جیاوازی
1
بەفر دەبارێ..
ئێستا دراوسێکەم؛
یا قاوە
یا چا
یان شیر دەخواتەوە.
من هاتومەتە بەر پەنجەرەو وێسکی دەنۆشم
2
دراوسێکەم پرچی ڕەش دەکاتەوە..
من کە بەسەری سپیەوە ڕێ دەکەم
هەست دەکەم شاخی قەندیلم و بەسەردان هاتومەتە شاری
3
ئەو، کەو بەخێو دەکات و
سپیدان گوێ دەداتە قاسپە قاسپ
من شیعر پەروەردە دەکەم و
هەموو بەیانیەک ترپە پێی قەسیدەیەکی نوێ دەبیستم.
4
دراوسێکەم جگە لە ژنەکەی خۆی،
ژنێکی دیکەشی خۆش دەوێ
من تەنیا ژنەکەی خۆم
5
ئەو دوو ماڵی هەیە، ماڵەکەی خۆی و ماڵی خودا.
منیش دوو ماڵم هەیە، ماڵەکەی خۆم و مەیخانەیەکی سەرخۆش.
ئەو هەر ڕۆژە بە دوای حزبێکا ڕادەکات
من،
تەنیا بە دوای نیشتمانەکەمدا.
6
ڕۆژانی هەینی دراوسێکەم،
نەعلێک بەسەر پێیەوە دەکات و دەچێ بۆ مزگەفت
من تراکسودێک و کالەیەک دەکەمە پێم و دەچم بۆ وەرزش.
7
ئەم بەیانیە لەناو مەسعەدەکە توشی یەک بووین
من قاپووتێکی ڕەش و ملپێچێکی سپی
ئەو قەمسەڵەیەکی سپی و
ملپێچێکی ڕەش
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]