووە، ئێستا بەکارهێنەرانی درۆن لە ناوچەکە دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسان و سەرکەوتووانە دەستوەردانەکانی هەژمونگەرایی خۆیان ببنەوە و ئامانجەکانیان بەدەست بهێنن، بێگومان سیاسەتی نایەکسانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری لە خۆرهەڵاتی ناوین ڕۆڵێکی دیارکەر لە ناوچەکە و جۆری ئەم چەکانە دەبینێت کە چۆن لەگەڵ هەڵکشانی ئەو مۆدێرنێتە ئەم جۆرە لە چەکانە وەک پۆلینێکی نوێ هاتۆتە بازاڕەوە ئێستای جەنگی درۆنەکان گوزەرکردنە بۆ جەنگی ئاسمانی و چاودێریکردنی نەیارەکانیان و بەکارهێنانی سنوورنەناسانەی تەکنەلۆژیایە لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، جەنگی درۆنەکان خەسڵەتێکی تایبەتیان هەیە بۆ بەکارهێنەرانی چونکە بەو پێیەی لە کوێ نێچیرەکان سەخت و شاراوە بوبن ئەم جۆرە لە چەکە ئاسانتری کردون بۆیان.
کاریگەرییەکانی ئەم چەکە لە جیهاندا ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری هەیە بەو پێیەی زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە بوون بە خاوەنی و چەندین وڵاتی دیکەش داوای بەدەستهێنانی دەکەن ئەمەش هەنگاوێکی تری یاخیبوونی جەنگی زەمینییە بەرەو تەکنەلۆژیای نوێ لەنێو گۆڕانکارییەکانی جیهاندا، هەرێمی کوردستانیش لە ڕووی سۆسیۆمێژووییەوە ڕێگەی پێ نەدراوە شادی و شکۆی بوون و خاکەکەی ببینێت و هەمیشە نیشانەگیراوە لە کێشە و دژیەکی و نەهامەتییە خوڵقێنراوەکانی دەستی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری و تەکنەلۆژیای جەنگ، ئەوەی لەم سەردەمەدا دەبینرێت ئەو جەنگە نابەرانبەرەی چاودێریکەر و چاودێریکراوە، ئێستا درۆنەکان جەنگەکان یەکلایی دەکەنەوە، ناوچەکە ڕۆژانە بە درۆنەکانی تورکیا و ئێران ڕۆژانە تاقی دەکرێتەوە لە ڕێگەی هێزە نزیک و یارەکانیانەوە.
جەنگی درۆنەکان ئەمڕۆ سیاسەتی بەسیخوڕکردن و لەناوبردنی نەیارەکانە و سەپاندنی نەزمی نوێ و ئەو سیاسەتەیە کە بەپێی خواست و ئامانجی هێزی بەکارهێنەرە لەنێو خاکی بەکارهێنراودا، هەرێمی کوردستانیش بەشێکی دیاری ناوچەکەیە و ئەگەری نیشاندانی زیاترە لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و سیاسەتی پشت پەردەی جەنگەکانی ناوچەکەوە و ڕۆژانە بەر هێرشە درۆنییەکان دەکەوێت، ئێستای هەرێمی کوردستان هەر ئەوە نییە کە مۆنۆپۆلی تەواوی لە هەموو بار و بوارێکدا بۆ وڵاتانی هەرێمی هەیە بەڵکوو هەرێمێکە بەمانای هەبوونی هەژمونی هێزی وڵاتان و دامەزراوە گەلێ جیاواز لە دیدی هێزە نەیارەکانەوە، بۆیە هەرێمەکە لە مەودادا دوور نییە دوکەڵ و گڕی نوێ بە خۆیەوە نەبینێت و ببێتە مەیدانی ئەو پاوانخوازییەی کە وڵاتان هەوڵی بۆ دەدەن و ناوچەکە ببێتە شەڕی برێگرتەیی زلهێزەکان و دیوێکی تری جەنگی حەماس و ئیسرائیل و غەزەیەکی تر بهێننە کایەوە!.
هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی دیاری خۆرهەڵاتی ناوین بەرەو نائارامییەکی تاریک هەنگاو دەنێت، ڕۆژانە ئەم خاکە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا هەواڵی هاویشتنی موشەکی درۆنەکانمان پێ دەدات، درۆن ئەو چەکەی کە دزە دەکاتە نێو کون و کەلەبەرەکان بەشێوەی شەڕێکی شاراوە و نادیار جەنگی درۆنەکان قڕکردنی جەستەیی و گەوهەری خەڵک و خاکەکەیە کە چەندین جار جەنگەکانی دیکەی تێپەڕ کردووە، لە جەنگی درۆنەکاندا دەستنیشان کردنی هاوسەنگی ئاستەمە چونکە ناوەرۆکی پێگدادانەکە هەرێمی کوردستانە کە شوێنێک نییە و لە ڕەوشێکی وەهادا نییە کە هێزبەخش بێت بۆ خودی خۆی بەردەوامی جەنگی درۆنەکان دوور نییە گەل بەرەو بێچارەیی و وڵات بەرەو وێرانەیی و نەتەوە و کۆمەڵگەش دوور نەخاتەوە لە ئاسوودەیی چونکە تەلاری حکومڕانی هێندە قاییم نییە بەرگەی ئەو هەموو درۆنانە بگرێت کە ڕوو لە خاکەکەمان دەکرێت، بۆیە لە هەر گۆشەیەکەوە هێمای هاوکێشەکە دەبینین دەکەوینە بەر یەکێک لە پێشبینییەکانی قۆناغی دابەشکاری ڕۆژهەڵاتی ناوین. [1]