یەقین
1
لە ساڵی تازەدا هیچم پێ نییە بەتۆی ببەخشم،
جگە لە کۆمەڵێ گەڵای ڕژاو و
چەند تنۆکێ باران.
هیچم پێ نییە،
جگە لەو پۆلە برینەی، کە جەنگ لەدوای خۆیا، لەشەڕگەدا، بەجێی هێشتوون
دەزانم تۆش لە ساڵی تازەدا، هیچت پێ نییە بیکەیتە دیاری
جگە لە ڕستێک فرمێسک و
ڕێژنەیەک هەناسەی سارد
2
حەز دەکەم ئەوە ئەزموون کەم
ساڵێک ژنەکەم جێمبێڵێ،
نە تێلم بۆ بکات و نە سەرو سۆراخێکی بزانم.
واتێ دەگەم هەتا ئەو دەگەڕێتەوە؛
هەموو شووشەی پەنجەرەکان شکاون
هەموو ئینجانەکان درزیان بردووە
هەموو تابلۆکان بەربوونەتەوە خوارێ
لانەی پەڕەسێلکەکان تێک دراون
سەعاتی سەر دیوارەکە وەستاوە
حەز دەکەم ئەوە ئەزموون کەم
ژنەکەم تا هەتا جێم بهێڵێت.
3
شتێک خودا و
بڕێک پێغەمبەرەکان و
نەختێک لە کتێبە پیرۆزەکانت تێدایە.
بەبێ تۆ هەموو شتێک جێی گومانە!
سپاس کە تۆ یەقینت پێ بەخشیم.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]