دوعا
1
من نەبووم بە ژنی ناو فڕۆکەکە بڵێم بەیانیت باش خانم،
ئەوە دلۆپێک شەونم بوو بە پەلکەگیای گوت.
2
چەندە جوان دەبریقێیتەوە ، ئەوە من نەبووم بە کچی ناو مەسعەدەکە بڵێم،
ئەوە سپیدە بوو بە تاڵە تیشکی گوت.
3
گوتی دانیشە و سەر بەقۆڵی نەرمم بکە و کەمێک پشوو بدە،
من نەبووم بەژنی ناو پاسەکە بڵێم، کە بە پێوە وەستابوو،
گۆمێکی مەند بوو بە شەنگەبییەکی گوت
4
گوتی چەند خڕوخۆڵ و لووسن، ئەوە من نەبووم، لە قەراخی دەریادا، بە سینگ و بەرۆکێکی ڕووتی بڵێم ،
چۆلەکە بوو بە سێوی سەر لقەکەی گوت
5
گوتی پەلە مەکە بەیەکەوە سەردانی باخچە دەکەین،من نەبووم بەژنی باخچەوانەکە بڵێم،
پەپوولە بوو بەهەنگی گوت.
6
گوتم دابەزە ، تاوێ وەرە باوەشم،گوتی پەیژەی تریفەم گوم کردووە ناتوانم بێمە خوار،
من نەبووم بە ژنی بەر پەنجەرەکە بلێم،
کانی بوو بە مانگی گوت.
7
گوتم چەند کارامە شمشاڵ دەژەنی دەڵێی بۆ ئەوە خوڵقاوی ، من نەبووم بەقالە مەڕە بڵێم،
دارکونکەرەبوو بە قامیشەڵانی گوت
8
گوتی بەدوعا،
ئەوە دایکم نەبوو لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەوە دەستدەرێنێ و ماڵئاواییم لێبکات،
ئەوە گەڵایەکی وەریو بوو بە لقی درەختێکی گوت.
9
خۆشمدەوێی..
ئەوە ئەسپ نەبوو بە حیلەی گوت،
ئەوە من بووم بە تۆم گوت!
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]