سکرتێری مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، باسیان لە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و ڕەوشی سیاسیی کوردستان و ئێراق کرد، یونادم یوسف کەننا، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی پەسەند بووە لە پێکەوەژیانی مێژووییانەی پێکهاتەکان کە ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لەم بوارەدا.
ئەمڕۆ سێشەممە #07-06-2022#، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە #پیرمام#، #فازڵ میرانی#، سکرتێری مەکتەبی سیاسی، پێشوازیی لە شاندێکی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری بە سەرۆکایەتیی یونادم یوسف کەننا، سکرتێری بزووتنەوەکە کرد.
لە دیدارەکەدا فازڵ میرانی، وێڕای بەگەرمی بەخێرهاتنیان، تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و ئێراق و ئاڵۆزییەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی ئێراق و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی تازەی ئێراق.
فازڵ میرانی باسی لە ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و هەنگاوەکانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی کوردستان کرد.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە: ''سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرقەراربوونی پێکەوەژیانە لە کوردستان و ئەوەی مافی هەر تاکێک پارێزراو بێت و هاووڵاتیی کوردستان چۆن مافی هەیە، ئەرکیشی هەیە و دەبێت هەموومان کار بکەین بۆ ئەم چەندە و لە خزمەتی گەلی کوردستاندا بین.''
لە دیدارەکەدا یونادم یوسف کەننا زۆر سپاسی مەکتەبی سیاسیی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ئاماژەی بەوە دا: ''کە پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری پەیوەندییەکی مێژووییە، بەتایبەت لەنێوان گەلی کورد و گەلی ئاشووریدا کە هەزاران ساڵە بەئاشتییانە و وەک برا ژیان دەبەنە سەر و ئەمە جێگای سەرفرازییە بۆ کوردستان.''
یونادم یوسف کەننا ڕۆڵی سەرکردایەتیی پارتیی پەسەند کرد کە ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە لەو پێکەوەژیانەی فەراهەم بووە لە هەرێمی کوردستان و هیوای خواست کە ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام بێت بۆ زیاتر لە یەکتر تێگەیشتن. [1]