پۆستەبەر
لە باڵکۆنەکە لەسەر کورسیەکی خەنەیی دانیشتووم
قاچەکانی ستیلن
جار جار هەڵدەستم بە سوراحیەک ئینجانەکان ئاو دەدەم
تراکسودێکم لەبەردایە ڕەنگی شینە
نەعلێکی سپی
کتێبێکم بە دەستەوەیە بەرگی پەمەییە
دوور بە دوور دەڕوانمە ئەو ڕێگایەی پۆستەبەری تیا دەردەکەوێ
پۆستەبەر پیاوێکی بەلەباریکەی سەر سپی ڕەشتاڵەیە
عەینەکێکی پزیشکی لە چاوایە
بە سواری بایسکل دێت و
جانتاکەی بە سوکانی بایسکلەکەیدا، شۆڕ کردۆتەوە
درەنگ کەوت..
بڵێی کەسێک دەستی چووبێتە پۆستەبەر و
نامەکانی خوێناوی کردبێت!
سوراحیەکەم لە دەست بەربۆوە و هەلاهەلا بوو.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]