چاودێڕێکی سیاسی باس لەوە دەکات، سەرۆکایەتیی ھەرێم و کۆمیسیۆن ھاوڕان بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان پێش کۆتاییهاتنی وادەی کۆمیسیۆن ئەنجام بدرێت و دەشڵێ، کۆمیسیۆن ئامادەیی خۆی نیشان داوە و بڕیارە #سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان# ئەم جارە وادەیەک دیاری بکات کە ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و چیتر دوانەخرێت.
عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی و ئەندامی خولی پێشووی پەڕڵەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی، کۆمیسیۆن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە ھەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لە مانگی ئایار ئەنجام بدەن، چونکە مانگی حەوت وادەی ئەوان تەواو دەبێت وەکوو کۆمیسیۆن، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت بڕیاری چی دەبێت و دواتر سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان وادەیەکی نوێ دیاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بۆیە ڕای ھەردوو لایەن ئەوە بوو بتوانن وادەیەک دیاری بکرێت و بتواندرێت ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
بەرواری ڕوونیشی دەکاتەوە: ئەم جارە بە جۆرێک لە جۆرەکان وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت، چونکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و دوو جاریش بە ئەرکی خۆی ھەڵساوە کە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ئەرکێکی نیشتمانییە و گرنگیی خۆی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: جێگەی داخە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم باسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەکەن، بەڵام ھەر ئەو لایەنانە پڕۆژەیان پێشکەش کردووە یاسای ھەڵبژاردن بگۆڕن و ئامادە نەبوون بگەنە ڕێککەوتن و دواتر پەنایان بردە بەر دادگا، ئەگەر نا #پارتی دیموکراتی کوردستان# ئامادەیە و پێشتر داوای کرد پڕۆژەیەک پێشکەش بکرێت و ھەڵبژاردن دوانەخرێت و لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ ئەوەی ھەر کاتێک بێ ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. [1]